دادگای كەرخ بڕیارێكی پێشووی سەبارەت بە گرێبەستیە نەوتییەكانی هەرێم هەڵوەشاندەوە
کەژان
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دادگای كەرخ بڕیارێكی پێشووی سەبارەت بە گرێبەستیە نەوتیەكانی هەرێم هەڵوەشاندەوە، بەوەش گرێبەستەكانی ٩ كۆمپانیا لەگەڵ هەرێم بە یاسایی دادەنرێن.
پێگەی "عیراق ئۆیڵ ریپۆرت" بڵاویكردەوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی كەرخ ١٨ی ئەم مانگە بڕیارێكی پێشووی خۆی هەڵوەشاندەوە كە پێشتر لەسەر بنەمای سكاڵای وەزارەتی نەوت دەریكردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانی نۆ كۆمپانیای نەوتی لەهەرێمی كوردستان.
گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانەی كە بڕیارەكە دەیانگرێتەوە و بەپێی دوایین بڕیاری دادگا یاسایین بریتین لە كۆمپانیای ئەداكس، داناغاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم، جێنێل ئینێرجی، گالف كیستۆن، ئێچ كەی ئێن ئینێرجی، شاماران، وێسترن زاگرۆس.
بڕیارەكەی پێشووی دادگا ساڵی ٢٠٢٢ دەركرا كە لەسەر بنەمای سكاڵای وەزارەتی نەوتی عیراق گرێبەستە نەوتییەكانی ئەو كۆمپانیایانە لە هەرێم بە پوچەڵ دانرا، دواتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تانەی لە بڕیارەكەدا.