هاتوچۆی هەرێم دەنگۆی پێدانی 'تابلۆی ئەمنی' بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا رەتدەکاتەوە
ساکۆ سمکۆ
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە پێدانی تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا دەکات، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرلەبەری دەنگۆکانی رەتکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەنگۆی پێدانی 'کۆد' یان 'تابلۆی ئەمنی' بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتا و تۆمارنەکراوەکان دەکەن، ناڕاستە و جەخیشدەکاتەوە کە ئەوان تاکە لایەنی رەسمین بۆ پێدانی تابلۆ.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەو دەنگۆیانەی لە بەشێک لە کەناڵەکانی میدیادا بڵاوکراونەتەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە نییە، چونکە بەپێی یاسا و رێنماییەکان، تەنها بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ لایەنی رەسمیی تۆمارکردن و پێدانی تابلۆیە بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستاندا.
هۆشداریش دەدات، هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆی رەسمیی چوار پارێزگاکەی هەرێم، پارێزگاکانی عیراق، یان تابلۆی رەسمیی بیانیی پێوە نەبێت، وەک ئۆتۆمبێلی 'بێتابلۆ'هەژماردەکرێت و لە کاتی بینینیدا لەلایەن تیمەکانی هاتوچۆوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.




