لە 24 سەعاتی رابردوودا نزیكەی 160 كەس لە هەرێم و 207 كەس لە كەركوك، بەهۆی كاریگەری خۆڵبارین رەوانەی نەخۆشخانە كران، كەشناسی عیراقیش دەڵێت، ئەمڕۆ خۆڵبارین كۆتایی دێت.
دەستەی گشتی كەشناسی و بەدواداچوونی بومەلەرزەزانی عیراق بڵاویكردەوە، ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی ماوەی 5 رۆژە بەرۆكی زۆربەی شارەكانی عیراقی گرتووە، ئەمڕۆ كۆتایی دێت و لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرماش كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
سدیق عەتیە، سەرۆكی بەشی پێشبینی دەستەكە ئاماژەی بەوە كردووە، هەرچەندە هەندێك ناوچە لە هەرێمی كوردستان هێشتا لەژێر كاریگەری پاشماوەی هەور و باران و خۆڵباریندان، پێشبینی دەكرێت وردە وردە كەمببێتەوە، بەڵام لە باكووری ڕۆژئاوای وڵات، با كەمێك چالاك دەبێت.
بەهۆی كاریگەری خۆڵبارینەوە، لە 24 سەعاتی رابردوودا نزیكەی 160 كەس لە هەرێمی كوردستان و 207 كەسیش لە كەركوك و رەوانەی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن كران.
داعش لە رۆژئاوای كوردستان چالاككراوەتەوە و هەسەدەش رایگەیاند، لە دێرەزوور شكستیان بە دوو هێرشی ئەو تیرۆریستانە هێناوە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە ، بۆ رۆژی دووهەم لەسەر یەك ، دوو هێرشی شانە نوستووەكانی داعشیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی هەسەدە لە هەردوو شارۆچكەی زیبان و شحێل لە دەوروبەری دێرەزوور شكستپێهێناوە .
لە چەند رۆژی رابردووشدا ، هەسەدە دەستگیركردنی تیرۆریستێكی مەترسیداری داعشی لە ئۆپراسیۆنێكدا بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ریفی دێرەزوور ڕاگەیاند.
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا، نرخی کارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی چـوار لە سلێمانی لەنێوان 6500 بۆ 7500 دینار دیاریکرد.
بەپێی راگەیاندنێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ کوردسات نیوز نێردراوە، بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەكاندا، نرخی هەر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ یەك ئەمپێر (42) دینار دیاریکراوە، بەمەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەكەكانی ناوشاری سلێمانی لەنێوان (6500) بۆ (7500) دینار دەبێت.
لیژنەکە رونیشیکردۆتەوە کە ئەم نرخانە بە پێی کارکردنی موەلیدەکان لە نێوان (155 بۆ 179)سەعات لە مانگێکدا دیاریکراوە.
هەروەها بەپێی راگەیاندنەکە، خشتەی كارپێكردنی موەلیدەش بۆ مانگی (پێنج) تا بەرواری 15/5/2025 بەمشێوەیە دەبێت:
- رۆژانە لەکاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ تا 1ی شەو کاردەکەن.
- کاتژمێر 1ـی شەو دەکوژێتەوە تا 6:30ـی بەیانی.
- کاتژمێر 6:30ـی بەیانی تا 8:00ـی بەیانی کاردەکەن.
- کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 12ـی نیوەڕۆ کارناکەن.
لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان، لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا جەختیان لەوەكردۆتەوە كە لەكاتی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موەلیدە و پێدانی كارەبا بەهاووڵاتیان لە (پێنج) خولەك زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەكە سزادەدرێت.
پرۆژەی روناکی رایگەیاند؛ کە بەهۆی نالەباری بارودۆخی کەش و هەوا، تۆڕی کارەبای نیشتمانی توشی چەندین کێشەی تەکنیکی بوە و بوەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە ژمارەیەک گەڕەک.
بەپێی راگەیەنراوێکی پرۆژەی روناکی، تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەت لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن و هەوڵدەدەن بەزوترین کات کارەبای نیشتمانی بگەڕێننەوە.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە لەم ماوەیەدا مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان کارا دەبن و کارەبا بەدەست هاووڵاتیان دەگات تا کۆتایی چاککردنەوەی کارەبای نیشتمانی 24 سەعاتی.
پرۆژەی روناکی جەختی کردووەتەوە کە هاووڵاتیان لە کۆتایی مانگ هیچ بڕە پارەیەک بە مۆلیدەی ئەهلی نادەن و داوای لێبوردنیشی کردووە بۆ هەر ناڕەحەتییەک کە دروست بوە بەهۆی ئەم پچڕانەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک پێی راگەیاندین، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری رێختەر شاری كەركوكی هەژاند.
بەپێی راگەیەنراوی كەشناسی عیراق، بوومەلەرزەكە لە قولایی 10 كیلۆمەترەوە بووە.
لە هەفتەی رابردووەوە ئەمە دەبێتە دووەم بوومەلەرزە لە کەرکوک کە هاوڵاتییان هەستی پێبکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، رێنماییە پێویستەکانی بۆ چۆنێتیی خۆپاراستن لەکاتی خۆڵبارین بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، لەکاتی خۆڵباریندا پێویستە هاوڵاتیان پابەندبن بەم ڕێنماییانەی خوارەوە:
یەکەم: لەکاتی چوونەدەرەوەدا ماسک بەکاربهێنن و زوو زوو بیگۆڕن.
دووەم: لەکاتی خۆڵباریندا لەماڵەوە بمێنەرەوە و مەچۆرەدەرەوە.
سێیەم: چاویلکە و قەترەی چاو بەکاربهێنە بۆ پاراستنی چاوەکانت.
چوارەم: چاوەکانت بشۆ لەبری خوراندنی چاو.
پێنجەم: بەباشی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت دابخە.
شەشەم: لەکاتی خۆڵباریندا لە پلەی گەرمی بەرزدا برێکی باش ئاو بخۆرەوە.
حەوتەم: لەکاتی شۆفێریدا جامەکانی ئۆتۆمبێلەکەت دابخە.
هەشتەم: ئەوانەی نەخۆشیی ڕەبۆیان هەیە بەبەردەوامی پەمپی ئۆکسجین هەڵبگرن لەژێر ڕێنمایی پزیشکیدا چارەسەر وەربگرن.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن بۆ پاراستنی تەندروستیان.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێلی تایبەت لە عێراق و هەرێم تۆمار کراون.
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانای عیراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا رێژەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە عیراق و هەرێم بە رێژەی 1.4٪ بەراورد بە ساڵی 2022 زیادی کردووە.
ئەوەشی خستە روو، لە ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 982 هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت لە عیراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتووەتە هەشت هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت، بەوپێیەش لەو ساڵەدا 18 هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت تۆمار کراون.
دەشڵێت، ئەو ئامارەش ئەوە دەسەلمێنێت، لە هەر هەزار دانیشتوویەکی عیراق، 187 ئۆتۆمبێلی تایبەتیان بەردەکەوێت.
ئەو ئامارەی وەزارەتی پلاندانای عێراق تەنها باس لە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکات، ئەوە جگە لە ئۆتۆمبێلی کەرتی گشتی و بارهەڵگر و جۆرەکانی دیکەی وەک بێسەرەتا و تۆمارنەکراوەکان.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نوێترین زانیاری سەبارەت بە موچەی مانگی چوار خستەڕوو و باس لەوەدەکات، گرفتی دواکەوتنی موچە بەهۆی نەبوونی پارەی کاشەوە هەیە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دواکەوتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە نییە و هیچ قەیرانێکی دارایی لە عیراقدا نییە.
وتیشی، دابەشکردنی موچە لە بەشێکی دامودەزگاکانی عیراقیشدا دواکەوتووە و گرفتەکەش تەنها نەبوونی پارەی نەختینەیە لەبەردەستی حکومەتی عیراقدا.
روونیشیکردەوە، هیچ گرفتێک لە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمدا نییە، حکومەتی عیراقیش هیچ نییەتێکی لەوجۆرەی نییە کە بیەوێت ئاستەنگ بۆ موچە دروست بکات بەڵکو هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی چی زووترە پارەی کاش دابین بکات و موچەی پێ دابەش بکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دۆخێکی گەورەی جیهانی هەبێت کە کاریگەریی گەورە لەسەر داهات و ئابووری وڵات دروست بکات ئەوەیان جیاوازە، نەک تەنها حکومەتی عیراق بەڵکو بۆ حکومەتە گەورەکانیش گرفت دروست دەبێت، کە لە ئێستادا هیچ بابەتێکی لەو جۆرە بوونی نییە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلی بارانبارین و هەورەتریشقە و خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و خێرایی با زیاد دەکات، پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەل تاوەباران و بروسکە لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتیش لە ناوچە سنورییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم. هەروەها لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری شەپۆلەکە بۆماوەیەکی کەم درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و سەنتەری شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، پاشان کاریگەری دابارین لاواز دەبێت بەرەو ناوچە سنورییەکان.
کەشناسیی دەشڵێت، ئەمڕۆ خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە سەعاتێکدا، پێشبینی چالاکبوونی خێرایییەکەی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەڕۆوە تاوەکو ئێوارە بۆ نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا لە زوربەی ناوچەکان، لەگەڵ بایەکەشدا خۆڵبارین زیاد دەکات.
کەشناسیی هەرێم راشیگەیاندووە، لە ناوچەکانی قەزای بەردەرەش و ئاکری و سەنتەری دهۆک و دەوروبەری پێشبینی ژمارەیەکی زۆر لە هەورەتریشقە دەکرێت.
ئەوەشی خستووەتە روو، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ بارینی کەمیک تاوەباران و هەبوونی هەورەتریشقە، بەتایبەتی لە ناوچە سنورییەکانی باکور.
کەشناسی لەبارەی پلەکانی گەرماوە ئەوەی روونکردووەتەوە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، بەڵام سبەینێ 3 بۆ 5 پلەی دیکە دادەبەزن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 28 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 23 پلەی سیلیزی
دهۆک : 23 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 24 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 24 پلەی سیلیزی
سۆران : 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان :32 پلەی سیلیزی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی دواگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەئامادەبوونی هەریەکە لە د. مەریوان ئەحمەد رەشید، سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و ئەندازیار حسێن نجم الدین رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی رێکخراوی رابیتەی مرۆیی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمانی کرد لە قوڵترکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا و هیوای خواست رۆڵی زیاتر ببینێت لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان.
لای خۆیەوە د. عەلی قەرەداغی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان و مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد بە گرنگ وەسف کرد و روونی کردەوە کە سەرۆک مام جەلال خزمەتی بەرچاوی بە سەرجەم رێکخراو و لایەنە سیاسییەکان کردووە بێ گوێدانە ئایدیا و بیر و باوەڕیان.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش هەردوولاش هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە و پێکەوە هەوڵ بدەن زۆرترین دەستکەوت بۆ گەلی کورد دابین بکەن.
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم دەڵێت، بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارین، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن تۆن كەمیكردووە.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارین، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جوتیاران كەمیكردووە، بەجۆرێك ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنم گەیشتووەتە نزیكەی دوو ملیۆن تۆن، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت بگاتە نزیكەی یەك ملیۆن تۆن.
وتیشی، بەهۆی پێشبینییەكانی كەمی بارانبارینەوە، ئەمساڵ بەشێكی زۆر لە جوتیاران خۆیان لە چاندنی گەنم بەدوورگرتووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە بەشێكی زۆری ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی رابروو ئەمساڵ ئاستی بارانبارین بۆ نیو هێندە كەمیكردووە و شارەزایانی بواری كەشناسیش، هۆشداری لە وشكەساڵییەكی مەترسیدار لە هەرێم دەدەن.
زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی بە هاوکاری رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ودامەزراوەکانی کەرتی تایبەت 600 هەلی کارلە یەکەمین پێشانگەی ههلی كارو تۆڕبهندی سلێمانی راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکەمین پێشانگەی ههلی كارو تۆڕبهندی سلێمانی لەژێر دروشمی "داهاتووت مسۆگەر بکە" بە سەرپەرشتی د.هوشیار عەبوڵا عزیز سهرۆكی زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی و ئامادەبوونی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و پارێزگاری سلێمانی وسەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وبە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات لە شاری سلێمانی کرایەوە.
ئەم پێشانگەیە بە بەشێکی تری هەوڵەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە لەلەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی کار "CDC" بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی "ILO" و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت؛ 37 كۆمپانیای جۆراو جۆر بهشداریان كردووه و تونراوه 600 ههلی كار لە بوارە جیاوەزەکاندا دا بۆ خوێندکاران و دەچووانی زانکۆکان لە پێشەنگەکەدا بخرێتەروو.
لەمەراسیی کردنەوەی پێشانگەکە ژمارهیهكی بهرچاو لە لێپرسراو و نوێنەرانی كۆمپانیا جیاوازەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرچوان و خوێندکاران سەردانیان کرد و تیایدا سیڤی خۆیان پێشکەشی کرد.
له كردنهوهی چالاكییهكهدا پانێلێک بەناونیشانی دەرچوونەوە بەرەو بازاڕی کار: دەرفەتەکان و ئاڵەنگارییەکان سازکرا بۆ هەریەک لە د. بەختیار عبید شریف یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران، نەوزاد غفور کریم سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئارام ئەنوەر عومەر– بەڕێوەبەری ھەرێمی سندووقی پشتیوانی پڕۆژەکانی بچوک و مامناوەند لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
لە ئاکرێ چالاکوانێک لەسەر پارچە ڤیدیۆیەک کە رەخنە لە رێگاوبان دەگرێت، ئەمرۆ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، پارێزەری ئەو چالاکوانەش دەڵێت؛ دادوەر بڕیاریداوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ئەو چالاکوانە رابگیرێت.
ئەکرەم زێباری پارێزەری چالاکوانەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، قەیدار حوسێنی چالاکوان لەسەر پارچە ڤیدیویەک بە بریاری دادوەر دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ رادەگیرێت.
وتیشی؛ چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ بە کەفالەت ئازادبکرێت ئەگەر لێکولینەوە لەسەر سکاڵاکە تەواوببێت.
پێش چەند رۆژێک چالاکوان قەیدار حوسێنی خەڵکی ئاکرێ، بەهۆی ئەوەی لە پارچە ڤیدیویەک دا گلەیی لە ئیدارەی شارەکە و قائیمەقایمی قەزاکە دەکات، لەسەر تەواونەبوونی رێگای(سەرێ گری) کە بۆ نەوروزی ئەم ساڵ دروست کرابوو ، ئەمرۆ بەهۆی سکاڵای قائیمەقایمەتی ئاکرێ، قەیدار حوسێن بانگێشتی دادگا کرا و بە بریاری داوەری سێ رۆژە راگیراوە.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و بارانبارین و هەورەتریشقە بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بارینى تاوەباران و هەورەتریشقە لە کات و شوێنی جیا جیادا و لە کاتەکانى شەودا ئەگەرى لێزمەباران و هەورە تریشقە هەیە لە ناوچەکانى باکورى هەرێم، هەروەها پلەکانی گەرما 2 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە، جگە لە پارێزگای دهۆک بە پێچەوانەوە پلەکانی گەرما لەوێ بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچەکانى باکور نیمچەهەور بۆ هەورى تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینى نمەباران و هەورەتریشقە بەتایبەت لە ناوچەکانى باکور و باکورى رۆژهەڵات .
ئەوەش هاتووە، سبەینێ خێرایی با زیاد دەکات، بەتایبەت هەندێک کات بەرزدەبێتەوە بۆ 35 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، کە لەگەڵ ئەوەدا ئەگەری خۆڵ بارین هەیە لە ناوچەکانی گەرمیان و رۆژهەڵاتی هەرێم. پلەکانی گەرماش بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ نزم دەبنەوە، جگە لە پارێزگای سلێمانی کەمێک بەرز دەبێتەوە.
سبەینێ بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمجۆرە دەبن:
هەولێر : 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 30 پلەی سیلیزی
دهۆک : 31 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 36 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 31 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 32 پلەی سیلیزی
سۆران : 29 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان :37 پلەی سیلیزی
هاوكات كەجەكە رایگەیاند ئۆندەری شەهیدی ئاشتییە و بە مردنی كورد پشتیوانێكی گەورەی لەدەستداوە، ئەحمەد توركیش دەڵێت ئەو كەلێنەی لە نەبونی ئۆۆندەر دروست بووە بە ئاسانی پڕ نابێتەوە.
كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە بۆ كۆچی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمڕاڵی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە گەلی كورد كەسێكی گرنگی لە مێژوی تێكۆشان و ئاشتیخوازیی خۆیدا لەدەستدا بۆیە پێویستە ئامانجەكەی بهێنرێتە دی.
كەجەكە لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردوە كە ئۆندەر هاوكات لەگەڵ تێكۆشان بۆ یەكسانی و دادپەرەوەریی لە توركیا دۆست و پشتیوانێكی گرنگی كورد بوو تاوەكو دوا ساتی ژیانی سەرقاڵی بە ئامانج گەیاندنی پڕۆسەری چارەسەریی كورد بوە و دواجاریش بوە شەهیدی ئاشتی.
هاوكات ئەحمەد تورك سیاسەتمەداری باكوری كوردستان و ئەندامی وەفدی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان هەدەپە لە پەیامێكیدا بۆ ئۆندەر رایگەیاند ئەو ژیانی خۆی بۆ ئاشتی و دۆستایەتی گەلی كورد و تێكۆشان بۆ جوانییەكان تەرخان كردبوو بۆیە كەلێنی ئەو بە ئاسانی پڕ نابێتەوە.
هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە سنوری نێوان كرماشان و هەرێمی كوردستان زیادیكردووە و هاتووچۆش لە سنوری هەڵەبجەوە بۆ دوو هێندە زیادیكردووە.
بەڕێوبەرایەتی رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای كرماشان بڵاویكردەوە تەنها لە مانگی رابردودا زیاتر لە 96 هەزار كەس لە سێ مەرزی شوشمێ و پروێزخان و خەسرەوی هاتوچۆیان كردوە، بەجۆرێك كە رێژەی هاتوچۆ لە مەرزی شوشمێ لە ناوچەی هەورامانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە 120٪ زیادیكردووە.
لە مانگی رابردودا 10 هەزار و 917 گەشتیار لە مەرزی شوشمێ لە نیوان پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای كرماشان هاتوچۆیان كردوە.
گومرگی پارێزگای كرماشان بڵاویكردوەتەوە كە تەنها لە مانگی چواری ئەمساڵ بڕی 483 هەزار تۆن كاڵا و بەربومی كشتوكاڵی بە بەهای 191 ملیۆن دۆلار لە سنورەكانی پەروێزخان و سومار و شێخ سەلە رەوانەی هەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق كراوە كە بەراورد بە رابردو بە رێژەی 10٪ زیادی كردوە.