هەسەدە كوژرانی ٥٢ چەكدار و "شەهیدبوونی" پێنج شەڕڤانی لە دەوروبەری بەنداوی تشرین راگەیاند، ٣٠٠ تۆن گەنمیش بەهۆی بۆردومانی توركیاوە لە سنووری كۆبانێ سوتان.

ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە لە مەنبەج رایگەیاند، توركیا و گروپە چەكدارەكان هێرشی زەمینی و ئاسمانی و بۆردومانیان بۆ سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین چڕكردووەتەوە، شەڕڤانانیش بەرەنگاریان بوونەتەوە

هەسەدە رایگەیاندووە لە ماوەی ١٢ سەعات شەڕوپێكداداندا ٥٢ چەكدار كوژراون و دوو زرێپۆشیش تێكشكێنراون، پێنج شەڕڤانیش "شەهیدبوون".

لە لایەكی دیكەوە ، گوڵستان شێخۆ، هاوسەرۆكی كەمپەینی پێشكەوتن و كۆمەڵگەی كشتوكاڵی لە كانتۆنی فورات ئاشكرایكرد، درۆنێكی توركیا بۆردومانی سایلۆیەكی لە نزیك سرین لە باشووری كۆبانێ كردوە و بەهۆیەوە لانیكەم ٣٠٠ تۆن گەنم سوتاون.

شێخۆ هۆشداریی داوە لەوەی هەنگاوەكانی توركیا دژی رۆژئاوای كوردستان ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراك.