پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی دزیکردن و شکاندنی جامی حەوت ئوتۆمبێل سێ تۆمەتبار دەستگیرکران
محەمەد رزگار
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
لە سێمانی سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی دزیکردن و شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی رۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە جامی حەوت ئوتۆمبێلیان شکاندبوو دزیان لێکردبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەچوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و سەرو ماڵی هاووڵاتیان و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی نوسینگەی رۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد بەتۆمەتی دزی کردن و شکاندنی جامی ئوتۆمبێل.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە جامی حەوت ئوتۆمبێلیان شکاندوەو پارەیان لەناو ئوتۆمبێلەکان دزیوە.