سەعدی ئەحمەد پیرە و وەفدی یاوەری لە بڕۆکسل سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمیان کرد
کوردسات نیوز
٣ی تەمووزی ٢٠٢٣
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ووڵاتی بەلجیکا و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی ھاوپەیمانی پێشکەوتووخواز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و وەفدی یاوەری لە بڕۆکسل سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد لە ئەوروپا و لەلایەن د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە ئەوروپا و ستافی نوێنەرایەتیەوە بەگەرمی پێشوازیکران.
سەرەتا نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەوروپا دوای دەربرینی خۆشحاڵیان بە سەردانی سەعدی ئەحمەد پیرە و وەفدی یاوەری، بەکوورتی تیشکی خستەسەر کارەکانی نووسینگەی نوێنەرایەتییەکەیان و بەرنامەی کارەکانیان.
پاشان سەعدی ئەحمەد پیرە وێرای ئاماژەدان بە گرنگی و رۆلی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە ئەوروپا، گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندی و پێگەی کورد لای ووڵاتانی ئەوروپی و بڕیاربەدەستانی ئەوروپا، کارەکانی رابردوو و ئێستای نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ئەوروپا بەرزھەلسەنگاند دەستخۆشی لێکردن، ھیوای خواست بەردەوام بن لەکارەکانیان.



