دوای کوشتنی هەشت کەروێشک دەستگیرکران
بڵند
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەرین رایگەیاند، هێزەکانیان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردوە، کە هەشت کەروێشکیان راوکرد بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەرین رایگەیاند، شەوی رابردوو دوای وەرگرتنی زانیاری لەلایەن بازگەی ئاسایشی قەمتەران، بە سەرپەرشتی ئەفسەری بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی چوارقورنە توانیویانە بە تۆمەتی راوی نایاسایی سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سێ تۆمەتبارەکە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر هەشت کەروێشکدا گیراوە، کە ڕاویان کردون و سێ تانجی و ئۆتۆمبێلێکیشیان پێبوە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەرین دەڵێت؛ بەردەوامن لە پاراستنی سامانە سروشتییەکان و جێبەجێکردنی یاسا بۆ پاراستنی ژینگەیەکی پاک و سەلامە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ تۆمەتبارەکان کراوەتەوە.


