بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غازەوە لە گەرمیان منداڵێک گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکە بریندار بوون
هەساو ئەمیر
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غازەوە لە گوندێکی سەر بە قۆرەتوو، منداڵێکی ١٠ ساڵ گیانی لەدەستدا و باوک و برایەک و دوو خوشکی بریندار بوون.
عەلی جەمال قدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە، لە گوندی مەحمود قەجەر سەر بە ناحییەی قۆرەتوو، شەش بریندار گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، کە بەهۆی تەقینی سیستمی غازەوە بەشێکی جەستەیان سوتابوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سەختی برین و زۆری رێژەی سوتاویەکەیەوە یەکێک لە بریندارەکان بەناوی ئارش ئەحمد حەسەن، لەدایکبووی ساڵی ٢٠١٤ گیانی لەدستدا.
ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی برینداربوون و گیانیان لەدەستدا سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزان بوون، کە پێکهاتبوون لە باوک و دوو خوشک و دوو برا.
دەشڵێت، لە ئێستادا بریندارەکان لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویست وەردەرگن و تەرمی ئارشی ١٠ ساڵیش بۆ پزیشکی دادی کەلار نێردراوە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستووەتە روو، لەئێستادا پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەکە و لەسەر دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیتی و هۆکاری رووداوەکە کردووە.









