وتیشی، بەشێک لەو کێشانەی لە سلێمانی ھەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فشارە سیاسی و ئابوری و میدیاییەی کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ھەیە، پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە بزانن کە داھاتی سلێمانی چیە و بۆچی سەرف دەکرێت؟ داھاتی سلێمانی لە خاڵە سنوریەکان و داھاتی ناوخۆ کۆدەکرێتەوە، بەڵام مانگانە کورتھێنان لەو بڕە ھەیە کە بۆ سلێمانی دیاری کراوە بۆ ئەوەی پارەی موچەی پێ دابین بکات.
زیاد جەبار ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند ساڵێکە یاسای بودجەیان نیە و ئەوەش بووەتە ھۆی ئەو تاکڕەویەی کە ئێستا دروستبووە لە بواری ئابوریدا، ئەوان وەک پەرلەمانی کوردستان نازانن داھاتی نەوت چەندە و چۆن دابەشدەکرێت وە بێجگە لەو ڕاپۆرتانەی کۆمپانیای دیلۆیت بڵاوی دەکاتەوە ھیچی تر ئاگادار نین و ئەو ڕاپۆرتانەی دیلۆیتیش لەلایەن حکومەتەوە دەدرێت پێیان واتە ئەو کۆمپانیایە خۆی ناچێت بەدواداچوون بکات بۆ عەدادی ئەو نەوتەی ھەناردە دەکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی کۆنەبوونەوەی پەرلەمان ڕایگەیاند، ھۆکاری کۆنەبوونەوەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پارتی ڕێگرە لە ھەمواری یاسایی ھەڵبژاردنەکەن و کۆمسیۆن کە پێشتر ڕێککەوتن کراوە پێویستە ئەم بابەتانە بە سازانی نیشتیمانی تێپەڕێت بەڵام ڕوونە کە پارتی نایەوێت ھەڵبژاردن لە کوردستان بکرێت.
کاروانی ئامادەکارییەکان بۆ دیداری یەکێتی لە دوا وێستگە نزیک دەبێتەوە و ئەمڕۆ قەزای خانەقین دەبێتە دوا وێستگەی ئامادەکارییەکان و دوای تەواوبوونی کاری لیژنەکانیش کە بریتییە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر سەرنج و تێبینی کادر و ئەندامان لەسەر ڕێکخستنەوە و نوێکردنەوەی یەکێتی، دیداری فراوانی یەکێتی تا کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بودجەیە، کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر وەرزی کڕینەوەی بەرھەمی دانەوێڵە لە ناوخۆ، و پاڵپشتێکی بەھێز دەبێت بۆ زیاتر فرۆشتنەوەی بەرھەمی دانەویڵە بە حکومەت لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق.
وەزارەتی بازرگانی باسی لەوەشکردووە، پڕۆسەی کڕینەوەی بەرھەمی دانەوێڵە لە جوتیاران، وایکردووە ڕۆژانە بڕێکی زیاتر لە گەنم بگاتە دەستی حکومەت، کە ڕۆژانە بە ٥٠ ھەزار تۆن مەزەندە کراوە.
بە گوێرەی لێدوانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە ساڵی ڕابردوودا بڕی بەرھەمی گەنمی بەرھەمھاتوو لە عێراق گەیشتە ٤ ملیۆن تۆن، بەڵام ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت بڕی بەرھەم بگاتە ٣ ملیۆن تۆن.
عێراق بۆ دابینکردنی بەشە ئاردی ھاوڵاتیان لە فۆڕمی خۆراکدا، ساڵانە پێویستی بە ٥ ملیۆن تۆن گەنم ھەیە.
لە مەراسیمەکەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٢، بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی دکتۆر عبدالحەکیم خەسرەوی کرد کە لەماوەی ڕابردوو سەرباری کارەکانی خۆی، ئەرکی ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی ئەم دەستەیەشی گرتبووە ئەستۆ.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی دەستەی نوێ کەسێکی بەتوانایە و چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت کە رۆڵی کاریگەر ببینێت لە جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکەی سەرشانیدا.
دواتر فەھمی بورھان ئاماژەی بەوەدا کە جێی متمانەی ھەموولایەک دەبێت و بەھەموو توانایەکییەوە کار دەکات بۆ سەرخستن و بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی ئەم دەستەیە.
لەمەراسیمەکەدا، وەزیری پلاندانان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرس بەش و ھۆبەکانی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ئامادەبوون.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بۆ جێبەجێ کردن و ئاسانکاری کردنە بۆ ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق سەبارەت بە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان. ئەرکی ئەم دەستەیە کۆکردنەوە و بە دۆکومێنتکردنی بەڵگە و ڕووداوە مێژوویەکانی پەیوەست بە ناوچە دابڕێنراوەکانەوەیە.

"مھاباد کامل" سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، زۆربەی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی ھەڵەبجە ھاتووچۆ دەکەن و پێویستیان بە کرێی ھاتووچۆ ھەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، داواکارییەکانیان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار، وتیشی جیاکاری لە نێوان شار و شارۆچکەکان مامەڵەیەکی خراپە.
عامر شوانی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، پێشتر زانیاری لەسەر باندەکە کۆکراوەتەوە و ئەمڕۆ سێ شەمە ھێزێکی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک چونەتە شوێنەکە و لەکاتی چونە ژورەوە بۆ نێو خانوەکە کچێک دۆزرایەوە کە ماوەی سێ مانگە ڕفێندراوە و لەو خانوەدا بەندکراوە.
وتیشی، ئەندامێکی باندەکە دەستگیرکرا و لە خانوەکەشدا دەست بەسەر بڕێک ماددەی ھۆشبەردا گیراوە و دەستگیرکراوەکەش دانی بەوەداناوە، کچ دەڕفێنن و بۆ کاری لەشفرۆشی و بازرگانی بەکاری دەھێنن، ھاوکات بازرگانیان بە ماددەی ھۆشبەرەوە کردووە.
ھێمن سلێمان وتەبێژی پولیسی پارێزگای دھۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە سەنتەری شاری دھۆک لە ئەنجامی دروستبوونی دەمەقاڵە، پیاوێک ھاوسەرەکەی بە وایەری کارەبا خنکاندووە و دواتریش خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە. ئەوەش دووەم حاڵەتە لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردووداو، دوێنێش لە ھەولێر ژنێک لەلایەن پیاوەکەیەوە کوژرا.
بەشدار حەسەن پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوای گەیشتنی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان و داواکاری گشتی و توێژەری کۆمەڵایەتی سەرۆکی دادگای یەکەمی تاوانی ھەولێر بڕیاری ئازادکردنی بێریڤان ئەیوبی دەرکرد، کە بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو.
ھەروەھا پارێزەران داوایانکرد قەرەبووی ئەو ماوەیە بکرێتەوە کە بێریڤان بە بێ تاوان لە زینداندا بووە. ڕاشیانگەیاند، ١٦ی مانگ دانیشتنی دادگایی دەستگیرکراوەکانی شیلادزێ بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی ھەرێم ڕایگەیاند، بە پێی ئەو پارەیەی لە داھاتی ناوخۆ دێتە بانکەکەیان مووچەی ئەو شوێنانە دابەش دەکەن کە تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
دڵبەند مستەفا ئەندامی لیژنەی دیداری یەکێتی ڕایگەیاند، لە ڕێگەی مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بوارەکە، لیژنەی ڕاگەیاندن لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی ڕاو سەرنجی بەشداربووەکان وەربگرێت و دواتر ھەموو سەرنج و پێشنیازەکان یەک بخرێت و پێشکەشی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی بکرێت.
رۆبەرت پاڵەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا، تیایدا پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ کەرتی تایبەت دووپاتکردەوە.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا قوباد تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی "ھەوڵدەدەین پاڵپشتی دارایی باشتر بۆ گەنجان بەدەستبھێنین."
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند "ھەمیشە پاڵپشتی گەنجان دەبم تاوەکو کەسانی پێشەنگ بەرھەم بھێنین لە داھاتوودا کە بتوانن رابەری گەلەکەمان بکەن بۆ داھێنانی نوێ."
لەدوای قوباد تاڵەبانی، رۆبەرت پاڵەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم وتارێکی پێشکەشکرد وتی بڕوای بەھێزمان بەوە ھەیە کە کەرتی تایبەت دەتوانێت ھەلێکی زۆر بڕەخسێنێت بۆ گەنجان.
رۆبەرت پاڵەدینۆ راشیگەیاند "ئێمە باوەڕی تەواومان بەوە ھەیە کە کەرتی تایبەت بزوێنەری ئابووریە."
دوای ئەوەی ھاوڵاتییەک سکاڵای لەپۆلیسی سلێمانی تۆمارکرد کە چوار ژن ھەڵیان کوتاوەتە سەری و بەزۆر پارەیان لێسەندووە ، بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕاسپارد کە بەدواداچوونی بەپەلە بکەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران .
دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ، سەرەنجام توانرا لەماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعات سەرجەم تۆمەتباران کە چوار ژنن دەستگیربکرێن و دانیان ناوە بەتاوانەکەیاندا .
لەئێستادا تۆمەتباران :
ش ، ڕ ، ف لەدایکبووی ١٩٩٨
ە ، ز ، ب لەدایکبووی ٢٠٠٠
ز،ح،ت لەدایکبووی ١٩٩٩
ک ، ح ، ت لەدایکبووی ١٩٩١
بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .
شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، روونکردنەوەیەکی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاوکردەوە و دەڵێت بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی بابەتەکە ئەمڕۆ لیژنەیەکی سەرپەرشتیاری ئامادەیی بۆ بەدواداچوون سەردانی قوتابخانەکە دەکات.
شێرزاد رەشید کاکە دەشڵێت لەھەندێ پەیج و سایت لە سۆشیال میدیا وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە مامۆستایەک لە ئامادەییەکی کچان سەر بە خوێندنی کوردی، نامەی نەشیاوی بۆ قوتابیەکی خۆی ناردووە.
راشیگەیاند "ئەگەر ئەم بابەتە ئەسڵی ڕوودانی ھەبوبێت، ئەوکات ڕاستەوخۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەی یاسایی پێکدەھێنین و سزای یاسایی ئەو مامۆستایە ئەدەین بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان."
بە وتەی شێرزاد رەشید کاکە، خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەیەوێت قسەی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەسڵی ئەم بابەتە لە خودی خۆیانەوە وەربگرێت.
لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند "بە توندی ئیدانەی ھەموو جۆرە تەشھیرێک بە مامۆستا و خوێندنی کوردی دەکەین لە ڕێگای ھاککردنی فەیسبووک و ناردنی نامەی نەشیاو بە مەبەستی لە کەدارکردنی مامۆستا. وە دوای لێکۆڵینەوە ھەر کەسێک تاوانبار بێت بە سزای یاسایی خۆی دەگات."