فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازێکی لە وەفدێکی نوێنەرانی مامۆستایانی ھەرێم کرد و لە کۆبوونەوەکەدا، گوێبیستی داواکاری و کێشەکانیان بووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیلەوەکردەوە، لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجە و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە پرسە داراییەکانی دیکەی نێوان عێراق و ھەرێم.
راشیگەیاند، حکومەتی فیدراڵ دژی ھیچ جوڵانەوەیەک نییە بۆ داواکردن و دەستەبەرکردنی مووچەی مامۆستایان لە ھەرێم و دڵنیابوون لە بەردەوامی و سەقامگیری و بەردەوامیش لە ھەوڵدان بۆ پاراستنی مافی گەلی عێراق بە یەکسانی.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر، رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی قەڵای نوێی ھەولێر درۆنێکی نەناسراو تێکشکێندراوە و خراوەتەخوارەوە.
راشیگەیاند، خستنەخوارەوەی درۆنەکە زیانی ماددیی بە چەند دوکان گەیاندووە و بووتەھۆی شکانی پەنجەرەی دوکانەکان و دوو پاسیش زیانیان بەرکەوتووە.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی فریاد ھیرانی
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (فریاد ھیرانی) تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین و نوسەرو رۆژنامەنووس، نیگەران و دڵگران بووم.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خێزان و خانەوادەکەتان دەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، وەک دەرفەتێک و رەخساندنی ھەلی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان، پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک و تا ١ی شوباتی ٢٠٢٤ درێژکراوەتەوە، ئەمەش وەک ھەلی زیاتر و کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بەھەر ھۆکارێک بێت دەرفەتیان لەبەردەستدا نەبووە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.
لە ٨ی ئابی ئەمساڵدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، کە زیاتر لە نۆ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون، بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە
بە خەمێکی قووڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (حەلاو ئیسماعیل عەبدوڵا) خوشکی بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و ھاوخەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بە ھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان
کاک شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
کەسو کاروخانەوادەی کۆچکردوو حەلاوە ئیسماعیل
بە خەم و پەژارەیەکی قوڵەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (حەلاوە ئیسماعیل عەبدوڵا) خوشکی بەرێزتانمان پێگەیشت.
پرسەو ماتەمی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و خانەوادە تێکۆشەرەکەتان دەکەین.
لەیەزدانی مەزن داواکارین دڵنەوایتان پێببەخشێت و کۆچکردوو بە بەھەشت
شاد بکات.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ھێزەکانی پاراستنی گەل-ھەپەگە باڵی سەربازی پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، لەم ساڵدا ھێزەکانیان ١٧١٢ جار ھێرشی کردووەتە سەر ھێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان و لە ئەنجامیشدا ٩٢٨ سەرباز و ئەفسەریان کوشتووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە بەرامبەریشدا تورکیا زیاتر لە ١٥٨٠ جار بە فڕۆکەی شەڕکەر و بەبەکارھێنانی چەکی کیمیایی ھێرشی کردووەتەسەریان، بەوھۆیەش ١٧٩ گەریلا گیانیانلەدەستداوە و دوو گەریلاش بە بارمتە گیراون.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ھێرشەکانیان بۆسەر پەکەکە بەردەوامی ھەبووە و لە ئەنجامیشدا دوو ھەزار و ٢٠١ گەریلا گیانیانلەدەستداوە کە ٨١ کەسیان لەھەفتەی رابردوودا بووە.
دەقی پرسەنامەکە...
برای بەڕێزم کاک شۆڕش ئیسماعیل
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو حەلاوە ئیسماعیل
بەداخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (حەلاوە ئیسماعیل عەبدوڵا) خێزانی فەرەجی حاجی حسێنی مەڵکەندی و خوشکی کاک شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمم بیست.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خێزان و خانەوادەی دڵسۆزتان بۆ کوردایەتی و تێکۆشان دەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، لەئەمساڵدا توانیویانە ١٠ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابەشبکەن، عێراقیش بۆ دابەشکردنی ئەو مووچانە تەنھا ٤ ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دیناری بۆ ھەرێم ناردووە ، لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم ساڵانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی پێویستی بە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینارە.
ئەوەشی خستەڕوو، پشکی ساڵانەی ھەرێم لە یاسای بوودجە ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینارە، بەڵام بە پێوەری ئینفاقی فعلی عێراق ساڵانە تەنھا نزیکەی ٦ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیاری بۆ ھەرێم تەرخانکردووە. راشیگەیاندووە، یەکێک لە کێشەکانی یاسای بوودجە، بڕگەی ئینفاقی فعلییە، کە بەو پێوەرە مانگانەی ھەرێم نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینارە، لەکاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم مانگانە پێویستی بە ٩١٣ ملیار دینارە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە، داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مانگانە نزیکەی ٣٢٠ ملیار دینارە و دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانیش ئەو بڕە پارەیە نزیکەی ٢٠٠ ملیار دیناری دەگەڕێتەوە گەنجینەی وەزارەتی دارایی، بەو شێوەیەش ئەمساڵ حکومەتی ھەرێم نزیکەی دوو ترلیۆن دیناری بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی مووچەی فەرمانبەرانی تەرخانکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە برادۆست رایگەیاند، سوپای تورکیا لە سنووری برادۆستی سەر بە پارێزگای ھەولێر، سێ برایان دەستگیر کرد، کە پیشەیان ئاژەڵدارییە، دوای دەستگیرکردنییشیان ئەشکەنجەدراون و تائێستاش ئازادنەکراون.
پەیامنێری دیکەی کوردسات نیوز لە دھۆک رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەگوندی خورپنیێ سنووری ناحیەی زاویتە لە دھۆک، ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، بەڵام زیانەکانی بۆردومانەکە دیارنین و ئەو گوندەشی بۆردومانکراوە، تەنھا ٤٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری دھۆکەوە دوورە.
وتیشی، بۆردومانەکە ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە، بە تایبەتی لە ئەمڕۆدا کە پشووە و بەشێکی زۆر لە ھاووڵاتییان و لە کاتی بۆردومانەکە روویان لە گوندەکە کردبوو.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزێکی لە یاسا دەرچو ڕایگەیاندوە، لەڕێگەی دڕۆنەوە بارەگایەکی ئیسرائیلیان لەهەولێر بۆردومانکردوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم هەواڵانەی ئەم گروپ و هێزە نایاساییانە بێ بنەمان و دورن لە ڕاستییەوە و و هیچ بارەگا و بنکەیەکی ئیسرائیل لەهەرێمدا بونی نییە،بە ئامانجگرتنی هەولێر هەرجارەی بە بیانوێک تەنیا سەرلێشێواویی ئەم گروپانە دەردەخات و کارێکی ترسنۆکانە و تیرۆریستییە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کوردستانیانی خۆشەویست لە کەرکوک، خانەقین، مەندەلی، مەخموور، نەینەوا، شەنگال و خورماتوو، پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنتان لێدەکەم و شانازی بەو رۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەتانەوە دەکەم کە لە رۆژی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نیشانتاندا.
راشیگەیاندووە، دووپاتکردنەوەی کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنڕاوەکان و ھەڵبژاردنی یەکێتیی وەک نوێنەری راستەقینەی خۆتان، وانەیەکی مێژووییە و لەبیری ناکەین. ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە بەرامبەر دڵسۆزیتان وەفاداربین و بارتەقای خۆڕاگریتان، خزمەتتان بکەین. دەشڵێت، ئەوەی سەرۆک مام جەلال بۆ کەرکوکی کرد لە خزمەتکردن و قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان، درێژەی پێدەدەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، سوپاسی تایبەتی دەنگدەرانمان دەکەین لە ھاونیشتمانیان و سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانی تر کە دەنگیاندا بە ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە، دڵنیاتان دەکەم لەجێی ئومێدی ئێوە و دڵسۆزیتاندا دەبین، ھەوڵ و شەونخونی کادرانمان لە رۆژانی بانگەشەی ھەڵبژاردن و دەنگدان بەرزدەنرخێنین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت قۆناغی نوێی کارکردنمان، ھەنگاونان بێت بە ئاڕاستەی قووڵکردنەوەی ئاشتی و ئاوەدانیی زیاتر لە ناوچەکە، دەست بە چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالەوە بگرین و رێز لە ھەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان بگرین، پێکەوە لەگەڵ عەرەب بە شیعە و سونە، تورکمان و ھەموو نەتەوە و پێکھاتە رەسەنەکانی تر کار بکەین بۆ بنیاتنانی داھاتوویەکی گەشتر کە خەڵک چاوەڕێی خزمەتی زیاتر و ژیانێکی شایستەترمان لێدەکەن و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە درێغی نەکەین و لەخزمەتیاندابین.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە چاوپێككەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەكردووە، توركیا دەیەوێت هێرشبكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان و ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوا بەهەموو هێزییانەوە روبەڕویان دەبنەوە.
دەشڵێت، هێرشەكانی توركیا لەمكاتەدا ئارامی ناوچەكەی تێكداوە و هەوڵەكانی لەناوبردنی داعشی-یشی لاواز كردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، داوایان لە ئەمریكا كردووە لەگەڵ توركیا لەسەر هێڵ بێت و داوای لێبكات هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان رابگرێت، ئەمریكییەكان وەك پێویست فشاریان لەسەر ئەنقەرە نەكردووە بۆ راگرتنی هێرشەكانی.
لەبارەی دەستوور و پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ دیمەشق، فەرماندەی هەسەدە وتی، ئامانج لە دەستوری رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەبردنی ناوچەكانیانە بە ئیرادەی دەنگی خەڵك نەك جیابوونەوە و دابەشكردنی سوریا، لەم بارەیەشەوە گفتوگۆكانیان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە، بەڵام نەگەیشتوون بە هیچ دەرئەنجامێك.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) رایگەیاند، ھێزەکانیان بەھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکیان لەناو کەمپی ھۆلدا ئەنجامداوە و تیایدا "ئەبو عوبەیدەی عێراقی" یان کوشتووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەبو عوبەیدەی عێراقی کە بە "ئەبو مەعاویە" ناسراوە، بەمەترسیدارترین سەرکردەی داعش دادەنرا و بەرپرسی رێکخراوی داعش بووە لەناو کەمپی ھۆلی رۆژئاوای کوردستان.
ھەسەدە دەشڵێت، ئەو سەرکردەیەی داعش بەرپرسی ھەموو ئەو ھێرشانە بووە کە لەماوەی رابردودا کراونەتەسەر ھێزە ئەمنییەکان کە ئاسایشی کەمپی ھۆل دەپارێزن.
ئەو رێکخراوانە لە راگەیەنەراوێکی ھاوبەشدا دەڵێن، لەکاتێکدا جیھان بۆ یادەکانی سەری ساڵ خۆی ئامادە دەکات، بەڵام تورکیا لەرێگەی بۆردومانی چڕەوە تەواوی ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان و دابینکردنی وزەی بە ئامانج گرتووە و ژیانی سەدان ھەزار کەسی خستوەتە مەترسیەوە.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، داوا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن قەدەغەی ئاسمانی بەرامبەر ھاتوچۆی درۆنی تورکی بسەپێنێت، ھاوکات داواش لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن دەستبەجێ ھێرشەکانی تورکیا رابگرێت و بە دابینکردنی ناوچەی دژەفڕین رۆژئاوای کوردستان بپارێزێت.