قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ نوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە کادرانی پێشکەوتووی یەکێتی لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە پێویستیی کارکردنی زیاتر و خۆڕێکخستنەوەی یەکێتی لە دەڤەری بادینان کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، ئامانجی یەکێتی لەم قۆناغەدا ئەوەیە پێگەی خۆی لە دەڤەری بادینان بەهێزتر بکات و بۆ ئەمەش پێشوازی لە هەموو بیرۆکەیەکی نوێی کادرانی ئەو سنورە دەکات و بە پشت بە توانا و شارەزایی کادرە پێشکەوتووەکانی خۆی دەبەستێت.

پاش گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکە و پێشنیازەکان، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنێکی راوێژکاری تایبەت، کە ئەنجومەنە راستەوخۆ سەر بە مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دەبێت و ئەرکەکەشی پێدانی راوێژ دەبێت بە سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر کاروبارە حزبییەکان لە سنووری بادینان بەڕێوەبچێت و پێگەی یەکێتی بەهێزتر بکرێتەوە.