قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامان و بەرپرسانی سەرجەم لقەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (29/4/2026) بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کە لە ساڵی 2023ـەوە بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو، دەست کراوە بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی.

دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ورد، دەرکەوت لە دوای دەستپێکردنی چاکسازییەکان، لە ئێستادا پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیایەک کە پێشتر نزیکەی دوو مانگی دەخایاند و 31 هەنگاوی پێویست بوو، کورتکراوەتەوە بۆ 24 کاتژمێر و بە شێوەی ئۆنلاینیش تۆمار دەکرێت، جگە لەوەش تێچووی تۆمارکردن بۆ 160 هەزار دیناری عێراقی کەم کراوەتەوە.

هەروەها چاکسازییەکان ئاسانکارییەکی زۆری بۆ گەنجان و ژنان دابین کردووە و لە دوو ساڵی رابردوودا رێژەی تۆمارکردنی کۆمپانیا لەلایەن ژنان و گەنجانەوە زیادی کردوە.

باس لەوەشکرا دانانی یەکەی تۆماری کۆمپانیاکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەنیشتمانییکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم و ئاسانکاریی زۆری کردووە لە پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی کرد لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسان و سەرجەم فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کە زۆر بە باشی پلانی چاکسازییان جێبەجێ کردووە و بەبێ جیاوازی و بە شێوەیەکی پیشەیی خزمەتی هەموو هاوڵاتییانیان کردووە.

راشیگەیاند پرۆسەی چاکسازی لە تۆمارکردنی کردنی کۆمپانیاکان، یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی چاکسازی لە کابینەی نۆیەمدا و کاریگەری بەرچاوی دەبێت لە گەشەپێدانی ئابووریی کوردستاندا.

بەڵێنیشی پێدان بۆ هەنگاوی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە بریتییە لە بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان هاوکار و پشتیوانیان دەبێت لە چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک کە رووبەڕوویان ببێتەوە.

تا ئێستا زیاتر لە 43 هەزار کۆمپانیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە تۆمار کراوە و لە ژمارەیە نزیکەی 15 هەزاریان بەرکار و چالاکن.