پۆلیسی گەرمیان: تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد تەقەی لە ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری پۆلسی دارستانی خانەقین کردوە
بڵند
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە، کە دەستڕێژی تەقەی لە ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری پۆلسی دارستانی خانەقین کردوە و زیاتر لە 30 گولـلە بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتوە.
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، تۆمەتبارێک بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا.
ئاماژەبەوەکراوە، دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە پەیوەندی بە روداوێکی پێشووی تەقەکردنەوە هەیە، کە تیایدا ناوبراو دەستڕێژی گولەی لە ئۆتۆمبێلی نەقیب (هاوڕێ جەلیل قادر)، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین کردبوو؛ بە جۆرێک، نزیکەی (30) گولـلە بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت؛ لە ئێستادا، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (430) لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیر کراوە، هاوکات لێکۆڵینەوە لە وردەکاری و هۆکارەکانی روداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە.



