د.ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نوسراوەکەی پارێزگاری بەوەکالەت، کە فەرمانی بە دامەزراوەکان کردووە سەرجەم ئاوارەکان وەک خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک بناسێنرێن و چیتر ناوی کۆچبەریان لێنەنرێ پوچەڵدەکرێتەوە.
وتیشی، بەپێی دواین ئامار ٩٢ ھەزار و ٦٤٠ ئاوارەی خوارووی عێراق لە کەرکوک ھەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پەوەندییان بە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە کردووە و بڕیاریشە بە زوترین کات نووسراوی پوچەڵکردنەوەی نووسراوەکەی پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت بڵاوبکرێتەوە.
بەپێی نوسراوەکەی راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، لە ئێستا بەدواوە ئاوارەکانی ناو سەنتەری شار و قەزا و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەر، وەک خەڵکی رەسەنی کەرکوک ھەژمار دەکرێن چونکە ھەموو بەڵگەنامەیەکی رەسمییان لە فەرمانگە رەسمییەکانی کەرکوک بۆ دەرکراوە و لەئێستا بە دواوە وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.
راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت نووسراوێکی ئاراستەی قایمقامیەت و پۆلیس و لقی کەرکوکی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانی کردووە کە لە کەرکوک کار دەکەن، ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران و بەرنامەی حکومەت بۆ داخستنی دۆسێی ئاوارەکان لە عێراق و ئاماژە بە کۆبوونەوەی ٥ی ئەم مانگەی دیوانی پارێزگای کەرکوک بۆ گفتوگۆ لەبارەی پلانی نیشتیمانی تایبەت بە داخستنی دۆسێی ئاوارەکان، بڕیاریانداوە لە ئێستا بەدواوە ئاوارەکانی ناو سەنتەری شار و قەزا و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری، وەک خەڵکی رەسەنی کەرکوک ھەژمار بکرێن.
راشیگەیاندووە، ئەو ئاوارانە ھەموو بەڵگەنامەیەکی رەسمییان لە فەرمانگە رەسمییەکانی کەرکوک بۆ دەرکراوە و لەئێستا بە دواوە وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی ھاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عیراق بە تایبەتی و جیھان بەگشتی دەکەین .
ئومێد دەکەین ئەم مانگە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و قووڵبوونەوەی گیانی لێبوردەیی و ئۆقرەیی بۆ ھەموان، کە تێیدا داوا ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانیان بێنەدی .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم پەیوەندیکردووە بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە و پێیان راگەیاندووە کە لیستی موچەی ھەرێم زۆر بەباشی ئامادەکراوە وەک ئەو خشتەیەی داواکرابوو.
دەشڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق دوای تەواوبوونی ووردبینی دەستدەکات بە خەرجکردنی مووچە، بەڵام ھەر توێژەو بەجیا، واتا موچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بە گوژمەی جیاجیا خەرج دەکرێن.
سەبارەت بە موچەی مەدەنی و پێشمەرگە، د.نەرمین مەعروف باسی لەوەکرد، وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندووە کە میلاکی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیەکان بە وردەکارییەوە بۆیان رەوانە نەکراوە، بەڵام میلاکی مەدەنی بە باشی ئامادەکراوە و دوای تەواوبوونی وردبینی بە زویی خەرج دەکرێت.
وتیشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی جەختیکردووەتەوە، وردبینی زۆری پێناچێت و ھەر کاتێک موچەی ھەر توێژێک تەواوکرا رەوانە دەکرێت.
لای خۆیەوە، د. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رەنگە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان، بەغداد موچەی فەرمانبەران رەوانەی ھەرێم بکات.
وتیشی بەشێکی ھێزە ئەمنیەکان کە تەنھا کۆی ئەو پارەیەی کە بۆ موچەیان تەرخان کراوە نێردراوە بۆ بەغداد نەبووەتە گرفت.
شەشی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی موچەی مانگی شوباتی بە زمانی عەرەبی رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام تائێستا وادەی دابەشکردنی موچە نادیارە.
پێشتر تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێمی بەستەوە بە ناردنی لیستی مووچە بە زمانی عەرەبی، ھەروەھا بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی کردووەتە مەرج بۆ دابینکردنی موچەی مانگی ئادار.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجی ئادار کە دوایین وادەی نوێکردنەوە و دەرھێنانی کارتی بایۆمەتری بوو، ماوەکەی تا رۆژی ١٠ی ئادار درێژکردەوە و ئاشکرایکرد کە چیتر وادەکەی درێژناکرێتەوە.
ھاووڵاتیان و دەنگدەرانی ھەرێم ئەوانەی تائێستا کارتی بایۆمەترییان نوێنەکردووەتەوە و کارتەکانیان وێنەی لەسەر نییە، تا سەعات ٣:٠٠ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەرفەتیان ھەیە بۆ ئەوەی سەردانی ناوەندەکانی دەنگدان بکەن، بەپێچەوانەوە لە مافی دەنگدان بێ بەش دەبن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، تا پێنجی ئادار نزیکەی ٧٤%ـی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە و لە ١٠ی حوزەیران دەتوانن دەنگ بدەن.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردساتن بەدواداچوون بۆ ئازادکردنی چالاکوانە دەستگیراوەکەی گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک دەکات و لێپرسراوانی یەکێتیش لە کەرکوک دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەکەن.
رەوەند مەلا مەحمود، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکوکی یەکێتی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەدواداچوون بۆ دۆسییەی دەستگیرکردنی فەرھاد باییز چالاکوانی مەدەنی و نوێنەری دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفە دەکەن بە مەبەستی ئازادکردنی.
یەکێک لە مانگرتووانی گەڕەکی عەرەفە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نوێنەری دانیشتووانی گەڕەکەکەیان لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکور لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی بازگەی چیمەن دەستگیرکراوە، داواشی لە لایەنەکان کرد، ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکانیان چڕتر بکەنەوە.
لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکوک زیاتر لە ٢٥٠ خێزانی کورد دەژین و لەو ئاوارانەن کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە بۆ شارەکەیان گەڕاونەتەوە و لە سنوری ئەو گەڕەکەدا نیشتەجێبوون، وەزارەتی نەوتی عیراق بە موڵکی خۆی دەزانێت.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکھێنراوە کە بڕیارە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئەندامە تیایدا.
وتیشی، ئەرکی لیژنەکە پاراستنی ئاسایشی و ئارامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بۆئەوەی بە ئاسانترین شێوە بەڕێوەبچێت لەگەڵ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان و تۆمارکردن و گەنجینەکانی تایبەت بە کەرەستەکانی دەنگدان بە پاراستنی ئاسایشی دەنگدەرانیشەوە لە رۆژی ھەڵبژاردندا لەگەڵ گواستنەوەی سەرجەم کەرەستە و پێدویستییەکانی دەنگدان.
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێم بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانی بینینی مانگ لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کۆدەبێتەوە و چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
وتیشی، ئەگەر ھاتو بە بەڵگەی تەواو مانگ بینرا، ئەوا رۆژی دووشەممە دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، بەڵام ئەگەر بە بەڵگە مانگ نەبینرا، ئەوا رۆژی دووشەممە تەواوکاری مانگی شەعبان دەبێت و رۆژی سێشەممە دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی بە زمانی عەرەبی رەوانەی بەغداد کرد، دەرکەوتووە، کە تەنیا موچەخۆری مەدەنی تێدایە و موچەی سەربازی تەنھا کۆی موچەی ناردوە.
وتیشی، ئەگەر عێراق داوای لیستی تەواوی مووچەخۆرانی سەربازی بکات ئەوا گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر داوای لیستەکە نەکات ئەوا بۆ مانگ شوبات کێشە و گرفت دروست نابێت.
سۆران عومەر راشیگەیاند، دەبێت بۆ مانگەکانی داھاتوو، ھەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێم کۆببنەوە و بەتەواوی رێکبکەون لەسەر دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی مووچە، چونکە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت دابەشکردنی مووچە تەنیا لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە بێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، پێداچونەوە بە لیستی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە بەغداد تەواوبوو، بە نوسراوێکیش دەرئەنجامەکەی ئاڕاستەی وەزیری دارایی دەکرێت، دوای رەزامەندی وەزیریش پڕۆسەی تەمویلی مووچە دەستپێدەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، چوارشەممەی رابردوو لیستی مووچەی فەرمانبەران بە زمانی عەرەبی لەلایەن وەزارەتی دارایی ھەرێمەوە رەوانەی بەغداد کرا، رۆژی پێنجشەممەش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وردبینی لە لیستەکە دەستپێکرد، چاوەڕوانیش دەکرێت سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، ٦١٨ ملیار دینار لە بەغدادەوە رەوانەی ھەرێم بکرێت.
دەقی پەیامەکەی...
بە بۆنەی رۆژی جیھانی ژنان، پیرۆزبایی لە تەواوی ژنانی کوردستان دەکەم، ھیوای سەرکەوتنی ھەمیشەییان بۆ دەخوازم و ھەموو کات پاڵپشتتانم.
پاراستنی مافەکانی ژنان ئەرکی ھەموو تاکێکە، ژنانی ئازای ئێمە کلیلی سەرکەوتنەکانمانن، ئەوان ھاوشانی ئێمە لە سەرجەم بارودۆخەکاندا لەگەڵماندا بوون و کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندووە.
ژنان رۆژ بە رۆژ پێگە و کەسایەتیان بەھێز و بەھێزتر دەبێت، بۆ کۆمەڵگەیەکی باش و بەھێز باوەڕمان بە یەکسانی و پێکەوە کارکردنی ژنان ھەیە.
بەرز و پیرۆزبێت رۆژی ھەشتی مارس، رۆژی ژنانی جیھان.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
رۆژی جیھانیی ژنان لە سەرجەم ژنانی کورد پیرۆزبێت و بەتایبەتی لە قووڵایی دڵمانەوە سڵاوی خۆشەویستی و وەفاداری بۆ دایکانی شەھیدان دەنێرین و سوپاسی لەخۆبوردوویی و خۆڕاگرییان دەکەین.
مێژووی ژنانی کوردستان لە خەبات و شۆڕشە جیاوازەکانی گەلی کورددا ھێندە زێڕین و درەوشاوەیە، کە بۆ ھەمیشە بە پێزانین و قەرزاربارییەوە لەئاست گەورەیی و خۆڕاگرییاندا سەری رێزمان دادەنەوێنین و بەشانازییەوە یادیان دەکەینەوە.
ژنانی کورد ئازا و رەچەشکێن بوون لە خەبات بۆ بەدیھێنانی ماف و ئازادی، قوربانیی زۆریان بەخشیووە لەپێناو یەکسانیی کۆمەڵایەتی و وەستانەوە دژی جیاکاریی رەگەزی، ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە رۆڵێکی کاریگەر لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دەگێڕن و بەشداریی فراوانیان ھەیە لە ناوەندەکانی بڕیاردا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی ژنان بووە و شانازیشی پێوەدەکات، لە رابردوودا چۆن پارێزەر و بەدیھێنەری مافەکانیان بووە، لەداھاتووشدا زیاتر جەختیلێدەکەینەوە و دەرگای حزب و ئۆرگانەکانمان بەڕوویاندا دەکەینەوە تاوەکو رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەشداریی چالاکانەیان لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا ھەبێت.
بەڵێنمان داوە و جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە، دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەکانی ژنان ھێڵی سوورە و رێگەنادەین بە ھیچ بیانوویەک و لەژێر ھیچ ناوێکدا مافەکانیان زەوت بکرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان