وەزارەتی كارەبای هەرێم دەڵێت، لە پسووڵەی كارەبای مانگی رابردوو بڕی 3.2 ملیار دینار داشكاندن بۆ ئەو هاوبەشانەی كارەبا كراوە، كە لە رێگەی ئی پسووڵەوە پارەی كارەبایان داوە.

وەزارەتی كارەبای هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە پسووڵەی كارەبای مانگی ئادار بڕی 3.2 ملیار دینار داشكاندن بۆ ئەو هاوبەشانەی كارەبا كراوە، كە لەرێگەی ئی پسووڵەوە پارەی كارەبای مانگی شوباتیان داوە و داشكاندنی ٪20 ـیان بۆ كراوە لە پسووڵەی مانگی ئادار.

ئەوەشی خستووەتەڕو، ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە بڕی داشكاندنەكەیان زیاتر بووە لە پسووڵەی كارەبای مانگی ئادار، بڕی ئەو داشكاندنەی كە ماویانە لە قەرزی پێش پرۆژەی رووناكی دەردەكرێت.

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی سوودمەندبوون لە داشكاندنی ٪20، 133 هەزار هاوبەشە و بە تێكڕاش هەر هاوبەشێك 24 هەزار دیناری بۆ گەڕاوەتەوە لە پسووڵەی كارەبای مانگی ئادار، ژمارەی ئەو هاوبەشانەشی پسووڵەكەیان بووەتە سفر 20 هەزار و 600 هاوبەش بووە، دەشڵێت، تاوەكو ئەمڕۆ 5.5 ملیۆن هاوڵاتی كە دەكاتە 85٪ی هاوڵاتییانی هەرێم كارەبای پرۆژەی رووناكیان پێگەیشتووە.