جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کۆبوونەوە و باسیان لە رەوشی سیاسیی هەرێم و عیراق و چەند پرسێکی دیکە کرد.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەگەڵ باڵیۆز ستیڤ ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق و چەند پرسێکی دیکەیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 21ـی 10ـی 2026، بە ئامادەبوونی گویندەلن ویندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ کرا لەبارەی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

سەبارەت بە حکومەتی فیدڕاڵیش، هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بە تەواوبوونی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت و جەختیان کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەپێی دەستوور. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە پرسی بودجە و بە پێویستی زانی لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی و یەکڕیزییەوە لە بەغدا کاربکەن بۆ چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.