نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ساڵی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی لە خانەوادەیەكی رۆشنبیر لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوكردووە، لە ساڵی 1967 كۆلێژی  زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغداد تەواو كردووە، سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو دەستی بەكاری سیاسی كردووە و یەكەم وێستگەی كاری سیاسی لە نێو یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە.

لە ساڵانی 1963-1964 بووەتە ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتی قوتابیان، هەر لەو ماوەیەدا بووەتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی.

وەك گەنجێكی سلێمانی لەشەستەكاندا سەرقاڵی نوسین و كاری رۆژنامەگەری بووە و خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری بووە كە لە ساڵی 1969 دەرچووە، دوای بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی لە سلێمانییەوە دوورخراونەتەوە بۆ خوارووی عێراق و دواتر لە بەغداد یەكیان گرتووەتەوە، لەو سەردەمەشدا بە مەبەستی خوێندن و دووركەوتنەوە لە هەڕەشەكانی ئەو سەردەمەی حكومەتی عێراق چووەتە نەمسا كە لەو سەردەمەدا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە.

لە نەمسا دوای  تەواوكردنی  خوێندنی ماستەر، سەرقاڵی خوێندنی دكتۆرا بووە لە بواری یاسای نێودەوڵەتی، بەڵام  لەسەر داوای سەرۆك مام جەلال و بۆ دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەستبەرداری خوێندنەكەی بووە و گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان.

لە خەباتی شاخ، نەوشیروان مستەفا وەك سەركردەیەكی دیار دەركەوتووە، سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و دواتر جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، یەكێك بووە لە سەركردە نزیك و متمانەپێكراوەكانی سەرۆك مام جەلال، بە ئەندازیاری راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان دادەنرێت.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 1981 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ شوعلە عەلی پێكهێناوە و خاوەنی دوو كوڕ و كچێكن بەناوەكانی (چیا، نما، چرا).

لە ساڵی 2006 دەستبەرداری كاری سیاسی بوو و دەستیكردووە بە كاری راگەیاندن، لەساڵی 2009 لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان جیابووەوە و كۆمپانیای وشە و دواتریش بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و بووە رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە.

نەوشیروان مستەفا نوسەرێكی ورد و بە توانا بووە و شارەزاییەكی تەواوی لە مێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان هەبووە و 18 كتێبی نووسیوە، لە 19ی ئایاری 2017 لە سلێمانی بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد و لە گردی زەرگەتە بەخاك سپێردراوە.