وەفدی هەرێم لە بەغدادەو لیستی موچەی مانگی یەك رادەستی دارایی عیراق دەكات
ئاکام
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەفدێكی حكومەتی هەرێم لە بەغدادە و لیستی موچەی مانگی یەك رادەستی دارایی عیراق دەكەن و چەند كۆبوونەوەیەكیش بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و هەمواری یاسای بودجە ئەنجام دەدەن.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم كە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی پێیە گەیشتە بەغداد.
دەشڵێت، سبەینێ وەفدەكەی هەرێم لە ماڵی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لەگەڵ وەفدێکی حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و هەمواری یاسای بودجە كۆدەبێتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، شەوی رابردوو محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی عیراق كۆبووەوە و تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكەش تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە بوو لە ئەنجومەنی نوێنەران.