قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی روسیا کۆبووەوە
محەمەد رزگار
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە لەبارەی رەوشی ناوچەکە و عیراق گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی ناوچەکە و قۆناغی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران کرا، هەردوولا هیوایان خواست لەم قۆناغەدا ئەو دوو وڵاتە بتوانن لەڕێگەی دیپلۆماسی و دانووستانەوە ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا رەوشی عیراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لەم رەوشەدا پڕ لە گرژییەی ناوچەکەدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و راسپاردنی سەرۆک وەزیران هەنگاوێکی ئەرێنییە و هیوای خواست سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو سەرکەوتووبێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت و عیراق بە دوور بگرێت لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە.
بە پێویستیشی زانی حکومەتی نوێ هەوڵی جدی بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بەپێی دەستور بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.



