مەکتەبی شەهیدان و تێکوشەران لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سەماوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبووی کەسوکاری قوربانیەکان بکاتەوە و رۆڵی خانمی یەکەمی عیراقیش بەرزدەنرخێنین کە بایەخ بە پرسە نیشتمانیە دەدات؛ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی گۆڕە ونبوەکان دەدات.

‏دەقی راگەیەنراوی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران:

‏بەبۆنەی هەڵدانەوەی گۆڕێکی تری بەکۆمەڵی سەردەمی ئەنفال

‏کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

‏کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید

‏هەمووان دەزانن کە تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد برینێکی ساڕێژ نەبوون و هێشتا ئاسەواری زۆری تاوانەکان ماون.

‏لەوانەش پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە  پرسێکی ئینسانی و سیاسیە، بەتایبەتیش لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەهەزاران ژن و مناڵ و پیرو لاو لە زێدی خۆیان لە کوردستان راگوێزران بەرەو بیابانەکانی باشوری عیراق لەوێ زیندەبەچاڵ کران.

‏ئەو تاوانە تاوانێکی نێودەوڵەتی بوو.

‏پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبووی کەسوکاری قوربانیەکان بکاتەوە، لەهەمان کاتدا ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتیە بۆ لەمەودوا نەهێڵێ  کورد توشی کۆمەڵکوژی تر ببێتەوە.

‏رۆژی ٢٠٢٤/١٢/٢٢ گۆڕێکی تر لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدرایەوە. دیمەنەکانی ناو گۆڕەکان ناخ هەژێنن،  قوربانیەکان هەموو کوردن و لە شاڵاوەکانی

 ئەنفالدا لەوێ زیندە بەچاڵ کراون.

‏وەکو مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران 
‏جارێکی تر هاوخەمی بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆسایدی کوردستان دەردەبڕین. 


‏لەهەمان کاتدا رۆڵی شاناز خان خانمی یەکەمی عیراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەرز دەنرخێنین کە بایەخ بەم پرسە نیشتمانیە دەدات و، هەوڵ بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە دۆزراوەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی گۆڕە ونبوەکان دەدات. هەروەها کارکردن بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان لەپێناو ناسینەوەی قوربانیەکان هەنگاوێکی نوێیەو، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی خانمی یەکەمی عیراق دەکەین و ئەم پرۆسەیە دەبوو زوتر ئەنجام بدرایە، بەڵام هێشتا درەنگ نیەو پێویست دەکات بەردەوام بێ تا هەموو کەسوکاری قوربانیان سامپڵی خوێنیان لێ وەردەگیرێت.

‏خوازیارین ئێسک و پروسکەکان لەمەراسیمێکی شایستەدا، بەئامادەبونی نوێنەرانی وڵاتان و دیپلۆماتکارانی نێودەوڵەتی بگەڕێنرێنەوە خاکی نیشتمان و بەشکۆوە بەخاک بسپێردرێن.

‏لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا زیاتر لە ( ١٨٢٠٠٠ ) مرۆڤی کورد بونە قوربانی دەستی رژێمی لەناوچووی بەعس. هێشتا ئاسەوارەکانی تاوانەکە بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە دیارەو برینەکانی هەرگیز ساڕێژ نابن.

مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران
‏٢٠٢٤/١٢/٢٢