سبەینێ وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بڕیارە سبەینێ وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغداد بكات، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراقیش دەڵێت، تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانەی هەرێم وردبینی كراوە و رێكخراوەتەوە.
رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، دوای ئەوەی وەزیری دارایی عیراق بڕیاریدا تیمێك لە وەزارەتەكەی سەردانی هەولێر بكەن، لە ماوەی ١٠ رۆژدا بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی هەرێم، تەواوی ئەو رێكارانەی بۆ رێكخستنەوەی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ـەوە تا مانگی ١١ـی ئەمساڵ مانگ بە مانگ وردبینی كراوە و رێكخراوەتەوە.
وتیشی، بەوشێوەیەی وەزارەتی دارایی عیراق داوایكردبوو لەسەر لیستی موچە و خەرجی بەكاربردن و ئەو بڕە پارانەی لە بەغدادەوە بۆ هەرێم نێردراوە، ئەو پارانەش كە لە هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرجكراوە بۆ پڕكردنەوەی موچەی مانگانە هەموی دیاریكراوە.
رێباز حەملان جەختی لەوەشكردووەتەوە، بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبەری گشتی ژمێركاری وەزارەتی دارایی هەرێم و تیمی تەكنیكی سەردانی بەغداد بكەن بۆ بەدواداچوونی كارەكان و كۆتایهێنان بە كێشە هونەرییەكان.