وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی پارەدانی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: سەرەڕای داشکاندنی کرێی خوێندن بە رێژەی %45، پارەکە بە پێنج قیست دەدرێت.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و لەبەر چاوگرتنی رەوشی دارایی کەسوکار و بنەماڵەی خوێندکاران، د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە؛ وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێل و ئێواران بەشێوەی پێنج قیست بدرێت.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەم بڕیارەتەنها بۆ ئەو خوێندکارانەی زانکۆیە کە بە شێوازی پارالێڵ و ئێواران دەخوێنن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران پێشتر بە رێژەی 45% کرابوو و دوای ئەو بڕیارەش، وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران کراوە بە پێنج قیست جێبەجێدەکرێت.