سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کورستان رایگەیاند، ئێمەی کورد یەکێکین لە چوار نەتەوە سەرەکیەکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تەنھا ئێمە مافەکانی خۆمان وەرنەگرتووە بەھۆی سیاسەتی شکستخواردووی سایکس بیکۆ، کە نەک بۆ کورد بەڵکو سەرچاوەی کێشەکانی عەرەب و ئیسرائیل، شیعە و سونە، قوبرس و چەندین کێشەی تریش.  

دواتر لە قسەکانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی ووڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ھاوپەیمانی پیشکەتووخواز کرد، لە یارمەتیدانی عێراق و بەتایبەت ھەرێمی کوردستان لە ھاوکێشە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکاندا، کە ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکاری گەلی کورد بوونە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بەرزکردنەوە توانا مرۆییەکان و پاراستنی مافی مرۆف و دواجاریش لە شەڕی دژی تیرۆردا بە چەک و راوێژکارانی سەربازی ھاوکار و پشتیوانی ھێزەکانی پێشمەرگە بوون لە شکستپێھێنانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش.

لە پەراوێزی بەشداریکردنی وەفدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا چەندین کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ نوێنەری پارت و رێکخراوە جیھانییەکان ئەنجامدا. 

رێکخراوی ھاوپەیمانی پێشکەوتووخواز رێکخراوێکی جیھانیە و رێکخراوی پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی جیھانە لە ساڵی ٢٠١٣ لە شاری لایپزیگ لە ووڵاتی ئەڵمانیا دامەزراوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرە و یەکێکە لەو سێ پارتە سەرەکییەی رۆژھەلاتی ناوەڕاستە وە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی بۆردی سەرۆکایەتی رێکخراوەکەیە.