گروپی راوێژکاری مینی ناسراو بە رێکخراوی ئێم ئەی جی MAG لە گوندی گۆلباخی سەر بە ناحیەی قادرکەرەم، ناپاڵمێکیان دۆزیوەتەوە، بڕیارە لە شوێنێکی دووری گوندەکە بەشێوەیەکی زانستی و هونەری بیتەقێننەوە و لەناوی ببەن.

پشتیوان نوری یەکێکە لە دانیشتووانی گوندەکە و بۆ کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، "لە ساڵی ١٩٧٩ گوندەکەمان لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی رووخاوی بەعسەوە بۆردومان کرا، ئەو دوو گوللـەناپاڵمە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە و هێشتا نەتەقیونەتەوە".

ئەوەشی خستە روو، "پاش ئەوەی رێکخراوی ئێم ئەی جیمان ئاگادارکردەوە، ماوەی چەند رۆژێک سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەو دوو گوللـەناپاڵمە نەتەقیوە بوون، دواتر لە ڕێگەی ئامێری تایبەت بەدۆزینەوەی مین و تەقەمەنی لەژێر زەوی دانەیەکیان دۆزییوەتەوە و ئەمڕۆ دەیتەقێننەوە".

قونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاندووە، گروپی راوێژکاری مینی ناسراو بە رێکخراوی ئێم ئەی جی MAG لە ساڵی ٢٠١٥ تاوەکو ٢٠١٨، چوار ملیۆن و ٣٧ ھەزار و ٥٠٩ مەتر دوجا زەوی لە مین پاککردووەتەوە، هەروەها ٢٥ ھەزار و ٥٥٥ پارچە مین و تەقەمەنی لە ناوبراون.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ھەرێمی کوردستان ٧٧٦ کیلۆمەتر دووجا زەوی بە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی پیس بووە. لەو رووبەرە ٢٥٥ کیلۆمەتر دووجا ماوە کە پاک بکرێتەوە.

لە هەرێم، بە گشتی تاوەکو ئێستا ١٣ هەزار و ٥٩٣ کەس وەک قوربانییانی مین تۆمار کراون لەو ژمارەیەش ٣٦ کەسیان هەڵگرەوەی مین بوون.

No description available.
No description available.