نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ یادی ٣٤ ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە وەک دوا قۆناغی ئەنفال لە ٢٥ی ئابەوە تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ سوپای ئەوسای عێراق دەرھەق بە پێکھاتە جیاکانی خەڵکی بادینان ئەنجامی دا. سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدان دادەنوێنین و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاریان دەنێرین."

سەرۆکی ھەرێم داوای لە حکومەتی فیدڕاڵی کرد قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکاتەوە. ڕوونیی کردەوە، "تاوانی ئەنفال کە ھەر لە گەرمیانەوە تا دوا قۆناغی لە بادینان (١٨٢) ھەزار ھاووڵاتیی بێتاوانی کوردستان تیایدا بوونە قوربانی و شەھید کران، وەک دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دانی پێدا ناوە، جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە. لە ھەرێمی کوردستانیش دەبێ خزمەتی زیاتری کەسوکاری قوربانییان بکرێت و لەگەڵ بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکە، ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بناسرێت."

سەرۆکی ھەرێم ڕاشیگەیاند، یادی شەھیدان ھەمیشە و بەرز و شکۆدار بێت، سوپاس و ڕێز و پێزانین بۆ جوامێریی خەڵکی ھەولێر و بەحرکە و دەوروبەریان کە لە کەمپی زۆرەملێی جێژنیکان بە ھانای لێقەوماوانی بادینانەوە چوون و یارمەتییان دان. میھرەبانی و مرۆڤپەروەرییان ھەرگیز لەبیر ناکرێت.