سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێکراوە، کە گرنگترینیشیان پرسی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بوو.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن و چەند پرسێکی دیکە بەردەوامی دەبێت و لەوچوارچێوەیەشدا بڕیارە رۆژی ھەینی داھاتوو رێکەوتی ١٥ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە مەکتەبی سیاسی کۆببێتەوە.
وەزارەتی دارایی لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، داوایان لە عێراق کردبوو بەبێ جیاوازی تەواوی مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەڵام عێراق تەنھا بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە کە دەکاتە ڕێژەی تەنھا ٥٩٪ی موچە و ٤١٪ی موچەخۆران لە شایستەی موچەکانیان بێبەشکراون.
دەشڵێت تا ئێستا پارەکەی بەغداد نەگەیشتووەتە دەستیان و کورتھێنانی موچە بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی ٣٩٠ ملیار دینار دروست دەبێت.
وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکردووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی بۆ موچەی مانگی ئادار ھیچ تەمویلێکی حکومەتی ھەرێم ناکرێت ئەگەر مووچەی ھەرێم بە ئەلیکترۆنی نەکرێت، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ھەژماری من لە مێژە دەستیکردووە بە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی موچە و نابێت ھیچ ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی ھەرێم لە لەموچەکانیان.
وەزارەتی دارایی جەختدەکاتەوە لەسەر خەرجکردنی تەواوی مووچەی ھەرێم، داوا دەکات وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی ئادار ھیچ کۆتوبەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچە دانەڕێژێت.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسنوری سلێمانی تائێستا ھیچ ھاوپەیمانێتییەک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام چوار کەس وەک کاندیدی سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
ھاوکات، خالید عەباس بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دھۆک شەش کاندیدی سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام ھیچ ھاوپەیمانێتییەک تۆمارنەکراوە.
رۆژی ١٤ی ئادار کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدە سەربەخۆکان و کاندیدی حزب و ھاوپەیمانێتییەکان، ھەروەھا لە ١٣ تا ٢٢ی ئادار لیستی کاندیدەکان وەردەگیرێت.
تولای حاتەم، ئۆغۆلاری ھاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە بێرێچوکی سەربە شاری رەحا، رایگەیاند، ھەم شارەوانی بێرێچوک و ھەم شارەوانی شارە گەورەکان دەبەنەوە، کاتێکیش سەرکەوتن ھەلی کار دروستدەکەن و گەنجان لە شارەکانی خۆیان بە زمانی دایک خزمەتدەکرێن.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئاکەپە و پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی (جەھەپە) دژی کوردەکان ھاوکاری یەکتر دەکەن، نابێت ھیچ کوردێک دەنگ بە ئاکەپە بدات، ھەر دەنگێک بە ئاکەپە دەدرێت بۆ مەھەپە دەچێت.
ھاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا فشاریان لەسەربووە، بەڵام ھێشتا سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە، وتیشی، حکومەتی ئاکەپە لە زۆر بواردا دەنگدەرانی گواستووەتەوە، کارەکانیان دژ بەو رەوشە بەردەوام دەبێت.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بانکی ئیسلامیی عێراق دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی بەشداری لە پڕۆژەی ھەژماری مندا دەکات، لەگەڵ بانکە بەشداربووەکانی دیکە کە بریتین لە بانکەکانی (ئەی بی بی سی و ئارتی و ئێن بی ئایی و جیھان)، پێشبینیدەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری ھەژمارەکە بکەن، چونکە چاوەڕێدەکرێت لە ساڵی داھاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەربکرێت.
راشیگەیاندووە، ھاوبەشیی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بانکەکان، بووە ھۆی زیادبوونێکی بەرچاوی ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم).
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا زیاتر لە ٢٤٠ ھەزار ھەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دروستکراون و زیاتر لە ١٢٠ ھەزار کارتی بانکی دابەشکراون، پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەجۆرانیش لە ھەرێم بەردەوامە، بەپێ پلانی خۆی تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆماردەکرێن، ئەو ھەنگاوەش بەشێکە لە ھەوڵەکان بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی زیاتر بۆ ھاووڵاتیان و مووچەخۆران.
سۆران عومەرئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، پێویستە ھەرێم بەڕەسمی پابەندیی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رابگەیەنێت بۆ جێگیرکردنی مووچە لە رێگەی بانکە فیدراڵییە حکومییەکان، بۆ ئەوەش کات بەفیڕۆدان لە زیانی خەڵکی کوردستانە، کردنەوەی ھەژماری بانکی لەڕێگەی بانکە فیدراڵیەکانەوە کاتی پێویستە.
دەشڵێت، داواکردنی مووچەی مانگی ئادار لەرێگەی ھەژماری بانکی، بۆ ئەوەیە وەزارەتی دارایی ھەرێم بێتە بەغداد بۆ لێکگەشتن و رێککەوتن لەسەر ئەو بابەتە.
سۆران عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ٢٠ رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیارەکەدا ھێشتا حکومەتی ھەرێم ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە ئەوەش ئاماژەی باش نابەخشێت، ئەو بێدەنگیە وادەکات ناردنی مووچە بوەستێت، ناکرێت پێداگریش لەسەر "ھەژماری من" و بێدەنگی حکومەتی ھەرێم ببێتە ھۆی نەناردنی مووچە.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بە چوار لیست نزیکەی ٥٦٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، خراوەتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لیستی یەکەم مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازییە و لیستی دووەمیش مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەتە و لیستی سێیەمیش مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوانە، ھەروەھا لیستی چوارەمیش، مووچەی ٣٧ وەزارت و دەستە و سەرۆکایەتییەکان و ئەنجومەنی دادوەرییە.
سۆران عومەر راشیگەیاند، بەغداد مووچەی لیستی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش نەنیاردووە کە بڕی ٣٠٠ ملیار دینارە و پێویستە ھەرێم لە داھاتی ناوخۆ دابینی بکات.
ناردنی پارەکە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی عێراق ئێوارەی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دەستیان بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێم کردووە، راشیگەیاند، بۆ مووچەی مانگی ئادار ئەگەر ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم نەکرێتەوە، ئەوا مووچە نانێرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی عێراق و نوسراوی دادگای فیدڕاڵی، دەستیان کردووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێم.
دەشڵێت، دادگای فیدراڵیان ئاگادارکردووەتەوە کە خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران دەستیپێکردووە، بەوپێیەی جێگرکردنی مووچە پێویستی بەکاتە، بۆیە تەنھا بۆ مانگی شوبات بەم شێوەیە خەرجدەکرێت، بەڵام بۆ مووچەی مانگی ئادار بەم شیوەیە خەرج ناکرێت، تا ئەوکاتەی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم نەکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوەشکردووەتەوە، حکومەتی ھەرێم بەرپرسیارێتی یاسایی لە راستی و دروستی ئەو زانیاریانە دەگرێتە ئەستۆ کە پێشکەشیکردوون، ھەروەھا بە بەرپرسیاریشی دەزانێت لە خەرجکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی شایستە و راستەقینە.
ھاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بڕیاروایە سبەینێ بەغداد پارەکە بخاتەسەر ھەژماری بانکی وەزارەت و دوای گەیشتی پارەکە خشتەی مووچە رابگەیەنێت و لە ماوەی ھەفتەیەکدا مووچە دابەشبکرێت.
لە روونکردنەوەیەکدا، رێبوار تەھا سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت، بۆ ھەموو لایەکی روون دەکەنەوە کە پاش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک، ئەو بڕیارە راگیراوە و کاری پێی ناکرێت.
وتیشی، ئەوە بەھەموو لایەک رادەگەیەنن، کە بڕیاری لەو جۆرە پێویستی بە راوێژ و گفتوگۆ و بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەبێت، ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە بەھیچ جۆرێک کاری پێناکرێت و نا یاسایی و نا دەستوورییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە راکان جبوری لە نوسراوێکدا بڕیاریدا، ئەو ئاوارانەی لە ساڵانی رابردوودا ئاوارەی سنوری کەرکوک بوون، وەک ھاووڵاتی نیشتەجێی ھەمیشەیی کەرکوک بناسێنێت.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پێکھێنانی لیژنەکان پاراستنی تەندروستی گشتییە و پێویستە لیژنەکان بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بکەن بۆ پشکنینی پێداویستی خۆراکی.
وتیشی، خشتەی کاروچالاکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەجۆرێک رێکبخرێت کە بەردوام چەند لیژنەیەک لەبازاڕ پشکنین بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانە ئەنجامبدەن کە لە مانگی رەمەزاندا خواستی زۆریان لەسەرە.
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، دادگای فیدراڵی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکەن، چونکە رێکاری بە ئەلکترۆنیکردنی فەرمانبەران کاتی دەوێت و بەم مانگە تەواو نابێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار ئەگەر ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم نەکرێتەوە، ھیچ بڕە پارەیەک رەوانە ناکات.
وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسیارێتی یاساییشی خستە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دروستی و وردیی زانیاری و داتاکان کە پێشکەشی لایەن و دەستە چاودێری و یاساییەکان دەکات، بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی راستەقینە.
ھەروەھا داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" کردووە، ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئاستی پابەندی ھەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوت بەپێی ماددەی ١١ و ١٢ لە یاسای بودجە رابگەیەنن، ٢٥ی ھەموو مانگێکیش زانیاری وەربگرن لەسەر نەوتی ھەناردەکراو و رادەستکراو لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی وەزارەتی دارایی و بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕی زیاتر لە ١٠ ملیار و ٩٩٧ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دینار خرایە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بۆ مووچەی مانگی شوباتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری کۆمەڵایەتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەروەھا، بڕی زیاتر لە ١١٩ ملیار و ١٣٩ ملیۆن و ١٩٥ ھەزار و ٦١٤ دیناری خستە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم، بۆ شایستە داراییەکانی مانگی شوباتی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختیکردووەتەوە، ئەو دوو بڕە پارەیە بە قەرز خراوەتە سەر ھەژماری وەزارەتی دارایی ھەرێم لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی دوای تەواوبوونی وردبینی لە لیستی وەزارەتەکان، بە گوژمەی جیاجیا پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران رەوانە دەکات.
لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال مەکتەبی سکرتارییەت، سەردانی پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەری گەلی کورد عومەر چاوشین یانکرد.
لەو بەسەرکردنەوەدا مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بەڕێزەوە لەخەبات و قوربانیدان و تێکۆشانی عومەر چاوشین نیان ڕوانی کە وەک قارەمانێکی شۆڕشی نوێی بەشدارێکی چالاک و سەرڕاستی گەلەکەی بوو کە ھەر لەو پێناوەشدا لە ساڵی ١٩٨٨ لە ناوچەی شانەخسێ بەھۆی کیمابارانی ڕژێمی بەعسی فاشست چاوەکانی لە دەستداو بەڵام ھەر وەک شۆڕشگێڕێک لە بەرەی گەلەکەی مایەوە کە ئەمە جێگای شانازیی ھەموولایەکە.
لەبەرامبەردا عومەر چاوشین وتی وێڕایی سوپاس و پێزانین بۆ ئەم دیدار و بەسەرکردنەوانە دەبنە فاکتەرێکیش بۆ دڵخۆشی و ھەستکردن بەو خەباتەی تەمەنی خۆمان لەپێناودا بەخشی وەک پێشمەرگەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی خزمەتی گەلەکەم کردووە.
جومانە غەلای بە كوردسات نیوزی راگەیاند، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 13ی ئەم مانگەوە دەرگای پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە و تا رۆژی 22ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلای ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە دەبێت سەرۆكی حزب یاخود سەرۆكی لیست لەو كاتەی ناوەكان پێشكەش دەكەن ئامادە بن و ئیمزا لەسەر لیستەكان بكەن. هەر حزبێكیش بیەوێت جیابێتەوە لە هاوپەیمانییەك، دەبێت لەو ماوەیەدا جیابوونەوەی رابگەیەنێت.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی....
ئەمڕۆ یادی شکۆداری ٥٤ ساڵەی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دەکەینەوە کە لەنێوان دەسەڵاتی ئەوسای عێراق و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر واژۆ کرا. ڕێککەوتننامەکە وەرچەرخانێکی چارەنووسساز و یەکەم بەڵگەنامەی فەرمی بوو لە مێژووی ھاوچەرخدا. بەرھەمی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کوردستان بوو کە حکوومەتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانیدا بنێت، ھەروەھا بووە بناغەی ھەموو دەسکەوتەکانی دواتری گەلی کوردستان.
لەم یادەدا مێژووی پڕ لە نەھامەتیی دەوڵەتی عێراق بە بیری ھەمووان دەھێنینەوە کە لۆژیکی ھێز و بیر و سیاسەتی نکۆڵیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەکانی عێراق بەگشتی، چ زیانێکی لە وڵات داوە؟ پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتی ئەوسای عێراق لە ڕێککەوتننامەکە، شەڕ و ماڵوێرانی و کارەسات و ناسەقامگیریی بەردەوامی بۆ عێراق و گەلانی بەدوای خۆیدا ھێنا کە لێکەوتەکانی تا ئەمڕۆش بەردەوامن.
با لە ھەرێمی کوردستان ئەم یادە بکەینە دەرفەتی لێکگەیشتنی ھاوبەشی لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەراندنی کێشە و ناکۆکی تا پێکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و دەسکەوت و مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی ھەرێمی کوردستان بپارێزین. لە عێراقیش پەند و وانە لە ڕابردوو و مێژووی پڕ لە ئازاری وڵات وەربگرین، دەستوور جێبەجێ بکەین و سیستمی فیدراڵی و مافەکانی ھەموو گەلان و پێکھاتەکانی عێراق بپارێزین و بە ڕوانینێکی ھاوبەش بەرەو داھاتوو ھەنگاو بنێین.
سڵاو لە یادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار و دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٣/١١
پەروین فاتیح، سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەفتەی داھاتوو سێیەمین کۆبوونەوەی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی کەرکوک و سودانی بەڕێوەدەچێت، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان و پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک.
وتیشی لایەنە براوەکان بەجیا پرۆژەیان پێشکەشی سودانی کردووە و ئەگەر لێکتێگەیشتن ھەبێت لەو کۆبوونەوەیەدا دابەشکردنی پۆستەکان و پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی یەکلایی دەکرێتەوە .
پەروین فاتیح جەختیکردەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک مافی یەکێتییە بەو پێیەی خاوەنی زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگایە و بەھیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافەکانیان ناکەن.