قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "زۆر پەرۆش و دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی دانیشتووی چەمچەماڵ و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە لە لافاوەکەی ئەمڕۆدا. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم".
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
زۆر پەرۆش و دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی دانیشتووی چەمچەماڵ و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە لە لافاوەکەی ئەمڕۆدا. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم.
لەگەڵ بەڕێز رەمک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتین و رامسپاردن هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان.
بەهۆی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
قائیمقامییەتی چەمچەماڵ راگەیەنراوێکی لەبارەی لافاوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی لافاوی چەند سەعاتی رابردووی قەزای چەمچەماڵەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و چوار هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە ئەرکدان و ئەوەی لەتوانای ئیدارەی چەمچەماڵ بێت درێغی ناکات.
قائیمقامییەتی چەمچەماڵ بەناوی ئیداراتی قەزای چەمچەماڵەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاراسەی بنەماڵەی کۆچکردووان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
بەهۆی بارابارینی زۆرەوە لافاو بەشێكی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەقەزای چەمچەماڵیش بەهۆی لافاوەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە رێگای كەركوك-چەمچەماڵ بە تەواوی داخراوە، هەروەها بەهۆی لافاوەكەوە پیاوێكی 53 ساڵ گیانی لەدەستدا.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان بەناوی بۆکان بەشارەت بەهۆی لافاوەکەوە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ گیانی لەدەستداوە.
هاتوچۆی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات رێگای سەرەكی بازیان سلێمانی بەپێچەوانەوە بەكارنەهێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشێوەیەكی كاتی بازگەی تاسڵوجە بەڕوی شۆفێراندا داخراوە.
لەلای خۆشیەوە، سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لەبارەی دروستبونی لافاو دەڵێت؛ : لەکاتی هەبوونی حاڵەتی نەخوازراو و دروستبونی لافاودا پەیوەندی بە ژمارە 100 ەوە بكەن.
هاوکات پەیامنێری كوردسات نیوز ئاشکرایکرد، لە ناحیەی پیرەمەگرونیش لافاو دروست بووە.
هەروەها جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن، داواش دەکات شەقامەکانی دەرەوەی سلێمانی بەکارنەهێنن.
ئارام نەجات سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تیمەكان بەسەر گەڕەكەكان دابەشكراون و تیمەكانی سلێمانی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوكاری.
وتیشی، لە ناحیەی شۆڕش دوو كەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت، ئامێرمان ناردووە بۆ گۆڕینی رێڕەوی لافاوەكە.
بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەلێزمە هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات رێگای سەرەکی بازیان بە ئاڕاستەی سلێمانی بە پێچەوانەشەوە بەکارنەهێنن تا ئاساییبوونەوەی رەوشەکە.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا داوا لە شۆفیران دەکات، بەھۆی باران بارینی زۆر و بەلێزمە ئاستەنگێکی زۆر دروست بووە لە شاڕێی سەرەکی بازیان بە ئاراستەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە بەتایبەت نزیک چێشتخانەی کانی شەیتان و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و ئۆتومبیلەکانیان داواکارن تا ئاسایبونەوەی رەوشی کەش و ھەوا ئەو شەقام و شارێیە بەکارنەھێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر فەرمانی پارێزگاری سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی بازگەی تاسڵوجە بەروی شۆفێراندا داخرا ، و رەوشەکە لەژێر چاودێریدایە و بەئاسایی بونەوەی رەوشی کەش وھەوا ھاتوچۆ ئاسایی دەکرێتەوە، لەرێی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری بڵاو دەکرێتەوە.
هاتوچۆی سلێمانی لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا هاووڵاتیان دەتوانن لەرێی ژمارەی کۆنترۆڵی ھاتوچۆی سلێمانی 188 داوای ھاوکاری بکەن .
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بارانبارین بەردەوام دەبێت و ئەگەری بەفربارینیش هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەور و کاریگەری شەپۆلی باران بارین بەردەوام دەبێت لەسەرجەم ناوچەکە، لەسنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک بارانی مامناوەند دەبێت و دابارین بەشێوەی لێزمە بارانی پچڕ پچڕ و هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، لەکاتی لێزمە باران ئەگەری هەورە بروسکە هەیە .
ئەوەشی خستەڕوو، لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین بارانی بە لێزمە و بەخوڕ دەبارێت لە زۆربەی کاتەکان، لەگەڵ هەورە بروسکە و زیادبوونی خێرای با، هەندێ کات بە هۆی بارانی بە لێزمە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە بەدرێژایی رۆژی سێ شەممە لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ چوارشەممە لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری شەپۆلی باران بارین ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک هەندێ کات نمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت.
راشیگەیاند، لە سەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە، هەروەها لە کاتەکانی بەرەبەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین هەندێ کات لێزمە باران دەبێت،تا کاتەکانی نیوەڕۆ، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە سەر ئەم ناوچانە دەمێنێتەوە، پاشان کاریگەری شەپۆلی باران بارین لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لەسەرجەم ناوچەکە لاواز دەبێت .
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و موچەی مانگی 11 و 12 نافەوتێت.
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی دەستپێدەكاتەوە، دەبێت ئەركی یەكەمی كابینەی دەیەم داڕشتن و پەسەندكردنی بودجە بێت.
سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ بەغداد وتی، كۆبوونەوەكان باش و دۆستانە بوون و یەكێتی دیدی خۆی پێشكەشی لایەنە سیاسییەكانی عیراق كرد، هەروەها وەك یەكێتی باوەڕیان بە عیراقی بەهێز هەیە و بەشێك دەبن لە داڕشتنی سیاسەتێك بۆ داهاتووی عیراق. وتیشی، كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، وەك یەكێتی باوەڕمان بە عیراقێكی بەهێز هەیە و پڕۆژەی ئێمە بۆ هەموو عیراقە نەك تەنها كوردستان
لەسەر موچەش وتی، موچەی مانگی 11 و 12 نافەوتێت.
سەبارەت بە ئاستی وەبەرهێنان لە سلێمانی وتی، لە ئاستێكی زۆر باشدایە و گەشەی ئابوری لە سلێمانی لە پێشەنگدایە.
" لەگەڵ پارتی دوو حزبی ركابەرین و ئاساییە كە كێبڕكێی یەكتر بكەین"، قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت.
ئەمڕۆ بە بەشداری قوباد تاڵەبانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان،کۆڕبەندی وەبەرهێنان بەرێوەدەچێت، تێیدا قوباد تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، زۆرینەی کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆڕبەندەکەدا رایگەیاند، بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ خێراترکردنی پڕۆژەکان لە سلێمانی، هەروەها دەرفەتی زیاتر دەدرێتە قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چالاکردن و بەرەوپێبردنی ئابوری.
وتیشی، کەرتی تایبەت رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان و هەمووان لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان کاردەکەن.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە وەبەرهێنان و کارکردن لە پڕۆژەکان لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، چەندین دەیەیە سلێمانی خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی ئەمنییە ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشبووە بۆ بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان.
ئەوەشی خستەڕوو، سلێمانی ژینگەیەکی لەبارە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کار بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەکان دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند، سلێمانی بووەتە پایتەختی وەبەرهێنان و کارسازی بۆ هەموو عیراق، دەشڵێت، کاردەکەن لەپێناو گەشەکردنی ئابورییەکی هەمەجۆر و مۆدێرن و کەمکردنەوەی رۆتین و زیاترکردنی شەفافیەت.
کۆڕبەندەکە لە هۆڵی کارگەى جگەرە لە سلێمانى لەلایەن رێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) و یەکەی وەبەرهێنانی سلێمانی رێکخراوە، مەبەست لە بەڕێوەچوونیشی بۆ بەستنەوەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بە رێکخراوی IFC و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی دەدات و پشتگیری لە هەمەچەشنکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت دەکات.
رێکخراوی (IFC) کە ساڵی 1956 دامەزراوە و زیاتر لە 100 وڵات کار دەکات و ئەندامێکی سەرەکیی بانکی جیهانییە، لە ساڵی 2005ـەوە لە عیراق کار دەکات و بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتەکانی بانک، بازرگانی و کشتوکاڵ کردووە و 28 هەزار هەلیکاری رەخساندووە.
کەشناسی هەرێم بڕی بارانبارینی 24 سەعاتی رابردووی هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە لە سلێمانی زیاتر 60ملم و لە دهۆکیش 23ملم بارانباریوە.
بەپێی ئامارەکەی کەشناسی هەرێم، لە 24 سەعاتی رابردوودا بڕی بارانبارین بەمشێوەیە: چەمچەماڵ 81.2 ملم، سلێمانی 61.3 ملم، شەقڵاوە 22.6ملم، نازەنین 62.5ملم، شەمامک 20.5ملم، دهۆک 23.6، زاخۆ 12.9ملم.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، لە 24 سەعاتی رابردوودا بڕی 54ملم باران لە پارێزگاکە باریوە، هەروەها لە سیروان 70.5 ملم، خورماڵ 61.5، بیارە 72ملم، تەوێڵە 53.8 ملم باران باریوە.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئیدارەی راپەڕین ئاماری بارانبارینی ناوچەکەی بڵاوکردەوە، کە ئامارەکە بەم شێوەیەیە، رانیە 83.3ملم، قەڵادزێ 82ملم، حاجیاوا 102ملم، چوارقورنە 92ملم، سەنگەسەر 80.8 باران لە 24 سەعاتی رابردوودا باریوە.
لە مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 660 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی دڵیان لە سلێمانی کردووە و زیاتر لە 650 بوژانەوەی دڵ ئەنجامدراوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری مانگی رابردووی نەخۆشخانەی دڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە رۆژی 1 بۆ 30ـی مانگی رابردوو هەزار و 667 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی دڵ 655 بوژانەوەی دڵ و 40 نەشتەرگەری دڵ و 365 قەستەرە و 190 دانانی باڵۆن ئەنجام دراوە.
تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو مانگەدا لە نەخۆشخانەی دڵ 216 پشكنینی سیتی سكان و 372 ئیكۆ و 335 هێڵكاری دڵ ئەنجام دراوە، هەروەها 130 چارەسەری سروشتی كراوە و 251 تیشك گیراوە و چوار هەزار و 934 پشكنینی تاقیگەیی ئەنجام دراوە.
ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین رایگەیاندوە؛ بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەنجان، پاڵپشتی دارایی بۆ پرۆژەی بچوک و مامناوەند پێشکەشی گەنجان و خەڵکی ناوچەکە دەکات، ئاماژەیان بەوەشکردوە ئەو هاوکارییە داراییەی کە پێشکەش دەکرێت لێیان وەرناگیرێتەوە
ئیدارەی سەربەخۆی راپەرێن راگەیەندراویکی بڵاوکردوەتەوە و تێدا هاتووە؛ لە درێژەی کار و خزمەتە بەردەوامەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بۆ پاڵپشتیکردنی گەنجانی راپەڕین و تەواوی خەڵکی سنورەکە، لەسەر راسپاردەی هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هاوکاریی دارایی پێشکەشی پرۆژەی بچوک و مامناوەند دەکرێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە پرۆژەکە، لە رێی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هاندانی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەنجان و خاوەنکارانی سنوری راپەڕین ئەنجامدەدرێت .
ئیدارەی راپەرین داوا لە خاوەن کارەکانی سنوری راپەڕین دەکات داواکاریەکانیان پێشکەشی رێکخراوی ئای ئۆ ئێم بکەن بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری دارایی بۆ پڕۆژەکانیان بە بێ گەڕاندنەوەی هیچ بڕێک.
ئەوەشیان خستوەتەروو، بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەکان و پڕکردنەوەی فۆڕم سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بکەن لەناو بینای ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا ، بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق لەگەڵ موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەمە(8/12/2025) بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان هەموو لایەنەکان لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێک کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.
قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو روون کردەوە و رایگەیاند عیراق پێویستی بە حکومەتێکی کارا و بەهێزە کە لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی جدی بنێت بە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عیراق بەبێ جیاوازی.
سەرۆکی وەفدی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا لەسەر بنەمای بەرنامە و رێبازی سەرۆک مام جەلال ئامادەن بۆ کارکردن و هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بگەنە رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی رایگەیاند، بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراوە، شارەوانییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بە 109 ژینگە پارێز و 31 ئامێرەوە، لە 44 شارەوانی سنورەکەدا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەشی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی 109 ژینگەپارێز و 31 ئامێری خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ فریاگوزاری خێرا لە 44 شارەوانی سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ وەک ئامادەکارییەک، بۆ هەر حاڵەتێک نەخوارزاو بەبۆنەی بارانبارینی زۆرەوە تیمە فریاگوزارەکان لە هەموو شارەکان لە حاڵەتی ئامادەباشدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتیان و شەقام و شوێنە گشتیەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا دەکەن، دانیشتوانی سنوری شارەوانیەکان لە رێگەی ژمارەی شارەوانی تایبەت بە خۆیان دەتوانن لە بونی هەر حاڵەتێکی وەک لافاو و چونەژوورەوەی ئاو بۆ ماڵان یان گیرانی ئاوەڕۆ و باراوناوەکان یان هەر مەترسییەکی دیکە دەتوانن پەیوەندی بکەن بەم ژمارە مۆبایلانەوە:
زۆنی چەمچەماڵ: 07717357580
زۆنی دوکان: 07708260606
زۆنی شارباژێر و دەربەندیخان: 07701914991
بەرگری شارستانی ئاکرێ بڵاویکردوەتەوە، بەهۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووباری خازر ئۆتۆمبێلێک لە ناو ئاوەکەدا دەچەقێت و هێندەی نامێنێت ئاو بیبات، ئاماژەیان بەوەکردوە، ئۆتۆمبێلەکە خێزانێکی چوارکەسی تێدابوە و توانیویانە رزگاریان بکەن.
بەرگری شارستانی ئاکرێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ دوای ئاگاداربونیان لە روداوەکە، تیمەکانیان گەشتونەتە شوێنەکە، کە لە چەمی باکرمان بوە و توانیویانە بەهاوکاری پۆلیسی دارستان و خەڵکی دەڤەرەکە ئۆتۆمبێلەکە دەربهێنن و خێزانەکەش رزگار بکەن.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی بڵاویان کردوەتەوە لە فەیسبووک، خێزانەكە باوک و دایک و دوو منداڵ بوون و خەڵکی ناحیەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر بوون، ویستویانە سەردانی ئاشێکی تاحین بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی 12ـی 2025، لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەبەشداری ژمارەیەک لە لێکۆڵەرانی بواری جینۆساید لە وڵاتانی جیهان و نوێنەری میللەتانی جینۆساید کراو، کۆنفراسی نێودەوڵەتی لە ناو زانکۆی یەریڤانی حکومی دەستی بە کارەکانی کرد.
کۆنفرانسەکە کە هەریەکە لە زانکۆی یەریڤان و سەنتەری دیراساتی مافی مرۆڤ و جینۆساید رێکیان خستووە و دوو رۆژ دەخایەنێت، تێیدا ژمارەیەک لێکۆلینەوە و بابەت پێشکەش دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستانەوە، هێمن مام رەش وەک سەرۆکی رێکخراوی دۆستایەتی کورد و ئەرمەن بەڕەسمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراوە، بابەت لە بارەی جینۆسایدکردنی کورد و ئێزیدیەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعس و رێکخراوی تیرۆریستی داعش پێشکەش دەکات.
وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە 8ـی 12ـی 2025 بەڕێوەچوو، هەردوولا بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بە دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عیراق وەسف کرد و هیوایان خواست لایەنە عیراقییەکان بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەسەر بنەمای داواکاری هاووڵاتییان و پێویستییەکانی عیراق هەرچی زووتر بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکانی عیراق بکات.
قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد روون کردەوە و رایگەیاند، یەکێتی پێیوایە حکومەتی داهاتوو دەبێت لەلایەکەوە هەوڵی جدی بدات بۆ پاراستنی سەرەوەری و سەربەخۆیی عیراق و لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عیراق.
ئاماژەی بەوەشدا یەکێتیی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی هەرچی زووتری کێشەکانی نێوانیان بێت بەتایبەتیش کێشەی بەشە بودجەی هەرێم و رایگەیاند بودجە وەک مافێکی دەستووری هاووڵاتییانی کوردستان نابێت ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی.