شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بەهۆی کۆچی دوایی سری سورەیا ئوندەر ئەندامی وەفدی ئیمراڵی پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو سیاسەتمەدارە پابەندەی هەڵوێستەکانی لە ماوەی ژیانیدا بەهاکانی دادپەروەری و گفتوگۆ و گەیشتن بەچارەسەر ئاشتیانەی بۆ پرسی کورد لە تورکیا بەرجەستە دەکرد".
دەقی پرسەنامەکە...
غەمبار بووم بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئوندەر، ئەو سیاسەتمەدارە پابەندەی هەڵوێستەکانی لە ماوەی ژیانیدا بەهاکانی دادپەروەری و گفتوگۆ و گەیشتن بەچارەسەر ئاشتیانەی بۆ پرسی کورد لە تورکیا بەرجەستە دەکرد.
لە میانی سەردانی بۆ سلێمانی لە مانگی شوباتی رابردوو چاوم بە بەڕێز ئوندەر کەوت و سەرسام بووم بە ئەندێشە و بەسۆزی دڵسۆزانەی کە هەرگیز لە یاد ناکرێت، خوا لێی خۆش بێت.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایەگەیەنێت، لە دوو هەفتەی رابردوودا چوار کەسیان بە تۆمەتی تەقەکردن و بێزارکردنی هاووڵاتیان دەستگیرکردووە.
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە هەر یەک لە گەڕەکەکانی شەهیدان، ئازادی و ئاوارەکانی قەزای کەلار دوو تۆمەتبار بە ماتۆڕسکیل لەناو شار بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەیان کردووە و بوونەتە هۆی دڵەڕاوکێ و بێزارکردنی هاووڵاتیان و هاوکات مەترسیان لە سەر گیانی هاووڵاتیان دروستکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەیانی ئەمڕۆ ئەو تۆمەتبارانە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون و دەستبەسەر چەک و ماتۆڕسکیلەکەیاندا گیراوە، لەئێستاشدا بە بڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 495 لە یاسای سزادانی عیراقی بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، ئەوەش لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو دوو تۆمەتبار دیکە بە تۆمەتی تەقەکردن و بێزارکردنی هاووڵاتیان دەستگیرکران و بەهەمان مادە بەندکران رووبەڕووی یاسا کرانەوە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی مێرد منداڵێکی تەمەن 13ساڵان گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتەوە بەهۆی هەورە بروسکەوە گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوە تەندروستیە، ئەوکەسە تەمەنی 13ساڵانە و ناوی عبدالرحمن سلطانە و خەڵکی سنوری قەزای حەویجەیە
ئەم روداوە هاوکاتە لەگەڵ حاڵەتێکی تری گیان لەدەستدانی مێرد منداڵێکی تەمەن 10ساڵان کە بەهەمان شێوە بەهۆی هەورە بروسکەوە گیانی لەدەستدا
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەهۆی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی وەفدی ئیمراڵی پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەموو هەوڵێكی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باكووری كوردستان و توركیا.
دەقی پەیامەکە...
لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووم بە کۆچی دوایی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی. بۆ ئەم خەمە قووڵە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری بەڕێزیان و پارتی دەم و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە خەمی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دان بە دیالۆگ و گفتوگۆ.
سری سوورەیا ئۆندەر کەسایەتییەکی دیار و دڵسۆزی گەلی کورد بوو کە لە چەند قۆناغێکدا داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانی گەلەکەمان بوو، هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەدەستدانی بەڕێزیان جێگەی داخە و گەلی کورد دڵسۆز و خەمخۆرێکی راستەقینەی لەدەستدا.
لە خوای گەورە داواکارین رۆحی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر بۆ هەمیشە شادبێت و ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سری سورەیا ئۆندەر سیاسەتمەداری دیارو پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە و ئەندامی وەفدی دەمپارتی پاش نزیکەی 20 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵ کۆچی دوایی کرد.
لە ڕاگەیەندراوی نەخۆشخانەکەدا هاتووە؛ کە هۆکاری مردنی ئۆندەر لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستە بووە.
ئۆندەر، تەمەن 62 ساڵە و دوای ئەوەی 18 رۆژە لەژێر چارەسەردایە، ئەمڕۆ لە کاتژمێر 4:10 خولەک بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامەوە گیانی لەدەستدا.
سری سورەیا ئۆندەر کێیە؟
سری سورەیا ئۆندەر، کە ژیانی سیاسی لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد، بۆ چەندین ساڵ لەناو رای گشتیدا وەک نووسەر و سیناریست ناسرابوو. لە هەمان ساڵدا، لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا وەک کاندیدی سەربەخۆی بلۆکی کار، ئازادی و دیموکراسی، لە ئیستانبوڵەوە بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا و چووە ناو پەرلەمانەوە.
لە ساڵی ٢٠١٣، لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP)، بوو بە یەکێک لەو کەسایەتیانەی کە پێشەنگی کرد لە کۆکردنەوەی سیاسەتی کوردی و ئۆپۆزسیۆنی چەپی تورکیا لەژێر یەک چەتردا. لە HDP پۆستی یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتی وەرگرت. لە هەمان ساڵدا، بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی کرد وەک یەکەم ئەندام پەرلەمان کە لە پارکەکەدا بەشداری کرد.
ئۆندەر لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥، لەو قۆناغەدا کە بە "پرۆسەی چارەسەری" ناسرابوو، رۆڵی گرنگی گێڕا. بەشداری لە پەیوەندییەکان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری PKK کە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکراوە، کرد؛ هەروەها ئەندامی شاندێک بوو کە پەیوەندی لەگەڵ قەندیل دەکرد. لە ساڵانی ٢٠١٣، ٢٠١٤ و ٢٠١٥، لە یادی نەورۆزدا، ئەو کەسە بوو کە نامەکانی ئۆجەلانی بۆ ڕای گشتی خوێندەوە.
لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی تیرۆر" دەستگیرکرا، و لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئازاد کرا. ئۆندەر ژیانی سیاسی لەوێوە بەردەوام کردەوە کە بەجێی هێشتبوو، جارێکی تر وەک ئەندام پەرلەمان هەڵبژێردرا و لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا وەک ئەندام پەرلەمانی ئیستانبوڵی پارتی DEM و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا خزمەتی کرد.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە گفتوگۆکانی ئیمراڵی کە دوبارە بوونە بابەتی ڕۆژ بە بانگەوازی دەوڵەت باحچەلی، سەرۆکی گشتی پارتی MHP، جارێکی تر ئەندامی ئەو شاندە بوو کە نێوەندگیری دەکرد لە نێوان حکومەت و ئۆجەلان.
زانیاری زیاتر لەبارەی سری سورەیا ئۆندەر
سری سورەیا ئۆندەر لە ١٢ی تەمموزی ١٩٦٢ لە شاری ئەدەنە لە تورکیا لەدایک بووە. پێش ئەوەی بچێتە دنیای سیاسەتەوە، ناوبانگی بەدەست هێنا وەک نووسەر، سیناریۆنووس و دەرهێنەری فیلم. لە ناو بەرهەمە هونەرییەکانیدا، فیلمی "بەهەشت لێرەیە" (٢٠٠٢) یەکێکە لە کارە ناسراوەکانی وەک دەرهێنەر و سیناریۆنووس.
لە ژیانی سیاسیدا، ئۆندەر بە کەسایەتییەکی مەدەنی، دیالۆگخواز و پێشەنگ لە کارکردن بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا ناسراوە. لە کاتی "پرۆسەی چارەسەری"دا، ئۆندەر ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی تورکیا و PKK، کە ئەمەش وای کرد ببێتە یەکێک لە دەموچاوە دیارەکانی ئەو پرۆسەیە.
سەرەڕای کارە سیاسییەکانی، ئۆندەر بە شێوازی نووسین و قسەکردنی ڕەوان و کاریگەری ناسراوە. ئەو چەندین کتێب و وتاری نووسیوە کە تیایاندا باس لە ناسنامەی کوردی، مافەکانی کەمینەکان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی دەکات.
لە ساڵی ٢٠١٥، کاتێک پرۆسەی ئاشتی کۆتایی هات، ئۆندەر لەلایەن دەسەڵاتەوە دووچاری چەندین دادگایی کرایەوە و لە کۆتاییدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی تیرۆر" زیندانی کرا. لە کاتی زیندانیکردنەکەیدا، بوو بە هێمایەکی سیاسی بۆ ئازادی بیروڕا و باشترکردنی مافەکانی کورد لە تورکیا.
دوای ئازادبوونی، ئۆندەر جارێکی تر گەڕایەوە ناو سیاسەت و بوو بە ئەندامی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (DEM)، کە میراتگری پارتی HDP بوو. لە ساڵی ٢٠٢٣ بوو بە ئەندامی پەرلەمان و دواتر هەڵبژێردرا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.
ئۆندەر بە تایبەتمەندییە مرۆڤدۆستانەکانی و توانای نێوەندگیری لە نێوان لایەنە جیاوازەکان ناسراوە و هەوڵدەدات بۆ پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان لە تورکیا و چارەسەری کێشەی کورد بە ڕێگای دیالۆگ و دیموکراسی.
نوێدەکرێتەوە...
لە هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە خوشکەکەی خۆی کوشتبوو، پۆلیسی هەولێریش رایگەیاند، لە دوای دوو کاتژمێر توانیمان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەین.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە روداوێکی کوشتن لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی روداوەکە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوت کەوا کچێک بەناوی (ن. ٲ. ع) لەلایەن براکەیەوە بەناوی (ع. ٲ. ع) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژراوە.
پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر تۆمەتبار لەلایەن تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دەستگیر کرا بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە.
هاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: ئەو روداوە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە رویداوە و لە ئەنجامدا برایەک چەن گوللـەیەک بە خوشکەکەی خۆیەوە دەنێت و لەکاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.
بەیانی ئەمرۆ لە قەزای پێنجوێن مێرمنداڵێک بە ناوی سەهەند سەڵاح بەهۆی هەورە بروسکە گیانی لەدەستدا.
جێگەی ئاماژەیە ئەو مێرمنداڵە تەمەنی 14 ساڵە و لە دەشتاییەکانی پێنجوێن هەورەبروسکە لێیداوە گیانی لەدەستداوە.
جێگەی ئاماژەیە، هەر ئەمرۆ لە گوندی حەساری پارێزگای کەرکوک منداڵێکی تەمەن 10 ساڵە بە هەورەبروسکە گیانی لەدەستدا
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمرۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لەهەندێک کات و شوێنی جیاجیا ئەگەری تاوە باران هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گەشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان لەزۆربەی کاتەکاندا هەوری تەواو دەبێت, لەگەڵ بارینی تاوە باران لە کات و شوێنی جیا جیا هەندێ جار هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بە (2-4 )پلەی سیلیزی بە بەراورد لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان سبەینێ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت, لەگەڵ بارینی تاوە باران لە کات و شوێنی جیا جیا هەندێ جار هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : 33 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 30 پلەی سیلیزی
دهۆک : 30 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 35 پلەی سیلیزی
زاخۆ:31 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 32 پلەی سیلیزی
سۆران : 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 20 پلەی سیلیزی
گەرمیان :36 پلەی سیلیزی
درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکی یەکی حوزەیرانی شاری کەرکوک دەستدڕێژی گولە لە ژمارەیەک گەنج کراوەو بەهۆیەوە کوژراوێک و دوو بریندار هەیە.
سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی دۆمیس لە کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند: رووداوەکە نزیک کاتژمێر 12 ی ئەمشەو لە گەڕەکی یەکی حوزەیران لەباشوری شارەکە لە نزیک مزگەوتی سەفا رویداوە، ماتۆڕ سوارێک دەستدڕێژی گولەی لە سێ گەنج کردووە.
سەرچاوەکەی پۆلیس وتیشی؛ یەکێک لە گەنجەکان کە تەمەنی 18 ساڵ بووە گیانی لەدەستداوە، دوانەکەی دیکەش کە تەمەنیان 27 و 15 ساڵ بووە بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوستراونەتەوە.
لەئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ روداوەکە کردوەتەوەو لە هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدان.
ئاماژەی بەوەشکراوە، پۆلیس ئەوەی بۆ دەرکەوتوە بکوژ و کوژراو پێشتر شەڕو ناکۆکی لەنێوانیان هەبووە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، یادی رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری بەرز رادەگرێت كە ساڵانە دەكەوێتە سێی ئایارەوە. لەم بۆنەیەشدا هۆشداری دەدات لە مەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو.
ئەمڕۆ سێی ئایار، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری یۆنسكو(UNESCO) لە ژێر دروشمی "رووماڵكردن لە جیهانێكی نوێدا، كاریگەریی ژیریی دەستكرد (AI)لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری و میدیا"، یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری دەكاتەوە.
لەمبارەیەوە سەنتەری میترۆ جەختدكاتەوە "ژیریی دەستكرد رۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتیان و رۆژنامەنووسان".
سەنتەری میترۆ ئەم رۆژ و بۆنەیەش بە دەرفەت دەزانێت چونکە هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیموكراسییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی، ئەمەش پێویستی بە فرەیی راستەقینەی میدیا و ئازادی كاركردنیان و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، دوور لە گوشار و پێشێلكاری و بە دابینكردنی ژینگەی كاركردنی گونجاو بۆ رۆژنامەنووسان.
لەم بۆنەیەدا سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، زەمینە خۆش بكات تا میدیا رۆڵی خۆی ببینێت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت، پێشێلكاران و تاوانكارانی بەرانبەر میدیاكاران رووبەڕووی دادگا بكاتەوە و كارێك بكات دەربازیان نەبێت لە سزا. با ڕۆژی ئازادی رۆژنامەگەری بكرێتە دەرفەتێك بۆ بە پێداچوونەوە بە حوكمە دادوەرییەكان دژ بە رۆژنامەنووسان، "شێروان شێروانی" و "قارەمان شوكری" و هەڵگرتنی تۆمەتەكان لەسەر "ئومێد پەروشكی" و ئازادكردنیان.
هەروەها سەنتەری میترۆ جەخت لە رۆڵی گرنگی میدیا دەكاتەوە لە بڵاوكردنەوەی زانیاری و گەیاندنی بە شێوەیەكی پیشەییانە، بە ئامانجی هۆشیاری زیاتر بۆ تاكەكان، رووبەرووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و رەتكردنەوەی گوتاری رقوكینە و كۆتایهێنان ئاشكراكردنی نهێنی كەسی و پاراستنی تایبەتمەندی و جیاكردنەوەی رەهەندی گشتی و رەهەندی كەسی تایبەت، لە بڵاوكردنەوەدا.
دەزگای لوتكە بڵاویكردەوە، 12 كۆچبەری عیراقی لە توركیاوە گەڕێندرانەوە بۆ عیراق.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران بڵاویكردەوە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو 12 كۆچبەری عیراقی، بە رێگەی نایاسایی ویستویانە لە رێگەی دەریاوە بەرەو یۆنان بپەڕنەوە.
راشیگەیاند، لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی یۆنانەوە هەوڵدراوە بەلەمەكەیان نوقم بكەن و لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی توركیاوە رزگاركراون، ئەمڕۆ كۆچبەرەكان گەڕێندرانەوە بۆ عیراق.
نەخۆشخانەی شاری بۆ جاری دووهەم جار خەڵاتی نێودەوڵەتی وەک باشترین سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشک بەدەستهێنا، تەندروستی سلێمانیش رایگەیاند؛ ئەو خزمەتگوزاریانەی لە نەخۆشخانەکە پێشکەشدەکرێت هاوشێوەی وڵاتە زۆر پێشکەوتوەکانە.
د.زانا عەبدولڕەحمان سەرۆكی بەشی هەناوی مێشك و دەمار لەنەخۆشخانەی شار رایگەیاند : خەڵاتەكەی ئەمساڵی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ جەڵتەی مێشك بۆ نەخۆشخانەی شار پلاتینیۆمە و پلەیەك بەرزترە لە خەڵاتی ساڵی رابردوو.
وتیشی: ئەو خەڵاتەی پێیان بەخشراوە هاوشێوەی وڵاتانی زۆر پێشكەوتووە سەبارەت بەوەی بەشی هەناوی مێشك و دەماری نەخۆشحانەی شار باشترین سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشكە.
تەندروستی سلێمانیش بڵاویکردەوە، كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ جەڵتەی مێشك خەڵاتێكی نێودەوڵەتی بەخشیە بەشی هەناوی مێشك و دەماری نەخۆشحانەی شار وەك باشترین و یەكەم سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشك لەسەر ئاستی عیراق و ئەو كەیسانەی تێدا چارەسەر دەكرێت.
حەج و عومرەی هەرێم داوا لەو هاووڵاتیانە دەكات كە ناویان بۆ پرۆسەی حەج دەرچووە، لە كاتی گەیشتنیان بۆ سعودیە سیمكارت نەكڕن، چونكە سیمكارتی ئینتەرنێت و پەیوەندی بە خۆرایی، پێشكەش بە هەموو حاجیانی هەرێم دەكرێت.
كاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی حەج و عومرەی عیراق، ئـەمساڵ خزمەتگوزارییەكی تر پێشكەش بە حاجیان دەكرێت ئەویش دابیكردنی سیمكارتی ئینتەرنێت و پەیوەندی بەخۆڕاییە بۆ هەموو حاجیانی كوردستان.
وتیشی، گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی سعودی كراوە، كە هەر حاجییەك سیمكارتێكی بەخۆڕایی پێ دەدرێت، سیمكارتەكە پێنج گیگابایت ئینتەرنێت و 120 خولەك پەیوەندی بە خۆڕایی لەخۆدەگرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوانەی لە وشكانییەوە گەشت دەكەن، لە دەروازەی عەرعەر و ئەوانەشی گەشتی ئاسمانی دەكەن لە مەككە سیمكارتەكانیان پێشكەش دەكرێت.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەند رێنماییەکی گرنگی خستووەتەڕو بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لە سەربڕینخانە رێگەپێدراوەکان و لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێتەرنەری بێت.
پێشتریش د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: "زۆر گرنگە هاووڵاتیان پابەند بن بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵەکاندا، چونکە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێنماییانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی وەک تای خوێنبەربوون کە دەتوانێت لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە."
رێنماییە سەرەکییەکان:
یەكەم حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان تۆماركرا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، ئەو هاووڵاتییەی توشی تای خوێنبەربوون بووە تەندروستی جێگیرە.
د. سەركار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكەم حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە شاری كۆیە تۆماركرا، ئەو هاووڵاتییەی توشی تای خوێنبەربوون بووە، پیشەی گۆشتفرۆشە و تەمەنی 42 ساڵە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت و تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستیش جەخت دەكاتەوە لەسەر جێبەجێكردنی رێنماییەكان و داوا لە هاووڵاتیان دەكات، لەكاتی بوونی نیشانەكانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەكانی ڤێتێرنەری ئاگادار بكەنەوە.
هەروەها بەركەوتووانی بەخێوكردنی ئاژەڵ، لەكاتی بوونی هەر نیشانەیەكی ناتەندروست، سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن.