مەکتەبی سیاسی یەکێتی: هەنگاوی پێویست نەنراوە بۆ هێنانەوەی روفاتی قوربانیان
٢٥ی ئابی ٢٠٢٢
مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، لە یادی سی و چوار ساڵەی ئەنفالی دەڤەری بادینان و ناوچە کوردنشینەکانی دەشتی نەینەوادا، وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوریانیانی ئەو کارەساتەی کە تێیدا نزیکەی پێنج ھەزار کەس بونە قوربانیی و بێسەروو شوێن کران و سەدان گوند لەگەڵ زەویدا تەخت کران ، لە نێو ئەو کاولکاری و قوربانیانەی دەڤەری بادیناندا چەندین خوێندنگە و مەڵبەند و بنکەی تەندروستی و مزگەوت و کەنیسە ڕوخان و سوتێنران و ھەزاران موسڵمان وکریستیان و ئێزیدیی کەوتنە بەر پەلامارو گرتن و کۆمەڵکوژکران، بەڵام تاکو ئێستا ھەنگاوی پێویست نەنراوە بۆ ھێنانەوەی روفاتی قوربانیەکانی ئەودەڤەرە گرنگەی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆیە ھەر لەم یادە کارەساتبارەدا پێویست و ئەرکی سەر شانی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی و ھەموانە ، ھەوڵەکان چڕتربکرێتەوە بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر و جدیانە لەسەر قەبارەی ئەم کارەسات و تاوانەی بەسەر میللەتەکەماندا ھاتوە و کاربکرێت بۆ ھێنانەوەی ڕوفاتی شەھیدەکان و قەرەبوی کەس و کاریان بکرێتەوە ، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەم تاوانە بخرێتە نێو ریزی تاوانەکانی تری رژێمی بەعسی ڕوخاو کە لەناوچەکانی تری کوردستان بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامی داوە بۆ ناساندنی وەک جینۆساید تاکو لە ئازار و مەینەتیەکانی کەس وکاری ئەو قوربانیانە لە دەڤەری بادینان کەم بکەینەوە.