وەفدێكی حكومەتی هەرێم لە بەغدادە و لەگەڵ تەیف سامی لە ماڵی فوئاد حسێن لە كۆبوونەوەدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و هەمواری یاسای بودجە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی كە لیستی موچەی مانگی یەكی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێیە لە بەغدادە و لە ماڵی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە، لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی و وەفدێكی حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و هەمواری یاسای بودجە لە كۆبوونەوەدان.

وتیشی، نەهێشتنی كەموكوڕی لیستی موچەی هەرێم و رێكخستنی یاسای خانەنشینی و دیاریكردنی پشكی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی 2025 سەرەكیترین تەوەری گفتوگۆكان دەبن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، شەوی چوارشەممەی رابردوو محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبووەوە و تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكەش تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە بوو لە ئەنجومەنی نوێنەران.