رۆژی یەکشەممە "ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە" لە ناحیەی لەیلانی سنوری پارێزگای کەرکوک بانگەی ھەڵبژاردنی ئەنجامدا، بەڵام لەکاتی بانگەشەکەدا لە بازگەکانی ناحییەکە، ڕێگری لە تێپەڕبوونی چەند کاندیدێکی ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە کرا.
لە بەرانبەرشیدا ئاسۆ مامەند، سەرۆکی قەوارەی "ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە" ھەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ گۆڕینی بازگەکان، لە ئەنجامیشدا بازگەکانی سنوری لەیلان ڕادەستی پۆلیسی ناوخۆ کران و لە دەستی سوپا وەرگیرانەوە.
رۆژی یەکشەممە وەفدی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی نەوت و گاز کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین کۆبوونەوەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد لەبارەی تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت کرد.
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، وەفدی دانوستانکاری ھەرێم جەختیکردووەتەوە کە تائێستا وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ وەڵامی پێشنیازەکانی ئەوانی لەبارەی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت نەداوەتەوە و چاوەڕێی دوای بڕیاری بەغدادن لەم بارەیەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا باس لەو ئاڵنگاریانەش کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ھاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەھۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، وەفدەکە جەختیکردووەتەوە کە کۆمپانیاکانی نەوت بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبێت، بڕیاریش دراوە ئەو جۆرە کۆبوونەوە ھاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەش بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.
کەسوکار وخانەوادەی قوربانیانی
ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای سۆران
بۆ ئەو ڕوداوە جەرگبڕە پڕ لەسوێیەی ژمارەیەک ڕۆڵەو کەسی ئازیزتان گیانیان بەخشی، پرسەو ماتەمینی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین و ھیوای چاک بوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
لەیەزدانی مەزن داواکارین سەبوری و ئارامی بەئێوە ببەخشێت و ڕۆحی کۆچ کردوان بەبەھەشتی بەرین شاد بکات.
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٩-١٢-٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، قوربانییانی روداوی ئاگرەکەی سۆران پێنجیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن کە چواریان لە یەک خێزانن و تەرمەکانیان رەوانەی ھەولێر دەکرێن و دواتر رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکرێنەوە.
وتیشی دوو قوربانی دیکەیان خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانن و تەرمەکانیان دەبرێتە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ئەوەی رەوانەی رۆژھەڵاتی کوردستان بکرێنەوە، سێ کەسی دیکەشیان خەڵکی ئەنبارن.
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەشکرد، دوو قوربانی دیکەیان خەڵکی سنوری سۆرانن و شەوی رابردوو بەخاک سپێردراون، قوربانیەکی دیکەشیان خەڵکی باکوری کوردستانە و ئەوەی دیکەشیان ناسنامەکەی نادیارە.
لەبارەی بریندارەکانەوە، پەیامنێری کوردسات نیوز دەڵێت، ئەو حەوت کەسەی برینداربوون، چوارکەسیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە کە یەکێکیان باری تەندروستی ناجێگیرە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە،
دوای رووداوەکە، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێکۆڵینەوەی ورد و جیددی لەبارەی ھۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتە بکەن، بەدواداچوونیش بۆ ڕێکارەکانی سەلامەتیی لە باڵاخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت .
ھەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کاتی دروستبوونی روداوەکە تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی گەیشتونەتە شوێنەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و بەھاناوەچوونی قوربانییەکان.
وتیشی، لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری زۆری قوربانییەکان دەکات، ھۆکارێکی سەرەکیش ئەوەیە قوربانییەکان ھەوڵی خۆرزگارکردنیان نەداوە، بەو پێیەی ھیچ کەس لە قوربانییەکان نەسوتاون و بە دوکەڵی ئاگرەکە گیانیانلەدەستداوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوو کەس لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەستگیرکران، کە خاوەنی باڵەخانەکە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەکەن، وەک ئیدارەی سەربەخۆ سۆرانیش دەست بەرێکارەکان دەکەن و پێداچوونەوە بە سەرجەم باڵەخانەکاندا دەکەن.
دەقی پرسەنامەکە...
برای بەڕێز نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
بە غەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی ئاگرکەوتنەوەکەی ناو باڵەخانەیەکی قەزای سۆران-مان پێگەیشت، بە ئازارێکی زۆرەوە چاودێری ئەنجامەکانی ئەو روداوە تراژیدیایە دەکەین.
ھاوخەمی خۆمان ئاراستەی ئێوە و گەلەکەمان لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین، لەخودای گەورەش داواکارین سەبوری و ئارامی بە ھەمووان ببەخشێت.
ھەروەھا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
إنا للە وإنا إلیە راجعون
سەرۆککۆمار
دکتۆر لەتیف جەمال رەشید
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی ئاگرەکەی سۆران دەکات.
ئێوارەی ھەشتی ئەم مانگە ئاگرێک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێی خوێندکاران لە سۆران کەوتەوە و بوەھۆی گیانلەدەستدانی ١٤ کەس لە نێوانیاندا مامۆستای زانکۆ و خوێندکار ھەبوون و چەند کەسێکیش برینداربوون.
لەوسەردانەیدا بۆ دەڤەرەکە ماڵی (شێخ ئەحمەد عەتائەڵا جبوری) بەسەرکردەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی و پیاوماقوڵانی خزمانی جبور و( شێخ قەیسەر ئیبراھیم عەتائەڵا) کاندیدی ژمارە (١٠)ی ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا ئامادەیبوون، پێشوازییەکی گەرم لە ئاراس محەمەد ئاغا و وەفدی یاوەری کرا، لە وتەکیشیدا ئاراس محەمەد ئاغا رۆڵی خزمانی "شیخ عەتائەڵا" و (جبوری) لە خەبات و قوربانیدان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ھاوکاری خەڵکی شارەکە بەرزنرخاند و رایگەیاند،" ھاوپەیمانیەکەمان نوێنەری راستەقینەی گشت پیکھاتەکانی نەینەوا دەبێت، دەبێتە زامنی بەدەستھێنانی مافی خەڵکی نەینەوا بەگشت پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانیەوە ".
دواتریش ئاراس محەمەد ئاغا نوسینگەی (شێخ قەیسەر ئیبراھیم عەتائەڵا) کاندیدی ژمارە (١٠) ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا بەسەرکردەوە و چاویکەوت بە کۆمەڵێک کەسایەتی و گەنج و لاوانی دەڤەرەکە، لەوتەیەکدا سەرۆکی ھاوپەیمانیی خەڵکی نەینەوا رایگەیاند، "پێویستە ھەمووان پشتیوانی لە ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و کاندیدانی بکەن بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا خزمەتی ئێوە و شاری نەینەوا بکەن بەبێ جیاوازی"
لەلایەن خۆیانەوە ئامادەبوان بەڵێنیاندا پشتیوانی ھاوپەیمانیی یەکێتی خەڵکی نەینەوا و کاندیدانی بکەن چونکە دڵنیان کە ئەو لیستە دەبێتە داکۆکیکارێکی بەھێز لە ماف و خواستە رەواکانی ھاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا.
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی چاکسازیی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای خەبات کۆتایی ھاتووە و وێستگەکە کەوتووەتەوەکار و نزیکەی ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی گەڕاوەتەوە و بەھۆیەوە ماوەکانی پێدانی کارەبا زیاتر بووە.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، دوای کوژانەوەی گشتیی کارەبا، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کۆنترۆڵی کارەبای ھەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی پارێزگاکانەوە کۆمەڵێک رێوشوێنیان بۆ باشترکردنی رەوشی کارەبا گرتووەتەبەر.
لە ماوەی رابردوودا سەعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، ئەوەش نیگەرانیی ھاووڵاتیانی لێکەوتەوە.
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆمپانیای کۆڕەک ئامادەیە قەرزەکان بەشێوەی قیست بداتەوە، بەڵام پێیوایە نادادپەروەرییەک لەو سزایانەدا ھەیە بەسەریدا سەپێنداوە.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەگەری پەسەندکردنی رەشنووسی چارەسەری کێشەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیای کۆڕەک لە ئەنجومەنی وەزیران، پێش کۆتایی ئەمساڵ سزاکانی سەر ئەو کۆمپانیایە ھەڵدەگیرێن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە ئاسایی دەبێتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی تەرمی گەنجێک لە گەڕەکی خانەقای شاری ھەولێر دۆزرایەوە، کوژراوەکە تەمەنی ٢٨ ساڵە و بە رەگەز عەرەبە.
وتیشی، ھێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی نوسینەوەی دەستوور کە لە ١٥٨ ئەندام پێکھاتووە، پێشنیازی چین و توێژەکانی لە چوارچێوەی رەشنوسی دەستووردا پەسەندکرد و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەنگ لەسەر کۆی رەشنوسەکە دەدرێت.
لە ماوەی ساڵێکی کاری لیژنەکەدا ٣٠%ی رەشنوسی دەستووری رۆژئاوای کوردستان ھەموار کرایەوە کە لە ١٠٩ ماددە و چوار بەشی سەرەکی پێکدێت، لەوانەش پێشەکی و ماف و ئازادییەکانی چین و توێژەکانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی ھەرێم رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت سبەی شەممە لەکاتەکانی دوانیوەڕۆ و شەودا بارانبارین تەواوی ھەرێم بکرێتەوە و کاریگەری ئەو شەپۆلەش لە درەنگانێکی شەوی شەممەدا کۆتایی دێت و رۆژانی دواتر کەشوھەوا جێگیر دەبێت.
پەیوەست بەم بابەتەش ژیار جەلال، بەرێوبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە شارەوانی ھەولێر رایگەیاند، بۆ بارانبارینەکەی رۆژی شەممە تەواوی تیمەکانیان خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە ھەرچی پێویستە بۆ ھاوکاری و بەھاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕووداوەکە بکەن .
سەرۆکی حکومەت ھەروەھا ڕایسپاردن لێکۆڵینەوە ی ورد و جیددی لەبارەی ھۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتە بکەن ، بەدواداچوونیش بۆ ڕێکارەکانی سەلامەتیی لە باڵاخانە و شوێنە گشتیی و تایبەتەکان بکرێت .
دەقی پرسەنامەکە...
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوونی تێکۆشەر (حەلیمە مەحمود شێخوەسانی) ھاوسەری شەھیدی فەرماندە محەمەد بیکەیسیمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەین کە رۆڵێکی گرنگتان لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان گێڕاوە.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان