ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق کۆبووەوە و تیایدا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسی بودجە و موچە کرد.

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا کرد.

سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت و قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستە روو، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و بەهێز و یەکگرتوو بێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بێت، تاوەکو بتوانێت وەڵامدەری داواکارییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان بێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و  جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە. 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات. هیواشی خواست ئەو وەفدە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بگاتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجە و موچە.

لەبارەی دۆخی سوریاشەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەوە کردەوە، بۆ سەقامگیرکردنی سوریا و ناوچەکە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە سورییەکان پێکەوە کاربکەن، تاوەکو هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە داڕشتنەوەی سیستمی نوێی سوریا و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتیش پێکهاتەی کورد لە سوریای نوێدا گەرەنتی بکرێت.