دەزگای ئاسایشی هەرێم: تۆمەتبارێک دوای روبەڕوبونەوەمان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
سام
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر دوای ئەوەی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر هەوڵی دەستگیرکردن و پشکنینی ماڵی تۆمەتبارێک دەدەن، تۆمەتبارەکە روبەڕوی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندووە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر سەعات 4ـی پاشنیوەڕۆی 28ـی 4ـی 2026، لەکۆیە بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر، هەوڵی دەستگیرکردن و پشکنینی ماڵی تۆمەتبارێک دەدەن بەماددەکانی (430 و 238) لە یاسایی سزادانی عیراقی، بەڵام تۆمەتبار بەچەکی جۆری 'دەمانچە' روبەڕوی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە و دوای ئەوەی چەندین جار داوای لێ دەکرێت خۆی رادەست بکات، دووبارە تۆمەتبار روبەڕوی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە و هەوڵی هەڵاتن دەدات، سەرئەنجام بە دەمانچەکەی کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت: تۆمەتبار (عیرفان عەبدولعەزیز) تەمەن 47 ساڵ لەماوەی رابردوودا، دووجار بەبڕیاری دادوەر لەلایەن بەشی پۆلیسی کۆیە ئاگاداردەکرێتەوە کە داواکراوە بە ماددەکانی (430 و 238)، بەڵام تۆمەتبار رەتیکردوەتەوە خۆی رادەستی یاسا بکات.



