ئەنجامی زانکۆ لاین راگەیەندرا
راهۆز
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامەکانی زانکۆلاینی راگەیاند.. %100ی دەرچووان وەردەگیرێن
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەنجامەکانی زانکۆلاینی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 راگەیاند و ئاشکرای کرد، کۆی گشتی وەرگیراوانی خوێندکاران دەگاتە 51,725 خوێندکار
دکتۆر ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بۆ ئەمساڵ 97%ی قوتابییان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون." هاوکات جەختیشی کردەوە کە "15 هەزار کورسیمان لە دەرەوەی پلان وەرگرتووە و ئەمساڵیش 100%ی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن."
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشدا کە "نمرەی قوتابییان بە تایبەت بەشە زانستییەکان دابەزیوە،" بەڵام دووپاتیشی کردەوە "ستەم لە هیچ قوتابییەک نەکراوە و کارەکان دادپەروەرانەن."
دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەتوانن لەرێگەی ئەم لینکەوە (https://www.regayzanko.com/) بە بەکارهێنانی ناوی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی ئەنجامەکانیان ببینن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، کە 14,731 کورسی بە بەتاڵی ماونەتەوە و دەیخەنە خزمەتی ئەو 3%یەی کە وەرنەگیراون، بەمەش هیچ خوێندکارێک بێ شوێن نامێنێتەوە.
هاوکات، خوێندکاران بۆ ماوەی هەفتەیەک دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، رۆژی 26ی تشرینی یەکەم یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندن دەبێت لە زانکۆکان بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەم



