فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت لە چوارچێوەی سوریادا نوێنەرایەتی پارێزگا و ناوچەكانیان دەكەن و داوای سیستمی فیدراڵییان نەكردوە.

مەزڵوم كۆبانێ‌، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، دەیانەوێت لە چوارچێوەی سوریای نوێدا، لە ناوچە كوردییەكان ئیدارەیەكی خۆسەر هەبێت و بەشێكبن لە سوریا و بەهێزەوە بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانەوەی سوریای نوێدا، جەختیش دەكاتەوە هیچ داواكارییەكییان بۆ سیستمی فیدراڵی نییە.

وتیشی، تائێستا هەڵوێستەكانی ئیدارەی نوێی دیمەشق ئەرێنین و بە ئەرێنییەوە لە هەڵوێستەكانیشیان دەڕوانن، پێویستە لە پێناو داهاتوودا دانوستان بكەن، ئامادەكاریشیان كردوە بۆئەوەی بەمزووانە دانوستانەكان دەستپێبكەن.

مەزڵوم كۆبانێ‌ راشیگەیاندووە، مەترسی لەسەر كۆبانێ هەیە و هەڕەشە و هێرشەكانی توركیا بەردەوامن، لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حكومەتی نوێی دیمەشقیش گفتوگۆ دەكەن، بۆئەوەی رێگری لە هێرشەكانی توركیا بكەن، پێویستە حكوومەتی نوێی سوریاش بە ئەرك و ڕۆڵی خۆی هەڵبستێت، چونكە ئەو ناوچانە بەشێكن لە سوریا.