وەزارەتی دارایی هەرێم، لە بودجەی ساڵی 2027 دا، داوای موچە فەوتاوەکانی موچەخۆرانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان لە بەغداد دەکات.
دارایی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2027ی حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بەڕێوەچوو.
کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتی وەزیری دارایی و بە ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و کارەبا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان سازکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم کرایەوە لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و دواین داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان.
هاوکات بڕیاردرا لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان ئەنجام بدرێت تاوەکو خواست و پێداویستییەکانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو لە بوودجەی عیراقدا جێگیر بکرێت.
ئەم ئامادەکارییانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ماوەی چەند مانگێکە دەستیپێکردووە و ئامانج لێی خەمڵاندنی بودجەی پێویستە بۆ موچە، خەرجی بەکارخستن، وەبەرهێنان، داواکردنی میلاکی پێویست، هەروەها کارکردن بۆ گەڕانەوەی شایستەی دارایی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆیان خەرج نەکراوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی چلەی هاوین، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکات.
دەقی پیرۆزباییەکەی سەرۆکی یەکێتی
بەبۆنەی جەژنی چلەی هاوین، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەین و هیوادارین لە کەشێکی ئارامدا ئەم جەژنە بە خۆشی بەڕێبکەن.
ئێمە هەمیشە پشتیوانیی پاراستنی ماف و خواستەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دەبین. بە ئەرکی نیشتمانیی خۆمانی دەزانین بەردەوام بین لە سەرخستنی داواکانیان، بە مەبەستی پاراستنی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە وڵاتەکەماندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کەشناسیی سلێمانی ئاماری پلەکانی گەرمای مانگی تەمموزی بڵاوکردەوە و بەپێی داتاکانیش، تێکڕای پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، نزمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو گەیشتووەتە 44.5 پلەی سیلیزی، لە بەرانبەردا نزمترین پلەی گەرمی 23.6 پلە بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تێکڕای پلەی گەرمی مانگی تەمموز 33.7 پلەی سیلیزی بووە، بەوەش بەراورد بە تێکڕای ساڵانەی هەمان مانگ، 0.4 پلە نزمتر بووە.
لە دوو روداوی جیادا لە هاوینەهەوارەکانی سنوری قەزای ئامێدی، دوو گەشتیار کە یەکێکیان منداڵە خنکان.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، روداوی یەکەم لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی ئینشکی رویداوە؛ منداڵێکی تەمەن ھەشت ساڵ کە خەڵکی شاری موسڵە، لەناو مەلەوانگەیەکدا خنکاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ لە روداوێکی تردا گەشتیارێکی تری تەمەن 28 ساڵ کە خەڵکی شاری بەغدادە، لە هاوینەهەواری "گەلی شێرانە"ـی سەر بە ناحیەی دێرەلوک خنکاوە.
جێی ئاماژەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران رویان لە هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای ئامێدی کردووە.
لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سلێمانی کۆتاییهاتنی تەواوەتیی قەیرانی غازی لە پارێزگاکە راگەیاند و ئاشکرای کرد کە نرخی غازی ماڵان و بازرگانی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
عومەر عەبدوڵا، لێپرسراوی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سلێمانی، رایگەیاند: کە کێشە و قەیرانی غاز لە پارێزگای سلێمانی بە یەکجاری کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ کۆگاکردنی غاز وەک رێکارێک بۆ وەرزی زستانی داهاتوو دەستیان پێکردووە.
سەبارەت بە نرخی نوێی سووتەمەنییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی یەک لیتر غازی شۆفاژ و تانکەر بۆ ئەو ماڵانەی تانکی گەورەیان هەیە لە 850 دینارەوە دابەزیوە بۆ 420 دینار، هاوکات نرخی یەک لیتر غاز لە وێستگەکانی پڕکردنەوەدا لە 850 دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ نزیکەی 530 دینار.
لەلایەکی ترەوە و بە مەبەستی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان لە گەڕەکەکاندا، بڕیاردراوە پشکی هەر خێزانێک لە بتڵەغازی ماڵان لە یەک بتڵەوە بەرزبکرێتەوە بۆ دوو بتڵ غاز، بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی کە 8.500 دینارە بۆ هەر بتڵێک.
بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرماوە، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ سەلامەتی خۆیان پابەندی رێنماییەکان بن.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی چونە دەرەوەدا چەتر و چاویلكە و جل و بەرگی رەنگ كراوە بەكاربهێنن و دور بکەونەوە لە خواردنەوەی گازی و زۆرتەی بڕی ئاو بخۆنەوە.
رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم
* لە وەرزی گەرمادا تا دەكرێت لەماڵدا بمێنەرەوە.
* هەوڵ بدە لە كاتژمێر 10:00 تا 5:00 ی ئێوارە دەرمەچۆ.
* لەكاتی دەرچوون چەتر و چاویلكە و جل و بەرگی ڕەنگ كراوە بەكاربهێنە.
* ئەگەر نەخۆشی درێژخایەنت هەیە لەكاتی گەرمای تونددا دەرمەچۆ.
* دوور بكەوەرەوە لە خواردن و خواردنەوەی گازی و ساردەمەنیيەكان لە وەرزی گەرمادا.
*ئاو باشترین شلەیە بۆ پارێزگاریكردن لە ووشك بوونەوەی جەستەت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر (CTG) رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەواڵگری لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، دەزگای دژەتیرۆری عیراق و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق، ئەندامێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کرا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دەستگیرکراوەکە پێشتر چەندین پۆست و بەرپرسیارێتی لەناو ریزەکانی داعشدا لە ناوچە جیاوازەکان هەبووە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، راستەوخۆ بەشداریی لە ئەنجامدانی چەندین هێرشی تیرۆریستیدا کردووە بۆ سەر هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان.
دژەتیرۆری کوردستان راشیگەیاندوە، دەستگیرکردنی ئەم چەکدارە بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و لە چوارچێوەی هەماهەنگیی بەردەوامی نێوانیاندا بە سەرکەوتویی بەڕێوەچووە.
ئەمڕۆ، هەینی پاسێکی گەشتیاران لە کاتی چوونی بۆ هاوینەهەواری دوکان، لە نزیک گوندی کانی سارد و پێش بازگەی دوکان تووشی روداوی وەرگەڕان بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە روداوەکەدا پێنج سەرنشینی پاسەکە بریندار بوون.
لای خۆیەوە، سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری خێرای 122ی فریاگوزاری سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەوە پێنج سەرنشین برینداربوون، کە چواریان ژن و یەکێکیان پیاوە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، سەرجەم بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی نەخۆشخانەی دوکان کراون و سەرنشینەکانی تر سەلامەتن.
لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران لە راگەیەندراوێکدا، هۆشداریی داوەتە سەرجەم خاوەنکار، کۆمپانیا و بەرپرسانی شوێنی کار، کە بەهۆی روبەڕووبوونەوەی ناوچەکە لەگەڵ شەپۆلێکی گەرمای بەرزدا، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیان و تەندروستیی کرێکاران بگرنە بەر.
سەندیکاکە داوای کردووە کاتەکانی کارکردن بگوازرێنەوە بۆ سەعاتە فێنکەکانی بەیانیانی زوو یان درەنگانی ئێوارە و کارکردن لە ناوەڕاستی رۆژدا رابگیرێت.
هاوكات جەختی لەسەر دابینکردنی شوێنی سێبەر، ئاوی سارد، ئامێری فێنککەرەوە و پێدانی پشووی پێویست کردووەتەوە.
سەندیکای کرێکاران ئاماژەی بەوەش داوە، کە پاراستنی سەلامەتیی چینی کرێکاران بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی هاوبەشە و پێویستە هەموو لایەک پابەندی بن.
دەقی راگەیەندراوەکەی لقی سەندیکای کرێکارانی هەولێر
ڕاگەیەندراوێک لە لقی هەولێری سەندیکاکانی کرێکارانەوە
بۆ/ سەرجەم خاوەنکاران، کۆمپانیاکان، و خاوەن شوێنکارەکان
بابەت: ڕەچاوکردنی سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران لە شەپۆلی گەرمادا
ئاگاداری سەرجەم خاوەنکار، کۆمپانیا و بەرپرسانی شوێنی کار دەکەینەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەرزەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە، داواکارین بە تەواوی مافی سەلامەتی و ماندووبوونی کرێکاران لەبەرچاو بگرن و ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی گیان و تەندروستییان.
داواکارین بەم هەنگاوانە هاوکاری و پشتیوانی کرێکارانتان بکەن:
جێگۆڕکێی کاتەکانی کارکردن: گواستنەوەی کاتەکانی کار بۆ سەعاتە فێنکەکانی بەیانیانی زوو یان درەنگانی ئێوارە، و ڕاگرتنی کار لە سەعاتە هەرە گەرمەکانی ناوەڕاستی ڕۆژدا.
دابینکردنی هۆکاری فێنککەرەوە: دابینکردنی شوێنی سێبەر، ئاوی ساردی خواردنەوە، و ئامێری فێنککەرەوە لە شوێنەکانی کاردا.
ڕەچاوکردنی توانای جەستەیی: پێدانی پشووی پێویست بە کرێکاران لە کاتی کارکردندا بۆ ڕێگری لە تێکچوونی تەندروستییان.
سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی هاوبەشە. هیوادارین هەموو لایەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن لەپێناو پاراستنی ژیانی چینی ماندوونهناسی کرێکاران.
ڕاگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکاکانی کرێکاران
مێژوو: ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦
ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە کە زیاتر لە 13 ملیار و 590 ملیۆن دینارە.
ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەری شەفافیەت بڵاویکردەوە، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی لە رۆژی(25ـی 7ـی 2026 بۆ 31ـی 7ی 2026) داهاتی نانەوتی، لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، پێنج ملیار و 595 ملیۆن و 796هەزار دینار بووە.
دەشڵێت؛ لەو داهاتە لە 78%ی بەشێوەی نەختینەیە و 22%ی داهاتەكە بەشێوەی چەكە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو داهات زیادی کردوە.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
تەڤگەری ئازادی رایگەیاند، لە داهاتوودا پێویستە یاسای چوارچێوە لەسەر بنەمای ئاشتی و دەستنیشانكردنی پێگەی ئۆجەلان بێت و بەكارهێنانی دەستەواژەی وەك تیرۆر دروستكردنی كۆسپە لە بەردەم گەیشتن بە ئاشتی.
سەركردایەتیی تەڤگەری ئازادی رایگەیاند، دانوستانەكان لەسەر یاسای چوارچێوە كە پێوەندیی راستەوخۆی بە ئایندەی تەواوی گەلانی توركیاوە هەیە بەردەوامن، بەڵام زانیارییە بڵاوكراوەكان كەشێكی ناڕوونیان خولقاندووە كە نیگەرانی دروستدەكات.
ئاماژەی بەوەش كردووە، بەكارهێنانی دەستەواژەی وەك تیرۆر یان رێكخراوی تیرۆریستی، دروستكردنی كۆسپە لە بەردەم گەیشتن بە ئاشتی.
روونیشیدەكاتەوە، بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت رۆڵی كارای خۆی وەك رێكخەری ئاشتی و سیاسەت بگێڕێت، پێویستە پێگە و ئازادیی یاساییی بەروونی لە دەقی یاساكەدا دەستنیشان بكرێت، چونكە بەبێ ئامادەیی راستەوخۆی ناوبراو، جێبەجێكردنی بڕیارەكان و بەندەكانی یاساكە ئەستەم دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە هەبوونی ئاگر لە هۆتێل رامادای سلێمانی، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و دەرکەوتووە تەنها چڕە دوکەڵە و بەو هۆیەشەوە ئاگادارییەک ئاراستەی تەواوی هۆتێل و چێشتخانەکانی سلێمانی دەکات.
بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، توانیویانە روداوێکی لە هۆتێل رامادا کۆنترۆڵ بکەن، کە بەهۆی سووتانی چەوریی ناو سیستەمی هەواکێشی چێشتخانەی هۆتێلەکەوە دروست بووە و ئەوەشمەترسیی تەنگەنەفسی بۆ میوانەکان دروست کردبوو.
هاوکات، بەرگری شارستانی هۆشداری توند دەداتە خاوەن هۆتێل و چێشتخانەکان کە بەردەوام سیستەمی هەواکێشەکانیان پاکبکەنەوە.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، کەمتەرخەمی لە مەرجەکانی سەلامەتی و کۆبوونەوەی چەوری لەناو بۆرییەکاندا، ساڵانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین روداوی ئاگرکەوتنەوەی هاوشێوە لە ناوەندە گەشتیارییەکاندا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا، لەڕێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە پرۆسەی لەجیاتیدانان بۆ ئەو پلە وەزیفییانە دەستپێبکات کە بەشێوەی گرێبەست ناویان گەڕاوەتەوە و دەستبەکار نەبوون.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پلاتفۆرمێکی تایبەت کارادەکرێت کە تێیدا سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو دەتوانن بەبێ جیاوازی داواکاری پێشکەش بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە ئەو وانەبێژ و فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە پێشتر بەشێوەی گرێبەست یان کرێی رۆژانە لەسەر داهاتی ناوخۆ و زانکۆکان ناویان دەرچووە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز دەستبەکار نەبوون، ئێستا ئەو پلە بەتاڵانە بەپێی سیستمێکی خاڵبەندیی ورد و شەفاف پڕدەکرێنەوە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران دێت و پاڵپشتە بە ڕێنمایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری. ئامانجیش لە پرۆسەکە، رێکخستنەوەی میلاکی زانکۆکان و سوودوەرگرتنە لەو بودجەیەی پێشتر بۆ دامەزراندنی گرێبەستەکان تەرخانکرابوو، بەڵام بەهۆی پڕنەکردنەوەی پلەکانەوە بە بەتاڵی مابووەوە.
بەیانی ئەمڕۆ، لە سنوری هەولێر و لەسەر رێگای هەولێر- کەرکوک، ئاگر لە کۆگایەکی ئۆتۆمبێل کەوتوەتەوە، کە لە هەمانکاتدا پێشانگای ئۆتۆمبێلی گەورەیە و رۆنی ئۆتۆمبێلیشی تێدایە.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز، لە شوێن روداوەکەوە رایگەیاند، بەهۆی بەهێزی ئاگرەکەوە، کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە و تا ئێستا نازانرێت زیانەکان چەندن، بەڵام ئاگرەکە گەورەیە و تیمێکی زۆری بەرگریی شارستانیش لە شوێن روداوەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بەهۆی فراوانبونی ئاگرەکەوە سێ کۆگا سوتاون، کە یەکیان رۆنی ئۆتۆمبێلی تێدایە و ئەمەش وایکردوە دوکەڵێکی زۆری هەبێت.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێریش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی بای بەهێزەوە، ئاگرەکە زیاتر تەشەنەکی کردوە و هۆکارە بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، 10 تیمیان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و تا ئێشتا زیانی گیانیی نییە.
لە سوێن روداوەکە، شایەتحاڵێکیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی سوتاندنی پوش و پاوانەوە بووە لەلایەن جوتیارانەوە لە نزیک پێشانگاکە و بەهۆی بای بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەی کردوە.
قائیمقامیەتی قەزای شارباژێر، شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، بە مەبەستی چاکسازی و پڕکردنەوەی ئەو چاڵانەی لە شەقامی ناو تونێلی پێشڕەودا دروستبوون، تونێلەکە بۆ ماوی 15 سەعات بە رویی شۆفێراندا دادەخرێت.
قائیمقامیەتی قەزای شارباژێر، ئاماژەی بەوەشکردوە، داخستنەکە دەکەوێتە رۆژی شەممە، رێکەوتی (1ـی8ـی2026) و لە سەعات نۆی بەیانی تا 12 شەو دەبێت.
داواش لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات لەو ماوەیەدا بۆ هاتوچۆکردن شەقامی شاخی ئەزمڕ بەکار بهێنن.