جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفرازی سێ لە هەولێر شکا و نزیکەی لە ٪40ـی هەولێر بێ ئاودەبن
محەمەد رزگار
١٩ی ئایاری ٢٠٢٥
جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفرازی سێ لە هەولێر شکا، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت: بە شکانی ئەو بۆرییە بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەکە بێ ئاودەبن.
رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکان بەهۆی کارکردن لە پرۆژەیەکی کارەبا بۆری ئاوی ئیفرازی سێ شکاوە و بەهۆیەوە لە ٪40ـی هەولێر کێشەی ئاوی بۆ دروست دەبێت.
وتیشی، هەوڵدەدەین لە کەمترین ماوەدا بۆرییەکە چاکبکەینەوە، داواش لە هاووڵاتیان دەکەین تا کێشەکە چارەسەر دەکرێت دەست بە ئاوەوە بگرن و کەم بەکاری بهێنن.
جێگەی ئاماژەیە، لەساڵانی رابردووشدا چەندین جار بۆری ئاوی ئیفرازی سێ لە هەولێر شکاوە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی هەولێر روبەرووی کەمئاوی دەبنەوە.