دەستەی پەروەردە و فێرکردن لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، ھێرشەکانی تورکیا کاریگەری لەسەر کەرتی پەروەردە ھەبووە بە تایبەت لە ناوچە سنورییەکان و بەو ھۆیەوە ٧١٢ خوێندنگە زیانیان بەرکەوتووە و ناتواندرێت دەوامیان تێدا بکرێت و ٨٩ ھەزار و ٤١٨ خوێندکاریش لە خوێندن بێبەشبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکانی تورکیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ ھێرشییان کردووەتەسەر پێنج ناوەندنی خوێندن لە جەزیرە و پڕۆسەی خوێندن بە تەواوەتی لە فورات و عەفرین راگیراوە.
ئیدارەی خۆسەر ئیدانەی بێدەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو ھێرشانە دەکەو . داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی پەروەردە و فێرکردن دەکەن، بە خێرایی ھەنگاو بنێن بۆ وەستاندنی ھێرشەکانی تورکیا.
سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای سەری ساڵ پۆلیسی کەرکوک دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە وەردەگرێت و پاراستنی ئەمنییەتی شارەکە رۆڵی سەرەکی پۆلیس دەبێت.
وتیشی، ھێزە سەربازییەکان لەنێو شاری کەرکوک پاشەکشە دەکەن و دەگەڕێنەوە شوێنی پێشوویان و پاراستنی سنوری شاری کەرکوک و دەوروبەری ئەرکی سوپا دەبێت .
راشیگەیاند، ژوری ئۆپراسیۆنی کەرکوک وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە تێیدا نوێنەری ھێزەکانی پێشمەرگەی لەگەڵدا دەبێت و ھەماھەنگ دەبن لەگەڵ پۆلیس بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شاری کەرکوک.
ئەنسار فیرات، ئامۆزا و پارێزەری نۆشین فیرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران رایگەیاند، نۆشین فیرات لە پارێزگای ئەرزڕوم لەلایەن چەند پۆلیسێکی تورکیاوە دەستگیرکرا و ھۆکارەکەشی ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆبوونەوەیەکی کۆنگرێسی کۆمەڵگەی دیموکراتدا بەشداری کردووە.
وتیشی، دوای ئەوەی لێدوانی نۆشین فیراتی وەرگیرا، بە دوو مەرج ئازادکرا. مەرجەکانیش ئەوەیە کە ھەفتەی سێ ڕۆژ ئیمزا بۆ پۆلیسی تورکیا بکات و ھەموو ڕۆژێکیش ئاڵای تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا بڵاوبکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی و باری شارستانی سلێمانی رایگەیاند، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق لە چەند لێدوانێکی بڕیاریداوە، تا سەرەتای مانگی ئاداری ٢٠٢٤ دەبێت ھەموو ھاووڵاتییەک خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت و لەو وادە بەدوا کار بەھیچ بەڵگەنامەیەکی تری وەک(پێناسی باری شارستانی،ڕەگەزنامەی عێراقی)ناکرێت.
دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتیەکەیان پابەندە بەجێبەجێکردنی بڕیارەکە و لە دوای کۆتایی ھاتنی پشووەکانی سەری ساڵی نوێ چاوەروانی ھاتنی ڕێنمایی پێویست دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
ئەمڕۆ ٢٨ی کانوونی یەکەم، ١٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، رۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ لە نزیک سنوورەکانی عێراق و تورکیا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی کۆمەڵێک لە ھاوڵاتیانیانی کوردیان کرد و بەھۆیەوە ٣٤ کەس کە ١٩ کەسیان مێرمنداڵ بوون گیانیان لەدەستدا.
ھەرچەندە دواتر حکومەتی تورکیا دانینا بەوەی بە ھەڵە ئەو کۆمەڵە کەسەی کردووەتەئامانج، بەڵام کەسوکاری قوربانییەکانی قەرەبوونەکردووەتەوە و بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە رووبەڕووی سزای یاسایی نەکراونەتەوە.
بەھۆی خراپبونی کوالیتی نەوتەکەی و گۆڕانی بۆ کۆندێسەید، لەئێستادا کۆمپانیای (پێت ئۆیڵی تورکی) کارەکانی بلۆکی نەوتی چیاسورخی راگرتوە.
بەپێیی زانیارییەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆمپانیا تورکییەکە لەبەرئەوەی بتوانێت نەوتی بلۆکی چیاسورخ ھەناردە بکات، نەوتی خاوی کڕیووە و تێکەڵی کردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و بەرھەم ھێنانی راگرتووە.
پێت ئۆیڵ لە سێ رۆژی رابردوودا سەرجەم کارمەندەکانی ناردوەتەوە بۆ ماڵەوە و پێی راگەیاندوون لە دوای سەری ساڵی نوێوە گرێبەستیان نوێ ناکاتەوە.
کۆمپانیایی پێت ئۆیڵی تورکی خاوەنی بلۆکی نەوتی چیاسورخە لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی زیاد جەبار سەرۆکی پێشوویی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە یاسای ھەڵبژاردن، بۆ ٢١ی مانگی داھاتووی دواخست.
لە سکاڵایەدا، سکاڵاکار داوای کرد دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە، سەرچاوەیەکی باڵایان بۆ کوردسات نیوزی ئاشکرا کرد، بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، ھێندەی تر ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی قورس تر کرد و بە دووریشی دەزانێت بەو ماوە کەمەی لە بەردەمیاندا ماوە، ئامادەکارییەکان تەواو بکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا، بەو ھۆکارەش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەکەوێت.
دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو سکاڵایە کۆبووەوە کە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام بڕیاردانی لە بارەی سکاڵاکەوە بۆ ٢١ی مانگی داھاتوو دواخست.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە نێو ھۆڵی دادگاوە رایگەیاند، لە دانیشتنەکەدا پارێزگای ھەڵەبجە وەک بازنەی چوارەم بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا و دادگاش داوای لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کرد تا ٢١ی مانگی داھاتوو، بە نوسراوێک رێژەی دانیشتوانی ھەڵەبجە و چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی پێکھاتەکان لە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێم دیاری بکات.
لە دانیشتنەکەدا نوێنەری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان داوای کاتی کرد بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکەی دادگای فیدڕاڵی و وەڵامدانەوەی داواکارییەکەی لە دانیشتنی داھاتوودا، ھاوکات لە دانیشتنەکەدا نوێنەری پێکھاتەکانی تورکمان و ئاشور ئامادەبوون و دادگاش رەتیکردەوە وەک لایەنی سێیەم گوێیان لێ بگیرێت.
لەو سکاڵایەدا، سکاڵاکارەکان داوایانکردووە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
سەرچاوەیەک لە بەشی یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی/کەرکوک دوای تەرخانکردنی تیمێک لە پارێزەران بە مەبەستی بەرگریکردن، توانرا ئەو دوو جووتیارە لەلایەن دادگاوە ئازاد بکرێن.
ئەو دوو جووتیارە چەند رۆژێکە لەسەر سکاڵای سوپای عێراق لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، کە کوردن و خەڵکی تۆپزاوەن.
بە وتەی سەرچاوەیەکیش لە دادگای کەرکوک، ئەمڕۆ ئەو دوو جووتیارە بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازادکراون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووجار لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە گوندی توتەقەڵ لە سنوری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ بۆردوومان کراوە.
وتیشی، بەپێی زانیارییەکان بەھۆی بۆردوومانەکەوە قوربانی ھەیە، ترس و دڵەڕاوکێش لای ھاوڵاتیانی ناوچەکە دروست بووە.
ساڵی رابردووش ئەو گوندە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومان کرا.
سکاڵاکە تایبەتە بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.
سکاڵاکارەکان داوایانکردووە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
رۆژی ٣ی ئەم مانگەش دادگای فیدڕاڵی بڕیاردانی لەسەر ئەو سکاڵایە بۆ ئەمڕۆ دواخست.
پێشتریش کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی داگای فیدڕاڵی کردبوو تێیدا پیشنیازی کردووە، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورسی پێکھاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت بەجۆرێک چوار کورسی بۆ ھەولێر، چوار کورسی بۆ سلێمانی و سێ کورسی تریشی بۆ دھۆک بێت.
جەمال کۆچەر ئەندامێکی لیژنەی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵ بە رەسمی ئامادەیی نیشانداوە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم راستەوخۆ لە رێگەی ھەژماری بانکییەوە، حکومەتی ھەرێمیش تاڕادەیەک رازییە بە پرۆسەکە.
وتیشی، تەواوی لایەنەکان جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و عێراق دەکەنەوە، بەتایبەتیش کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بۆیە چاوەڕواندەکرێت سەرەتای ساڵی داھاتوو ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت، دواتریش قۆناغ بە قۆناغ کێشەکانی نێوان ھەردوولا چارەسەربکرێن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەھیچ شێوەیەک باسی ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دیناری دیکە وەک قەرزێکی دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەران نەکراوە.
وتیشی، تا ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەکانی داھاتوودا پرسی لەو شێوەیە تاوتوێ بکات و حکومەتی عێراق لەئێستادا چاوەڕوانی ھاتنی وەفدی ھەرێمە.
بڕیارە ئەم نزیکانە وەفدێکی حکومەتی ھەرێم بچێتەوە بەغداد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک لەناویاندا، چارەسەری کێشەی مووچە لە رێگەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە و گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ سەر بودجەی حاکیمە.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق...
بەڕێزان خانەوادەی لیوا ھاشم
بەبیستنی ھەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی فەرماندە و تێکۆشەری دێرین لیوا (ھاشم مام عەلی کۆیی)،زۆر غەمباربووم.
پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە نیشتمانپەروەرەکەتان ئەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خوای گەورە لە کۆچکردوو خۆش بێت، سەبرو ئارامی بەھەمووان ببەخشێت.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
بەڕێوەبەراتی تەندروستی پارێزگای کەرکوک بڵاویکردەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢٤ چەندین پلانیان ھەیە بۆ برەودان بە کەرتی تەندروستی و پشتیوانیکردنی توشبووانی شێرپەنجە و بەرەوپێشبردنی تاقیگەکان و ئامادەکردنی سەرجەم دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان. ھەروەھا پلانیان ھەیە کە نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی تەواو بکەن بۆ ئەوەی ساڵی داھاتوو خزمەتی خەڵک بکات.
سەبارەت بە ئامارەکانیش رایگەیاند، لەئەمساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٥٤ ھەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی کەرکوکیان کردووە و ٣٤ ھەزار و ٢٩٣ مناڵیش لە سنوری پارێزگاکەیان لەدایکبوون.