سامانە سروشتییەكان: دادگای تێهەڵچونەوەی كەرخ گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی پەسەند كرد
ئاکام
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، دادگای تێهەڵچونەوەی كەرخی بەغداد بڕیاریدا بەیاساییبونی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت و غاز.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای چەندین دانیشتنی دادگا و تانە لێدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە بڕیارەكانی دادگای كەرخ، كە دوابەدوای بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق دژ بە یاسای نەوت و گازی كوردستان دەرچو بوو، دادگاكە دوای ماوەیەكی زۆر لە وردبینین بڕیاری هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی پێشوی خۆیدا.
دەشڵێت، هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عیراقی دووبارە تانەی لە بڕیارەكاندا، بەڵام دادگای پێداچونەوەی عیراق بڕیاری دایەوە بە پەسەندكردنی بڕیارەكانی دادگای تێهەڵچونەوەی كەرخ، بەمەش لە رووی یاساییەوە یەكلابوەوە كە گرێبەستەكانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیاكانی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان كارا و دروستە.
وەزارەتی نەوتی عیراقی لە دادگای تێهەڵچونەوەی كەرخ لە ساڵی 2022 و دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕالی بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم سكاڵایەكی تۆماركردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیە نەوتییەكان.