وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبونەوەی وەفدی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بڵاوکردەوە
٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبونەوەی وەفدی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە سبەینێ شەممە کۆبونەوەکان بەردەوام دەبێت.
دەقی راگەیەنراوەکە...
رۆژی هەینی ٣١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عیراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، وەفدی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.
بڕیارە سبەی شەممە کۆبونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە تا هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری.



