وەفدێكی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق کۆبوەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و هەمواری یاسای بودجە، دوای كۆبونەوەكەش وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، كۆبونەوەكە ئەرێنی بووە و سبەینێش بەردەوام دەبن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری كوردسات نیوز كەوتووە، لە كۆبونەوەكەدا یەكێك لە داوا سەرەكییەكانی وەزیری دارایی عیراق بەبانكیكردنی موچە بووە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت و سەرجەم تێبینییەكانی وەفدی هەرێمیشی لەبارەی لیستی موچە رەتكردووەتەوە.

وتیشی، وەفدەكە لە بەغداد دەمێنێتەوە و دووبارە رێكخستنەوە بۆ لیستی موچە دەكەن لەسەر بنەمای ئەو داواكارییانەی تەیف سامی لە كۆبونەوەكەدا خستوونیەتەڕوو و سبەینێش جارێكی تر وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبێتەوە و لیستی موچە بە جێكردنەوەی تێبینییەكان دەخەنەوەڕوو.

پەیامنێری كوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشكرد، تەیف سامی بە وەفدەكەی هەرێمی وتووە ئەگەر لیستی موچە چاكبكرێت، لە ماوەی 48 سەعاتدا تەمویلی موچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.