لە روونکردنەوەکەی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاتووە، ماوەی چەند رۆژێکە، بەمەبەست و سیناریۆی جۆراو جۆر، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی شۆڤێنی کەرکوک، کێشە و گرفت بۆ ھاوڵاتیانی کەرکوک درووستدەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لەگەڵ داخستنی رێگەی سەرەکی کەرکوک - ھەولێر نین و ھەوڵی جددییان داوە و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیە.
دەشڵێت، پارتی ھەوڵدەدات کێشەکان، ھەناردەی کەرکوک بکات، بەتایبەت کە روون بووەتەوە سەرجەم ئەو کەسانەی لە نێو خۆپیشاندانەکانن لە ھەولێرەوە ئاڕاستە دەکرێن، دەیانەوێت کێشە و پشێوی لەنێو نەتەوەکانی شارەکە درووستبکەن، بەڵام خەڵکی کەرکوک بە سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە ڕەسەنەکانی زۆر ھوشیارن و لە مەرامی ناحەزان تێگەیشتون.
مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی ئاشکراشیکرد، پارتی و ئەو لایەنە شۆڤێنییە عەرەبی و تورکمانانە، کە ھاوپەیمان و دۆستی یەکترن، کێشەیان بارەگا نییە، چونکە لەئێستادا بارەگای لق و ناوچەکانی چۆڵکراون، بەڵام بەمەبەست ناگەڕێتەوە، دەیانەوێت بەو بیانووە ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرکوک تێکبدەن.
لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا دەڵێت، "جارێکی دیکە دڵنیایی بە ھەموولایەک دەدەین، کە ئارامی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیانمان ھێڵی سوورن، تەواوی ھەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، رێگە نادەین مەرامی نەیاران جێبەجێبکرێت و ئاژاوە و کێشە بۆ شارەکەمان درووستبێت."
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی لە وتارێکدا لە فیستیڤاڵی ھەفتەی چالاکی کتێبخانەکان رایگەیاند، سلێمانی بووەتە یەکێک لە دادوەرەکانی کۆنگرەی یونسکۆ بۆ ئەو شارانەی داواکاری پێشکەش دەکەن تا لە بواری نوسین و داھێناندا ببنە ئەندام.
وتیشی، بڕیارە ئەمساڵ کۆنگرەی یونسکۆ لە کەنەدا بەڕێوەبچێت، سلێمانیش یەکێکە لەو شارانەی دیاریکراوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگەیەکانی تورکیا گوندەکانی، گەڵی رەش، گوێزەش و بن قەڵات و گوندی بێرکمە - یان لە سنوری برادۆست بۆردومانکرد.
وتیشی، بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، ئاگر لە ژینگە و دارستانەکانی گەلی ڕەش و خواکوڕک کەوتوەتەوە، زیانی زۆری بە لەوەڕگا و پشوپاوانی ناوچەکە گەیاندووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد چەند پێشنیازێکیان داوە بە حکومەتی عێراق بۆ رەوانەکردنی شایستەداراییەکان و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، لەوانە ناردنی موچەی دوومانگی فەرمانبەران لەگەڵ شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە.
وتیشی، پێشنیازێکی تریش ھەیە ئەویش سەرەتا بڕە پارەیەک بۆ دابەشکردنی مووچەی فەمانبەران بە قەرز بنێردرێت تا ئەو کاتەی ھەرێم و بەغدا رێکەوتنی کۆتایی واژۆ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، وەفدی عێراق بە وەفدی ھەرێمیان راگەیاندووە، تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکانی نێو بوودجە بە تەواوی جێبەجێی دەکرێن، تەنیا بڕی ٥٩٨ ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەو بڕە رازی نییە.
ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە سەعات پێنجی بەیانیی رۆژی شەممەوە بۆ ماوەی ٤٨ سەعات، قەدەغەی ھاتوچۆ لە پارێزگای دێرەزووری سوریا جێبەجێ دەکەن.
ھەسەدە، جەختی لە پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان لە دەستی ئەو گرووپانە کرد، کە بە "لەیاسادەرچوو" ناویبردوون و چەند رۆژێکە تووشی شەڕ و پێکدادان بوون لەگەڵیان.
لەلایەکی ترەوە بەرپرسێکی ھەسەدە رایگەیاند، گروپە لەیاسا دەرچووەکانی دێرەزوور ھاوکاریی سەربازییان لە سوریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وەرگرتووە، وتیشی، ئێران لە ناوچەکانی نێوان دێرەزوور و ئەلبوکەمالەوە چەک دەگەیەنێت بەو گروپانە.
ئەو بەرپرسەی ھەسەدە راشیگەیاند، لە گوندێکی نزیک دێرەزوور دەستیان بەسەر کۆگایەکی درۆن و موشەکی پێشکەوتوودا گرتووە، ھەروەھا ئەمریکا ئەو گرووپە چەکدارانەی بۆردوومانکردووە، کە ھاوکاری گروپە لە یاسا دەرچووەکانیان کردووە.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو موعتەسەم ئەکرەم
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵى کۆچی دوایی (موعتەسەم ئەکرەم) کەسایەتی دیارو بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق-م بیست.
کۆچکردوو کەسایەتیەکی شارەزا و دڵسۆز بوو بۆ کوردستان و دەوڵەتمەدارێکی سەرکەوتوو و خاوەن ئەزموون بوو، کۆچکردنی جێگای داخە.
بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگاى بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسول عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
بەڕێزان خانەوادەو کەسوکاری کاک موعتەسەم ئەکرەم
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کاک (موعتەسەم ئەکرەم) کەسایەتی دیارو ناسراو و بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراقم بیست، دڵگران و خەمباری کردم، ھاوبەشی خەمتانم.
کاک موعتەسەم وەک کەسێکی شارەزا و بە ئەزموون لە بوارەکەی خۆیدا لە کوردستان رۆڵێکی دیارو بەرچاوی ھەبوو، لە بەغدادیش وەک بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ھەمیشە دڵسۆزانە و خەمخۆرانە کاری دەکرد بۆ خزمەتی کوردستان.
بەداخەوە بۆ ئەم کۆچەو لەدەستدانی، پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆم ئاراستەی خانەوادەکەتان و سەرجەم دۆست و ھەڤاڵانی دەکەم، ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشی ھەموو لایەک بێت، خوای گەورە سەبووریمان بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، کرێکارەکە ناوی یوسف سەجیلەو تەمەنی ٢٠ ساڵەو خەڵکی شاری سەماوەیە، بەوتەی ھاوڕێکانی لەکاتی تێکردنی کۆنکرێتی سەقفی نھۆمی ١٢ی باڵەخانەیەک لەسلێمانی کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و گیانیلەدەستداوە.
راشیگەیاند، تەرمەکەی لەپەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانییە و لەکاتی گەیشتی کەسوکارەی تەرمەکەیان رادەستیان دەکرێتەوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوەش سەرقاڵی دەستنیشانکردنی ھۆکاری رووداوەکەن.
لەماوەی ئەمساڵدا ئەمە دووەم جارە لەسلێمانی کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانلەدەستدەدات، پێشتریش سێ کرێکار بەھۆی داڕمانی ئەسکەلەی بینایەکەوە گیانیانلەدەستدا.
شەڕڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە ھاوپەیمانەکانی بە پشتیوانی تۆپباران و ھێرشی مووشەکی لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری گوندەکانی باکوری رۆژئاوای شارەکەیان داوە و لە لایەن ھێزەکانیانەوە بەرپەرچدراونەتەوە.
وتیشی، لە گوندی عون دادات لە باکوری مەنبەج پەلامارەکە تێکشکێنراوە، بەڵام ھێشتا پێکدادان لە دەوروبەری گوندەکانی محسینلی، عەرەب حەسەن، ئوم جلود، سەیادە، دندنیە لە باکوری رۆژئاوای مەنبەج بەردەوامە و ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکانیش ئاوارەبوون.
دەقی پەیامەکی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان....
ھەڤاڵە سەربەرزەکانم
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە ٢٦ ھەزار شەھید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر.یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.
ھەروەھا جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت.
خوشک و براکانم
ھەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و ھەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە ھەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان ھەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و ھەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.
خۆشەویستان
مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان ھێندە زێڕینە کە ھیچ ھێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش ھێز و کاریگەریی یەکێتی لە ھەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای ھەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەھێزیی یەکێتی واتە بەھێزیی ھەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت ھەموو ھەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوێکتان ھاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی ھەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر ھەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.
ھەڤاڵان
ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا ھەڵگرتووە و بەھیواوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەھێزتر و نوێگەر ھەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەھیدان دەنووسینەوە.
شاد و سەرفرازبن
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز زانیاری لە لێپرسراوانی پارێزگای ھەڵەبجە دەستکەوتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانیش ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوای چەند نوسراو و زانیارییەکی لە پارێزگای ھەڵەبجە کردووە بە مەبەستی گرتنەبەری رێکارەکانی تایبەت بە ناساندنی مەرزی سازان وەک دەروازەیەکی بازرگانی لە نێوان ھەڵەبجە و کرماشان.
ناساندنی مەرزی سازان بە دەروازەیەکی بازرگانی لەنێوان پارێزگای ھەڵەبجە و پارێزگای کرماشان یەکێک بووە لە داواکارییەکانی ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە، بەھۆی ئەوەی ئەگەر ئەگەر مەرزی سازان بکرێتە دەروازەیەکی بازرگانی کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر بوژانەوەی ئابوری پارێزگای ھەڵەبجە.
بەوتەی لێپرسراوانی پارێزگای ھەڵەبجە مەرزی سازان کە تائێستا بەفەرمیش نەکراوەتەوە، داھاتەکەی لە زۆربەی مەرزەکانی دیکە زیاترە و بۆ سەرپێخستنی پڕۆژەکەش چاوەڕێی رێکارە کارگێڕییەکانن.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
شەھیدی سەرکردە کاک ئازاد ھەورامی، ناوێکی دیار و درەوشاوەی مێژووی پڕ لە شانازیی یەکێتی و نموونەی تێکۆشان و پاکێتی و دڵسۆزییە لەپێناو خاکی کوردستان.
ئەمڕۆ کە ٣٥ ساڵ بەسەر شەھیدبوونی کاک ئازاد ھەورامیی خەباتگێڕ و رۆشنبیردا تێدەپەڕێت، بەڕێزەوە یادی ئەو سەرکردە پاک و دڵسۆزە دەکەینەوە و سەری رێزمان لەبەردەم مێژووی پڕ لە تێکۆشانیدا دادەنەوێنین.
دروود بۆ گیانی پاکی کاک ئازاد ھەورامی و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
جۆن ھاریس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەرچەندە ھیچ وادەیەک دیارینەکراوە، بەڵام ئەوان تائێستاش باوەڕیانوایە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کاتییە و حکومەتی ھەرێم دەتوانێت پابەندبێت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی تەممووزدا لە کێڵگەی شێخان دەستیان بە بەرھەمھێنانی نەوت کردووەتەوە و رۆژانە ٢٣ ھەزار و ١٠٠ بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەرھەمدەھێنن، ھەر بەرمیلێک نەوتیش بە نزیکەی ٣٠ دۆلار دەفرۆشن.
پێشتریش کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایانگەیاندبوو، زیانەکانی راگرتنی نەوتی ھەرێم لە پێنج مانگی رابردوودا گەیشتووەتە چوار ملیار دۆلار، ھۆشداریشیان دابوو کە بەبێ گەرەنتی یاسایی و دارایی لەلایەن حکومەتی ھەرێم و عێراقەوە، ئامادەنین جارێکی دیکە دەست بە ھەناردەی نەوتی کوردستان بکەنەوە.
د. سیروان محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵی رابردوو کاتێک نەخۆشی کۆلێرا بڵاوبووەوە، تەندروستی گەرمیان ھەرزوو توانی حاڵەتە سەرەتاییەکانی کۆلێرا دەستنیشانبکات و رێنمایی و چارەسەر بۆ تووشبووان و خۆپارێزی خێزانیان دابینبکات، بەو کارەش گەرمیان پارێزرا لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستاش کە پەتای سکچوون روو لە ھەڵکشانەو لە سلێمانیش ژمارەیەک تووشبوو تۆمارکراون، داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن کاتێک لە سلێمانی دەگەڕێنەوە و سکچونیان ھەیە، راستەوخۆ لە دەزگاکانی تەندروستیدا پشکنینی پێویست ئەنجام بدەن و ھاوکاربن لە رێگری بڵاوبونەوەی لە گەرمیان.
ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گەرمیان ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ تووشی کۆلێرابووە، بەڵام لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە و لە چوارچێوەی ئەو ١٠ حاڵەتدایە کە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی وەفدی ھەرێم و بەغداد بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی وەفدی ھەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابی فەرمانبەرانی ھەرێم بێئەنجام بووەو نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
وتیشی، ھەرێم و بەغداد لەسەر بابەتی داھاتە ناوخۆیی و فیدراڵییەکان ناکۆکن و ئەو ژمارانەی لەبارەی داھاتەوە دراون بە بەغداد ژمارەی گەورەن و نەک ھەر مووچەی فەرمانبەران نانێردرێت، بەڵکو لەسەریشی قەرزدار دەبێت.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدی ھەرێم بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕاوەنەتەوە و ئەگەر دەستوەردانی سیاسی نەکرێت ئەستەمە رێککەوتن بکرێت.
لەدوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە ناکۆکی قوڵ لەسەر کرێی کۆمپانیاکانی نەوت و داھاتە نانەوتییەکان لەنێوان ھەرێم و بەغداد دروستبووە و بەغداد داوای تەواوی داھاتە نانەوتییەکان دەکات و ھەرێمیش ئامادەنیە رادەستی بکات، بۆیە بەغداد دەیەوێت مانگانە تەنھا ٥٩٨ ملیار دینار بۆ مووچە بنرێت و ھەرێم بە داھاتی ناوخۆ ئەو کورتھێنانە پڕبکاتەوە، بەڵام ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو داوای پشکی تەواوەتی خۆی دەکات کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شوان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ٣:٣٠ی خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ھێزەکانی پۆلیسی شوان چالاکییەکیان بۆ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری بە رەگەز عەرەبی دانیشتووی سلێمان بەگ_یان ئەنجامداوە، کە بە دزینی پاتری ئۆتۆمبێل تۆمەتباربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، ھێزەکانی پۆلیس لەکاتی تاوانەکەدا ھەوڵی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی داوە، بەڵام یەکێک لە تۆمەتبارەکان ھەڵھاتووە و بەوھۆیەشەوە پۆلیس تەقەی لێکردووە، سەرەنجام فیشەکێک بەرسەری کەوتووە و گیانیلەدەستداوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، تواندراوە تۆمەتبارەکەی دیکە دەستگیربکرێت و لەئێستاشدا پەڕاوەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.