دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بافڵ...
کۆچی دوایی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین، لیوا ھاشم ناسراو بە (ھاشم مام عەلی کۆیی) لە دڵەوە نیگەرانیکردم.
کاک ھاشم تێکۆشەرێکی دێرین و دیاری رۆژە سەختەکانی شۆڕشی نوێ بوو، دڵسۆزییەکەی کردبوویە یەکێک لە نزیکەکانی سەرۆک مام جەلال و لەھێزەکانی سکرتاریەت و پاشان لە ھێزەکانی ٧٠، خزمەتێکی بەرچاوی پێشکەشکرد.
پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادە سەربەرز و تێکۆشەرەکەیان دەکەم و لە خوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرینی شادبکات.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامنێری کوردسات نیوز لە شاری ھەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک کۆمەڵگەی شاوێس لەسەر رێگەی شەقڵاوە، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بیستراوە، بەپێی زانیارییەکان دەنگی تەقینەوەی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بوون، کە ھەوڵیانداوە ھێزەکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ئەو شوێنەی دەنگەکەی لێبیستراوە، دەکەوێتە سەر رێگەی شەقڵاوە و نزیکە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ھەولێر، زیانەکانیش نەزانراون و ھێزە ئەمنییەکانیش ھیچ زانیارییەکیان ئاشکرانەکردووە.
ئەو ھێرشە لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و بەھۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
ھێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دھۆک رایگەیاند، سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ بەھۆی شەڕێکەوە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی ئەحمەد دەروێش لە گوندی شێخ مەلوان لە قەزای شێخانی سەربە پارێزگای دھۆک لەلایەن کەسێکی دیکەی ئەو گوندەوە بە چەقۆ کوژرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەستبەجێ ھیزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیربکرێت و بەپێی ماددی ٤٠٦ لێکۆڵینەوەی لەگەڵیدا دەکرێت.
ئاشکراشیکرد، رووداوەکە بەھۆی خراپ بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان_ەوە بووە.
یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ھێرشەکەی ئەمڕۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر کە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە، برینداربوونی لێکەوتوەتەوە و کاریگەری لەسەر گەشتەکانیش ھەبووە.
دەشڵێت، ئەو جۆرە کارە تاوانکارانە زیان بە بەرژەوەندی عێراق و پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی دەگەیەنن.
یەحیا رەسول راشیگەیاند، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لەگەڵ دەزگاکانی ھەوڵگری ھەوڵدەدەن بکەرانی ئەو ھێرشە دەستگیر بکەن و رادەستی دەسەڵاتی دادوەرییان بکەن.
پزیشکانی پلەبەند لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، لە راگەیاندراوێکدا کە ئاڕاستەی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانییان کردووە دەڵێن، " لە رۆژی دووشەممە ٢٥/١٢/٢٠٢٣وە بایکۆتی سەرجەم بنکە و مەڵبەندە تەندروستیەکان دەکەین، تا کاتێک کە خۆشمانین نازانین کەی ئەبێت چونکە وادەی دابەشکردنی مووچە دیار نییە".
دەشڵێن، "لەم بێ مووچەییەدا تا ئێستا بەبێ کەموکورتی دەوامی خۆمان کردووە و تەواوی ئەرکەکانی سەرشانمان راپەڕاندووە، بە تایبەت پزیشکانی پلەبەند کە زۆرترین ئەرکمان لەسەرە بەرامبەر کەمترین ماف و بە بەردەوامی دەوامی سەرجەم مەڵبەند و بنکە تەندرووستییەکانمان کردووە و ھیچ دەوامێکمان بۆ کەم نەکراوەتەوە، بۆیە ئێمە وەک پزیشکانی پلەبەند چیتر ناتوانین دەوام بەمشێوەیە بکەین و لە گیرفانی خۆمان مەسرەفی ھاتوچۆ و خواردن بکەین".
ماڵپەڕی دەنگی کرێکار رایگەیاند، لە ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار گیانیانلەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، بە جۆرێک کە ١٩ کرێکار لە سلێمانی و ٢٢ کرێکار لە ھەولێر و شەش کرێکار لە دھۆک و پێنج کرێکار لە ھەڵەبجە گیانیانلەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ٧٣ کرێکارەی گیانیانلە دەستداوە ٢١ کەسیان خەڵکی کەرکوک و ناوچەی جێناکۆکەکان بوون و ١٨ کرێکاریشیان بیانی بوون.
راشیگەیاند، کەوتنەخوارەوە، تەزووی کارەبا، کەوتنە ژێر ئامێرەکان و سوتان و خنکان و تەقینەوەی ئامێرەکان، لە باوترین ھۆکارەکانی گیانلەدەستدانی کرێکارەکان بوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ھێرشکراوەتەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، ئامانجی ھێرشەکەش بنکەی سەربازیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بووە لەناو فڕۆکەخانەکە.
لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشکراوەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە ھەردوو فڕۆکەخانەی سەربازیی ھەریر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، بەڵام ھێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو ھێزانەوە تێکشکێندراون.
دەقی پەیامەکە...
کۆچی دوایی لالە سەرحەد خەلیفە یونس، کەسایەتی دیاری ئێلی جاف و ریشسپیی عەشیرەتی رۆغزایی لەدڵەوە نیگەرانیکردم.
بۆ ئەم ماتەمە پرسە و ھاوخەمیی قووڵمان ئاڕاستەی ھەڤاڵ سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی و کوڕان و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرز و خانەدانی لالە سەرحەد دەکەم و ھاوبەشی خەمیانم.
لالە سەرحەد کەسایەتییەکی دیاری کۆمەڵایەتی و ناسراوی گەلەکەمان بوو، ھەمیشە دیوەخانەکەی لەخزمەت خەڵک و چاکەی گشتیدا بوو، نەوەکانیشی رۆڵێکی گرنگ و باڵایان گێڕاوە لە شۆڕش و خەباتی گەلەکەماندا.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامی سەرەخۆشیی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بۆ کۆچی دوایی لالە سەرحەدی خەلیفە یونس.
بەڕێزان خانەوادەی لالە سەرحەدی خەلیفە یونس
بەڕێزان خزمانی عەشیرەتی رۆغزایی جاف
بەبیستنی ھەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی (لالە سەرحەدی خەلیفە یونس) سەرۆکی عەشیرەتی ڕۆغزایی جاف، غەمباربووم.
پرسە و سەرەخۆشی لەخۆتان و خانەوادە تێکۆشەرەکەتان ئەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خوای گەورە لە لالە سەرحەدی کۆچکردوو خۆش بێت، سەبرو ئارامی بەھەمووان ببەخشێت.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکە...
جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت) لە خوشک و برا مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستان، عیراق و جیھان پیرۆزبێت و لە دڵەوە ھیوای دڵخۆشی و جەژنێکی پڕ لە کامەرانییان بۆ دەخوازم.
ھیوادارم ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتەکەمان و ئەو مێژووە درەوشاوەیەی ھەرێمی کوردستان خاوەنێتی لە تەبایی و پێکەوەژیاندا، ھەموومان پێکەوە گەشاوەتری بکەین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە رۆڵ و پێگەی مەسیحی و ھەموو پێکھاتە رەسەنەکانیتر بەرز دەنرخێنێت و کار بۆ قووڵکردنەوەی خۆشەویستی و یەکترقبووڵکردن دەکات، چونکە تەنیا بە ھەماھەنگی و پێکەوەیی سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکەین و ھەنگاو بەرەو داھاتوویەک دەنێین کە ھەمووان خەونی پێوەدەبینن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو لالە سەرحەدی خەلیفە یونس
بەڕێزان خزمانی عەشیرەتی رۆغزایی جاف
زۆر بەداخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (لالە سەرحەدی خەلیفە یونس) سەرۆکی عەشرەتی ڕۆغزایی جافم بیست و نیگەران و دڵگران بووم.
لالە سەرحەد جگە لەوەی کەسایەتییەکی دیار و کۆمەڵایەتی بوو، خۆی و خانەوادە و کەسوکاریشی لەسەر رێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و کۆڵنەدان خەباتیان کردووە و لەو پێناوەشدا قوربانییان داوە، کۆچکردنی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ ھەموومان و مایەی نیگەرانیمانە.
بۆ ئەم کۆستە، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خێزان و خانەوادە دڵسۆز و تێکۆشەرەکەتان دەکەم، خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
دەقی پەیامەکە...
پەیامی دەرباز کۆسرەت رەسول بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح
بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی تازەی زایینی و لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت) گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشک و برایانی کریستیان دەکەم، ئاواتەخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە ھەوێنی ئاشتی و ئارامی لە عێراق و ناوچەکە.
ھەمیشە ھەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بووە، ھەموومان بەبێ ھیچ جیاوازییەک و بەرێزگرتن لە یەکتر ژیاوین، ئەم یادە پیرۆزەش بە دەرفەت دەزانم دووپاتی بکەمەوە کە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوان و پاڵپشتی خوشک و برا کریستیانەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارامیان ھەبێت و بەخۆشی و شادی بژین، بەشدارو ھاوبەش بن لەگەڵمان.
دەرباز کۆسرەت رەسول
ئەندامی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی کریسمسەوە جەخت لە کولتوور و بەھا باڵاکانی گەلی کوردستان لە پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن دەکاتەوە.
دەشڵێت، گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە پێکەوە قوربانییان داوە، خەباتیان کردووە و ڕەنجیان کێشاوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین. ھەموومان تەبا و پێکەوە ئاڵنگاری و قەیرانەکان تێدەپەڕێنین و لەپێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان، خزمەت بە گەل و وڵات دەکەین.
خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ھەموو ئەو ھێزانەی داوای بەدیھێنانی سەقامگیریی دەکەن، ھەڵوێستی توند بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا وەربگرن، داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکان پێکبھێنن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ھێرشەکانی تورکیا.
خۆبەڕێوەبەری دەشڵێت، ھێرشەکانی تورکیا کاریگەری و لێکەوتەیان لەسەر بوارەکانی خزمەتگوزاریی و رەوشی مرۆیی دانیشتووان دەبێت، ھۆشداریشیدا لە کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر رەوشی ناوچەکە بە گشتی و ئاستەنگدانان بۆ ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزکردنەوەی رۆحیەتی داعش.
درەنگانی شەوی رابردوو تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، ھێرشێکی چڕی ئەنجامدا و دەیان ناوچە و ژێرخانی مرۆیی و ئابووریی بە تایبەت لە رۆژئاوا بۆردومان کرد.