شۆڕش ئیسماعیل: دوو ناوچەی سەرکردایەتیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاردەبن
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دوو ناوچەی سەركردایەتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەكاردەبن، وەزیری پێشمەرگەش دەڵێت، ئەو ناوچانە بۆ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لە ژێر سەركردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی باڵای كرد لە وەزارەتی پێشمەرگە، كە لێپرسراوی تیمی راوێژكارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان ئامادەبوو، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە دوو ناوچەی سەركردایەتیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرەتای ساڵی 2025 دەستبەكاربن، كە هەموو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی تێدا رێكدەخرێتەوە و لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیردەبن، بە كۆی دەنگیش بڕیاردرا لەسەر بنیاتنانی بنەماكانی یەكەیەكی یەكگرتووی ژمێریاری سەربازیی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند، هەمووان هاوڕابوون ئەو ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێكی نیشتمانی یەكگرتووی كوردستانی، كە پارێزگاری لە خەڵك و خاكی كوردستان دەكات لە هەر مەترسییەك كە لە ئێستا و ئایندەدا روبەڕوویان دەبێتەوە.

