شارەوانی سلێمانی بۆ کاندیدو لایەنەکان: پۆستەر و فلێکسە دڕاوەکانتان چاک بکەنەوە
بڵند
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
شارەوانی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، دوای ئەوەی لە شەوی رابردووەوە بایەکی بەهێز شاری سلێمانی گرتەوە، بەشێک لە پۆستەر و لافیتەی داندراوی کاندیدەکان لەسەر شۆستە و شەقامەکان بڵاوبوونەتەوە و بونەتە هۆی مەترسی بۆ هاوڵاتییان و دروستبونی ئاستەنگی هاتوچۆ، داواش دەکات لاببرێن یاخود چاکبکرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، شارەوانی سلێمانی لە ئاگادارینامەیەکدا، داوا لە کاندید و لایەنەکان دەکات کە پۆستەر و فلێکسیان داناوە لەسەر شەقامەکان داناوە بەمەبەستی بانگەشە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئێستادا بەهۆی رەشەباوە شێواون یاخود لە شوێنی خۆیان نەماون، هەستن بە چاککردنەوەیان، لەبەر ئەوەی ئەوە کاری تیمەکانی شارەوانی نییە و بوەتە هۆی ناشرینکردنی سیمای شيقامەکانیش.
شارەوانی سلێمانی هۆشداریشیداوە، بە پێچەوانەوە لە ئەگەری بەدەمەوە نەچوونی ئەم ئاگادارییە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ هەڵدەستێت بە لابردنی سەرجەم ئەو پۆستەر و فلێکسانەی لەسەر شۆستە و شەقامەکان بڵاوبووتەتەوە



