کوردستانکوردستان

لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ ناوی کاندیدانی سەربەخۆ و پارتەکان و ھاوپەیمانێتییەکان کردووەتەوە و تا ئەمڕۆ سەعات ٢ی پاش نیوەڕۆ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

فەرھاد ئەسعەد لێپرسراوی بەشی تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆن بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە پێنجی ئەم مانگە تائێستا ٦٥ کاندیدی سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆمارکردووە و تەنھا ٢٣ کاندید فۆڕمەکەیان گەڕاندووەتەوە و خۆیان تۆمارکردووە. ھەروەھا زیاتر لە ٣٥ حزب فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و تەنھا ١٨ لایەن و حزب فۆڕمەکانیان گەڕاندووەتەوە.

وتیشی، ئەمڕۆ یەکەم ھاوپەیمانی بەناوی سەردەمەوە لە ھەولێر تۆمارکراوە کە لەنێوان لایەنەکانی پارتی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگاران پێکھێنراو.

ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا ١٨ کاندیدی سەربەخۆ و ١٣ پارت تۆمارکراون و ھیچ ھاوپەیمانیەتییەک تۆمارنەکراوە.ھاوکات لە دھۆکیش، تائێستا ١٢ کاندیدی سەربەخۆ تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی حزب و لایەنەکان دیار نییە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، رۆژی ١٧ی ئادار دادگاکە سکاڵایەک تاوتوێدەکات کە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدات.

دادگای فیدڕاڵی ٢٥ی شوبات بڕیاردانی لەسەر ھەمان سکاڵا بۆ ١٧ی ئادار دواخست و چاوەڕێدەکرێت لەو دانیشتنەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سکاڵەکە بدات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین لەبارەی رووداوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، مشتومڕ لەنێوان خاوەن نانەواخانە و عەرەبێکی ھاوردە دروستبووە و لەئەنجامیشدا مێردمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ کوژراوە کە کوڕی خاوەن نانەواخانەکە بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای رووداوەکە پۆلیسی عەفرین تۆمەتبارەکەی دەستگیرکردووە و  لێکۆڵینەوەی لە ھۆکاری رووداوەکە دەستپێکردووە.

کەسوکاری ئەو مێردمنداڵە کوردەش بڕیاریانداوە لەبەردەم پۆلیسی عەفرین خۆپیشاندان سازبکەن و داوای تۆڵەسەندنەوە و راگرتنی پێشێلکاری بەرامبەریان دەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
شاھۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی ھێڵی ئاوی یەک و دووی دوکان - سلێمانی، بەیاوەری بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بەسەرکردەوە، دوای سەردانیکردنی بەشەکانی ئەو پڕۆژەیە بەڵێنیدا کە گرفتە دارایەکانی چارەسەربکات و ئەو بەشانەی کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی وەستابوون دەست بە کاربکەنەوە.

بەگەڕخستەنەوەی بەشەکانی پڕۆژەی ئاوی دوکان_سلێمانی گرنگی زۆری بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتیانی سلێمانی ودەوروبەری دەبێت، وادەکات لەیەک سەعاتدا ٣٦٨٠٠ مەتر سێجا ئاو بگاتە شاری شارەکە و چارەسەری بەشێکی زۆری گرفتەکان بکات.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی رایگەیاندووە، وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازار و بە ھەماھەنگیش لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێم پەلە دەکرێت لە پرۆسەی تەواوکردنی رێکارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە لە بانکە باوەڕپێکراوەکان.

وتیشی، ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو دەنگۆ و زانیارییانەش کە باس لەوە دەکەن ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رادەگیرێت، دوورن لە راستییەوە و ھیچ بنەمایەکیان نییە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆنجو کەچالی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراھیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری تورکیا سبەینێ سەردانی عێراق دەکەن و لە "لوتکەی ئەمنی"دا لەگەڵ ھاوتاکانیان لە بەغدا گفتوگۆ دەکەن.

کەچالی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێی بۆری نێوان عێراق و تورکیادەکرێت، ئەمە جگە لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کە بڕیارە لە بەھاری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ئاوات جەناب، وەزیری دارایی ھەنگاو و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی خستەروو.

وەزیری دارایی لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بەبێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ٢٠٢٤ بە بڕی ٩٤٩ ملیار و ٨١٣ ملیۆن و ١٤٦ ھەزار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق، تەنیا بڕی ٥٦٩ ملیار و ٢١٩ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنیا ٥٩% لە کۆی گشتی مووچەی ھەرێم، ئەوەش وا دەکات کە کورتھێنان لە پێدانی مووچەی ھەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.

ھاوکات ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، ھیچ ڕێگرییەک نیە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (ھەژماری من) کە پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکییە و ھاوشێوەی پرۆسەی(تەوتین)ە و تێچووەکەشی کەمترە، دەبێت مووچەخۆرانی ھەرێم، لە رێگەی وەزارەتی دارایی و(ھەژماری من)ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بڕیاردراوەمووچەی مانگی شوبات دابەشنەکرێت تاکو بەغداد مووچەی ھێزە ئەمنییەکان دەنێرێت.

راشیگەیاند، لە رۆژانی داھاتوو وەفدێکی حکومەتی ھەرێم بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغداد.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم رایگەیاندبوو، داوایان لە عێراق کردبوو بەبێ جیاوازی تەواوی موچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەڵام عێراق تەنھا بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە کە دەکاتە رێژەی تەنھا ٥٩٪ی مووچە و ٤١٪ی مووچەخۆران بێبەشکراون.

دەشڵێت، کورتھێنانی موچە بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی ٣٩٠ ملیار دینارە.  

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی باڵای فەتوای ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە رێژەی سەرفیترە و فیدیە و زەکات ئاماژەی بەوەدا، بڕی سەرفیترە بۆ ھەر کەسێک لە ئەمساڵدا لانیکەم دوو ھەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت، ھەروەھا بڕی فیدیەی بەرۆژۆنەبوون بۆ ھەر رۆژێک دوو ھەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕی ٢ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دیناری عێراقی زەکاتی لێدەکەوێت، واتە ھەر کەسێک بڕی ٢ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار یان زیاتری ھەبێت و ساڵی بەسەردا سوڕابێتەوە، دەبێت بڕی ٪٢.٥ی لەو پارەیە بە زەکات بدات بە ھەژار و کەمدەرامەتان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیەندراوێک لە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستانەوە ... 

عێراق بە پێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ گۆڕا بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی و تێیدا سیستەمی حوکم بە پێی مادە چوار لەو یاسایە دەستنیشان کرا بە شێوەیەک لەسەر بنەمای راستیی مێژوویی و جوگرافی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بە پێی دەستور لەنێوان ناوەند و ھەرێمی کوردستان بوو. دوای پەسەندکردنی دەستوریش لە ساڵی ٢٠٠٥ لە مادە ١١٧ / یەکەم دان بە ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دەنێت و مافی بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی پێی داوە تەنیا دەسەڵاتە دیاریکراوەکانی فیدراڵی (الێلاحیات الحێریە للسگات الاتحادیە) نەبێت و ئەوەی باسی نەکردووە لە دەسەڵاتە دیاریکراوەکان لە دەسەڵاتی ھەرێمدایە و تەنانەت لەبەرامبەر یاسا فیدرالیەکان ئەولەویەتی بە یاساکانی ھەرێم داوە.  ھەروەھا ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتە ھاوبەشەکان کە لەمادەکانی ١١٠ تاکو ١١٥ی دەستوردا ھاتووە مافی ھەموارکردنەوەی جێبەجێکردنی یاساکانی فیدراڵی بە ھەرێم داوە کاتێک ھاودژی یان ناکۆکی لەگەڵ یاساکانی ھەرێمدا ھەبێت و لێرەدا باڵادەستی بۆ یاساکانی ھەرێمە.

ھەروەھا شایەنی ئاماژەپێکردنە کە ناکرێت لەژێر ھیچ پاساوێک دەستکاری مادە دەستورییەکان بکرێت لەبەر ئەوەی دەستوریین و گشت لایەک دەبێ پێوەی پابەند بن لەنێویشیاندا دادگای فیدراڵی کە پێویستە پێوەی پابەند بێت و کێشەی بۆ دروست نەکات یان پێشێلی نەکات بە بیانووی نابەجێ.  لەسەر ئەو بنەمایانەش، مافی ھەرێمی کوردستانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق مافە دەستورییەکانی خۆی بەکار بھێنێت.

بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی دامەزراندنەکەی بە پێچەوانەی حوکمەکانی مادە ٩٢ی دەستور و یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموار کراوە، زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتە یاساییەکانی کردووە کە لەدەستوردا ھاتووە بە شێوەیەک مافی بەخۆی داوە کە لە ھەموو گەورە ‌و بچوکێکی ھەرێم دەستێوەردان بکات ھەروەک لە بڕیاری ژمارە ٨٣ی ساڵی ٢٠٢٤ خۆیدا کە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆتاکانی لە یاسای ھەموارکراوی ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووەو ھەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسیی پەرلەمان و کەمکردنیان بۆ سەد کورسی، کە بە وردبوونەوە لەو بڕیارە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە بە پێچەوانەی ئەو دەستورەیە کە لەژێر سایەیدا کار دەکات چونکە دەستور دانی بەوەدا ناوە کە باڵادەستی بۆ یاساکانی ھەرێمی کوردستانە کاتێک ناکۆک یان ھاودژ بێت لەگەڵ یاسا فیدرالیەکان، بەڵام یاسای نێوبراو ھیچ شتێکی نادەستوریی تێدا نیە و دادگای فیدرالی لە بڕیارەکەیدا، خۆی لەشوێنی یاسادانەر داناوە کاتێک ھەستاوە بە ھەموار کردنی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کاتێک دابەشکردنی ناوچەکانی ھەڵبژاردن لە دەسەڵاتەکانی دیاریکراوی پەرلەمانی کوردستانەو بە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە دادگای فیدراڵیەوە نیە بە شێوەیەک کە وا دەخوازێت پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاکەدا بکرێت سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە کۆتاییەو ھەموو دەسەڵاتەکان دەبێ پێوەی پابەند بن بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە بۆ ئەوەی رەچاوی دادپەروەری و یەکسانی بکات چونکە یەکسانی و دادپەروەری بناغەی حوکمرانیە و پەیڕەوکردنی لەنێو خەڵکدا ھێز و پێگە و سەنگ و قورسایی لەنێو کۆمەڵگەدا پتەو دەکات ئەویش بۆ گەرەنتی کردنی ماف و کەرامەتی ھاووڵاتیان بە بێ جیاکاری ئیتنی و دینی و نەتەوەیی و مەزھەبی یان رەگەزیی.


دادوەر 

عبدالجبار عزیز حسن
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان

١٣/٣/٢٠٢٤

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی "میھر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووریدا تائێستا، ٢٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە و دوو ھەزار و ١١٤ کەسیش برینداربوون، کە ھەزار و ٦١٦یان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و برینی ٤١٣یان قورسە، ھەروەھا ١٥٢ کەسیان کەمئەندامبوون و ٧٠٠ کەسیش زیان بەر چاویان کەوتووە. 

رێوڕەسمی چوارشەممە سووری، رێوڕەسمێکی مێژووی ئێرانە، لە دوایین شەوی چوارشەممەی پێش نەورۆز بەڕێوەدەچێت و لە شەقام و گۆڕەپانەکان و شوێنە بەرزەکان ئاگردەکرێتەوە و خەڵک باز دەدات بەسەریدا. ساڵی رابردووش لەو رێوڕەسمەدا ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە چوار ھەزار کەسیش برینداربوون.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە سێ تەوەر پێکھاتووە، لە تەوەری یەکەمدا باس لە سەردانی وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەمریکا دەکرێت و کۆبوونەوە و دیدارەکان لە کۆشی سپی و کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە و پنتاگۆن و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، دەخرێنەڕوو.  

لە تەوەری دووەمدا، راپۆرتی دەستەی دەسپاکی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتمانی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو. 

تەوەری سێیەمیش بریتییە لە خستنەڕووی ھەنگاو و رێکارەکانی ئەمدواییەی وەزارەتی دارایی و ئابوری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم، سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران، لەبەر رۆشنایی دواپێشھات و گۆڕانکارییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ، دەرگای پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە و تا رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 

لەو پڕۆسەیەدا، دەبێت سەرۆکی حزب یاخود سەرۆکی لیست لەوکاتەی ناوەکان پێشکەشدەکەن ئامادەبن و ئیمزای بکەن، ھەر حزبێکیش بیەوێت جیابێتەوە لە ھاوپەیمانییەک، دەبێت لەو ماوەیەدا جیابوونەوەکەی رابگەیەنێت. 

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی ١٤ی ئادار کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدە سەربەخۆکان و کاندیدی حزب و ھاوپەیمانێتییەکان. کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، تائێستا لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٢٤ کاندیدی سەربەخۆ ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە و ھیچ ھاوپەیمانێتییەکیش تۆمارنەکراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەسەر جووت سایدی ھەڤاڵان لە نزیک بازاڕی منارەی شاری ھەولێر، لەلایەن پیاوێکەوە دەستڕێژی گوللـە لە دوو ژن کراوە و بەھۆیەوە برینداربوون.

ئەوەشی خستەڕوو، تەقەکەرەکە ھاوسەری یەکێک لە ژنەکانە و پێشتر کێشەی کۆمەڵاتییان ھەبووە، دوای رووداوەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ژنەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ھێزە ئەمنییەکانیش لە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە، بەڵام تائێستا تەقەکەرەکە دەستگیرنەکراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەم پرۆژەیە بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای سویسری (ئای کیو ئایر - IQAir) ئەنجامدراوە کە پسپۆڕن لە سیستەمەکانی چاودێری و پاڵاوتنی ھەوادا. ئامانجی پرۆژەکە نیشانەکردنی پرسی گرنگی پیسبوونی ھەوایە لە عێراقدا، کە یەکێکە لە پیسترین وڵاتەکانی جیھان لە کواڵیتی ھەوادا.

دەربارەی تۆڕی کواڵیتی ھەوا کە لە مانگی ١١ی ٢٠٢٣ لە کۆنفرانسی دامەزراوەی مید راگەیندرا، پێکھاتووە لە ٣٠ ھەستەوەری زیرەک بۆ چاودێریکردنی کواڵیتی ھەوا لە ڕووبەرێکی فراوانی حەڤدە ھەزار کیلۆمەتر دووجادا (١٧,٠٠٠km٢) و شوێنە سەرەکییەکانی تەواوی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە بە ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕێن و گەرمیانیشەوە.

ئەم ھەستەوەرە پێشکەوتووانە بە ڕاستەوخۆیی زانیاری لەسەر کواڵیتی ھەوا کۆدەکەنەوە کە ھەموو ٣ خولەک جارێک داتا تۆماردەکەن لە سەر پیسی ھەوا، پلەی گەرما، پەستان و شێ. کۆکردنەوەی زانیاری گشتگیر ئاسانکاری دەکات بۆ شیکارییەکی قووڵی سەرچاوەکانی پیسبوونی ھەوا، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بڕیاری ئاگادارانە و بەر مەبنای داتا بدەن بۆ گەشەپێدانی بەردەوام. سەرەڕای ئەمەش، ئەم داتایانە لە ڕێگەی داشبۆردێکی تایبەتەوە لە ماڵپەڕی (IQAir) و ئاپلیکەیشنی مۆبایلی (AirVisual) بەردەست دەبن، ئەمەش شەفافیەت و بەشداریکردنی گشتی بەرز دەکاتەوە.

ھاوبەشەکانی تۆڕی کواڵیتی ھەوا
ئەم دەستپێشخەرییە بە پاڵپشتی کۆمپانیای بواری ئینتەرنێت (iQ Group - IQ Online) و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO - Civil Development Organization) پشتگیری دەکرێت. کۆمپانیای (iQ Group) کە پێشەنگی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە لە عێراقدا، بەردەوام دەبێت وەک ھاوبەشێکی ستراتیژی لەگەڵ دامەزراوەی مید و رۆڵی سەرەکی ھەبووە لەم پرۆژەیەدا، ئەویش بە بەستنەوەی ھەستەوەرەکان بە ھێڵی ئینتەرنێت و کارەبای بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە بەرفراوانەکەی فایبەر ئۆپتیکەوە لە ناوچە دیاریکراوەکاندا.

کواڵیتی ھەوای عێراق
عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی ژینگەیی ھەستیار بوەتەوە، کە ڕیزبەندی دووەم وڵاتی پیسبووی وەرگرت لەسەر ئاستی جیھانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا و بە سەرچاوەیەکی پێشەنگی سووتانی غاز ناسێندرا. ئەم پرسە مەترسیدارانە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی دەستپێشخەرییەکانی وەک تۆڕی کواڵیتی ھەوای دامەزراوەی مید دەکەنەوە. ئەم پڕۆژەیە تەنھا وەڵامێک نییە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمی ئاو، سوتانی گازی کێڵگە نەوتییەکان و بیابانبوون بەڵکو ھەنگاوێکی چالاکانەیە بەرەو چارەسەری بەردەوام.

ئامانجی تۆڕی کواڵیتی ھەوا گۆڕینی ڕێبازی عێراقە بۆ بەڕێوەبردنی ژینگە لە ڕێگەی دابینکردنی داتای ورد و ڕاستەقینەی کواڵیتی ھەوا کە ھەمووان دەستیان پێ بگات. ئەم داتایانە پاڵپشتی ھاووڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنی و داڕێژەرانی سیاسەت دەبێت بۆ بڕیاردانی ئاگادارانە، پاڵنەرە بۆ وەرگرتنی وزەی پاک، جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ھەوای پاک، و بەرزکردنەوەی ھەوڵە پەروەردەییەکان لەسەر داتا ژینگەییەکان. لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە، دامەزراوەی مید ھەوڵدەدات تەندروستی گشتی بپارێزێت و عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرەو داھاتوویەکی بەردەوامتر و دۆستی ژینگەیی ئاڕاستە بکات.

گرنگی داتاکانی کواڵیتی ھەوا
تۆڕی کواڵیتی ھەوا بە شێوەیەکی وورد بەدواداچوون بۆ ئاستی گەردیلەکان (PM – Particulate Matter) دەکات، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی ھەیە، لەوانە:

جۆری (PM٢.٥) گەردیلە بچووکەکانی سووتانی سوتەمەنی (ئۆتۆمبێل، کارگە) دەتوانن بگەنە قووڵایی سییەکان و سووڕی خوێن، ئەمەش دەبێتە ھۆی کێشەی ھەناسەدان و دڵ، ھەروەھا کاریگەری لەسەر تەندروستی مێشک و گەشەکردنی کۆرپەلە دەبێت.

جۆری (PM١٠) ھەڵمژینی گەردیلە گەورەکانی ھەوا لە تۆز و بیناسازییەوە دەتوانێت کۆئەندامی ھەناسەدان ھەستیار بکات و دەبێتە ھۆی تەنگەنەفەسی و ھەوکردنی بۆرییەکانی ھەناسە.

جۆری (PM١) بچووکترین تەنۆلکەکان، لە سووتانی سووتەمەنی و کۆنبونی تایەکان دروست دەبن، دەتوانن کاریگەری قووڵیان ھەبێت لەسەر سییەکان و ئەندامەکانی تر، لەوانەش دڵ.

ئەم داتایانە زۆر گرنگن بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی ھەوا، ڕێنماییکردنی ڕێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن، و ڕێسا ئاگادارکەرەوەکان بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی لەو ناوچانەی کە دەردانی گازی پیشەسازی و گازی ئۆتۆمبێل زۆرە.

دەستپێشخەری شۆڕشی داتا
عێراق و ھەرێمی کوردستان بەھۆی کەمیی داتاکان لە گشت بوارەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بڕیاردان دروستکردوە لە ھەردوو کەرتەکانی گشتی و تایبەتدا. بە مەبەستی ڕوبەڕووبونەوەی ئەم ئاڵنگاریە بەرفراوانە، لە مانگی ١١ی ٢٠٢٣ لە کۆنفرانسی دامەزراوەی مید )دەستپێشخەری شۆڕشی داتا( راگەیەندرا لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی بۆشاییەکانی داتا و زانیاری گشتی و ئابووری بە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک بۆ دروستکردنی داتای نوێ. تۆڕی کواڵیتی ھەوا یەکێکە لە پرۆژەکانی دەستپێشخەری شۆڕشی داتا کە تایبەتە بە ژینگە و تەندروستی.

دەستپێکردن و دەستڕاگەیشتن
تۆڕی کواڵیتی ھەوا لە پاییزی ٢٠٢٣ دەستیپێکردووە و بڕیارە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤دا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەردەست بخرێت بۆ ھەموان، کە دەستڕاگەیشتنێکی بێ وێنەی داتای کواڵیتی ھەوا بۆ ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دابین دەکات. ئەم پرۆژەیە نەک ھەر نوێنەرایەتی پێشکەوتنێکی بەرچاو دەکات لە چاودێریکردنی ژینگە لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بەڵکو ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو داھاتوویەکی تەندروستتر و بەردەوامتر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەگوێرەی پڕۆژەی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کە ئیدارەی بایدن ئامادەی کردووە، ٥٢٨ ملیۆن و  ٦٩٩ ھەزار دۆلاری ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە و ھەسەدە و سوپای عێراق تەرخانکردووە، لەو بڕەش ٣٨٠ ملیۆن و ٧٥٨ ھەزار دۆلار بۆ پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق خەرج دەکرێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێشنیازیکردوە ساڵی داھاتوو بەبەھای ١٤٧ ملیۆن و ٩٤١  ھەزار دۆلار ھاوکاری سەربازی پێشکەش بە ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) بکات.

ئەو بودجەیە دوای پەسەندکردنی لەلایەن کۆنگرێسەوە، بەمەبەستی مەشق و ڕاھێنان و پڕچەککردنی ئەو ھێزانە خەرج دەکرێت کە بەشدارن لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...303304305306307...928