زیاد جەبار: کێشەی مووچەی سلێمانی پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە ھەیە
کوردسات نیوز
٢٥ی ئابی ٢٠٢٢
زیاد جەبار کە ھاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، مانگانە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت بڕێک پارە دەنێردرێت بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و بڕێکیش بۆ پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێرە، بەڵام ئەو بڕەی بۆ سلێمانی دیاریدەکرێت، مانگانە ٤٣٪یە و ھیچ حساباتێک لەسەر ئەوەنییە کە داھاتی سلێمانی لەو مانگەدا چەند بووە.
وتیشی، داھاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ بودجەی بەکاربردنی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و کڕینی دەرمان و خۆڵ و خاشاک بەکاردەھێندرێت، جگە لەوەش مانگانە ١٥ ملیار لە داھاتی سلێمانی بۆ بودجەی بەکاربردنی سێ سەرۆکایەتییەکە دەڕوات، کە وایلێھاتووە داھاتی سنوری پارێزگای سلێمانی بەشی تەموویلی مووچە و پێداویستییەکانی دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییەکانی سنوری سلێمانی ناکات و وایلێھاتووە ئێستا نزیکەی ٣٥ ملیار مانگانە کورتدەھێنێت.
زیاد جەبار وتیشی، کێشەی مووچەی سلێمانی پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە ھەیە کە حکومەتی ھەرێم دەیکات و ئەگەر حکومەت مووچەی مووچەخۆرانی لە ململانێکان بھێنێتە دەرەوە، گرفتی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی کۆتایی دێت.