پۆلیسی دارستانی سلێمانی: چوار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی موڵکی گشتی و دیاردەی بیرهەڵکەندن دەستگیرکران
محەمەد رزگار
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان لە دوو چالاکی جیاوازدا توانیان چوار سەرپێچیکار بەتۆمەتی زیادەڕۆیی و بەکارهێنانی ( زەوی ) موڵکی گشتی هەروەها دیاردەی بیرهەڵکەندن دەستگیر بکەن .
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوون دەرکەوت هاووڵاتیەک هەستاوە بە تەخت کردنی( زەوی ) موڵکی گشتی و هەڵکەندنی نزیکەی 20 داری تەمەن جیاواز ، هەربۆیە لەلایەن پۆلیسی دارستانی مێرگەپان ئەو سەرپێچیکارە دەستگیرکرا .
پۆلیسی دارستانی سلێمانی راشیگەیاند، مەفرەزەکانی هەمان بنکە توانیان دەست بەسەر ئامێرێکی بیر هەڵکەندندا بگرن لەجۆری (پایڵ) قەبارە بچووک، هاوکات سێ سەرپێچیکار بەتۆمەتی کارکردن و بەکارهێنانی ئەو ئامێری بیرهەڵکەندنە دەستگیرکران .
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی لەلایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە .