هەواڵەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی حاکم قادر حەمەجانی کرد.
 
لە سەردانەکەدا سەرۆک بافڵ رۆڵی حاکم قادر حەمەجانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و شۆڕشی نوێ بەرزنرخاند کە وەک یەکێک لە تێکۆشەرەکان بەشێکە لە مێژووی زێڕینی یەکێتی و ئاماژەی بەوەدا، "هەمیشە بە شانازییەوە لە پێگە و رۆڵی هەموو سەرکردە و هەڤاڵە دێرینەکانمان دەڕوانین و ئێمەش لەسەر سیاسەت و بەرنامەی سەرۆک مام جەلال درێژە بە خەبات و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان دەدەین".
 
لە سەردانەکەدا سەرۆک بافڵ جەختی لە بەردەوامی هەنگاوەکانی رێکخستنەوە و نوێبوونەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی کردەوە و رایگەیاند، خەباتی ئەمڕۆمان دەگوجێنین لەگەڵ قۆناغی نوێی سیاسی و سەردەمەکەدا.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین داوای لە بزوتنەوەی حەماس کرد بارمتەکان رادەست بکاتەوە و کۆتایی بە پاساوەکانی ئیسرائیل بهێنێت لە کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی غەززە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی کردنەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی فەڵەستینی لە ڕامەڵلا، سەرۆکی فەڵەستین هێرشێکی توندی کردە سەر بزووتنەوەی حەماس و داوای لێکردن بارمتەکان ئازاد بکەن.

مەحمود عەباس لە وتارەکەیدا وتی: "چیتر بەسە، ئەو بارمتانە رادەست بکەنەوە و لەو کێشەیە رزگارمان بکەن."

چەند زانیارییەک لەسەر ململانێکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل:

ململانێی نێوان دەسەڵاتی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس و بزوتنەوەی حەماس کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززەی لە دەستدایە، چەندین ساڵە بەردەوامە. دوای روداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە زیاتر گرژی تێدا دروست بووە.

حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستین کە ناوەندەکەی لە رامەڵلایە، جیاوازی بۆچوونی بنەڕەتییان هەیە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل. مەحمود عەباس هەمیشە هەوڵی داوە رێگای دیپلۆماسی و دانوستان بگرێتە بەر، لە کاتێکدا حەماس زیاتر بەرگری چەکداری پەیڕەو دەکات.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، چەندین جار گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکان ئەنجام دراوە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی تەواو بۆ ئاگربەست نەگەیشتووەتە ئەنجام.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وردەکاری نوێی سەبارەت بە دانوستانەکانی داهاتووی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ کە لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوە دەچێت.

لە هەواڵەکەی ئاژانسیی تەسنیمدا هاتووە؛ گفتوگۆکان بەسەر پەرشتی عەباس عراقچی و ویتکۆڤ دەبێت و زانراویشە، لە هەمانکاتدا بەڕێوە ناچێت و یەکێک لە وڵاتان لە عومان ئامادە نابێت و دواتر نێوەندگیرەکان زانیارییەکان دەگەیەنن بە ئاستی باڵا.

ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێک پێش ئێستا گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران ئەمریکا لە رۆما کۆتایی هات و هەردوولا بە "ئەرێنی" ناویانبرد.

چەند زانیارییەک لەسەر دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا - گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ:

دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەوتە قۆناغێکی نوێوە. دانوستانەکانی ناوەکی ئێران و ئەمریکا کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی پێشووی ترەمپدا هەڵوەشێنرابوونەوە، ئێستا لە ژێر کاریگەری قەیرانی هەرێمی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکردووەتەوە.

لە دوو مانگی سەرەتای 2025دا، نێوانگیریی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عومان و عیراق، دەروازەیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان کردووەتەوە. لە مانگی شوباتدا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران سەردانی عومان و قەتەری کرد و لە دوای ئەوەش چەند وڵاتێکی دیکە هەوڵیان دا بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستەکانی هەردوولا.

لە پاش چەند جار دانیشتنی ناراستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری وەزارەتی دەرەوەی عومان، وابڕیارە گەڕی سێیەمی دانوستانەکان شەممە، لە عومان بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال رایدەگەیەنێت، ئەو گوڕوتین و ئیرادە و متمانە بەخۆبوونە بەهێزەی ئەمڕۆ لە دووەمین دیداری یەکێتی بینرا، مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەترە.

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لەبارەی بەڕێوەچوونی دووهەمین دیداری یەکێتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، ئیتر ئەوە دروشم نییە کە دەڵێن یەکێتی حزبی کادرانە، چونکە بە کردار کادران بەشداری چالاکانەیان هەیە لە دانانی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کاتێک یەکێتی پشتی بە کادرەکانی بەستبێت بەرەو لوتکە هەڵکشاوە، دڵنیاین لەم قۆناغە نوێیەشدا یەکێتی پشبەستوو بە کادرە ژیر و پێگەیشتووەکانی ساڵ لە دوای ساڵ و کۆنگرە لە دوای کۆنگرە و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن و دیدار لە دوای دیدار تۆکمەتر و بەهێزتر و گەورەتر دەبێت".

قوباد تاڵەبانی وتیشی، "بەڵێ، ئەو گوڕوتین و ئیرادە و متمانە بەخۆبوونە بەهێزەی ئەمڕۆ لە دووەمین دیداری یەکێتی بینرا، مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەترە.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ دووەمین دیداری گشتی یەكێتی بە ئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 4ـی 2025، ئامادەی دیداری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە شاری سلێمانی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی بەشدارییان تێیدا کردبوو. 

لەمیانەی مەراسیمی کردنەوەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ یەکێتی خواست و ئاماژەی به ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری سەرۆکی کۆچکردوو مام جه لال کرد له بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا دژ بە رژێمی دیکتاتۆری و ئەو تێکۆشانەی کە بووه هۆی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی له عیراقدا.

سەرۆک کۆمار تەئکیدیکردەوە لەسەر گرنگی نوێبوونەوە و پەرەپێدانی وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی سەردەم لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق بەگشتی کە ئەمەش کارەکانی یەکێتی بەهێزتر دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە لەبەردەمیدایە بۆ خزمەتکردنی باشتر بەکوردستان و سەرجەم هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری ناوخۆی ئوردن رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی قەدەغي کرد و رایگەیاند، لەمڕۆوە رێکخراوێکی نایاسایی و هەڵوەشاوەیە.

وەزیری ناوخۆی ئوردن راشیگەیاند، "پەیوەست بوون بە ئیخوان موسلیمینەوە بەپێی یاسا قەدەغەیە و لیژنەیەکمان بۆ هەڵوەشاندنەوە و دەستبەسەرداگرتنی سامانی رێکخراوەکە راسپاردووە".

نوێ دەکرێتەوە..

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلە بە پێوەری رێختەر، ئیستانبوڵی هەژاند.

دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا "ئافاد" رایگەیاند، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلە بە پێوەری رێختەر ئیستانبوڵی هەژاندووە، کە چەقی بومەلەرزەکە دورگەی مارمارا دەنیزی بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بومەلەرزەکە بە دیاریکراوی لە سەعات 12: 49 خولەکدا، بە قوڵی 6.92 کیلۆمەتر لە ئیستانبوڵ رویداوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستیی سلێمانی رایەیاند، لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی یاریگای نەورۆزدا 62 کەس بریندار بوون، کە 27 بریندار بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و یەکێکیان نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردوولا دروست بوو، 62 کەس بریندار بوون، کە هەر لە یاریگاکەدا چارەسەری خێرا بۆ 25 کەس کرا و 27 برینداریش بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 10 لە بریندارەکانی دیکە لەلایەن کەسوکارییانەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ کراوە.

تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە روو، جگە لە یەک بریندار لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، کە ئەو بریندارەی لە نەخۆشخانەیە نەشتەرگەریی بۆ کراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆزینەوەی چەند شوێنەوارێکی نوێ لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، مێژوویەکی نوێ بۆ مێژووی کشتوکاڵ لە ناوچە کوردییەکان دەنووسێتەوە، کە ئەو شوێنەوارانە دەری دەخەن، زیاتر لە 11 هەزار ساڵە کشتوکاڵ لەو ناوچەیەدا کراوە.

لە تەپۆلكەی چۆغاگۆلان لە ناوچەی گۆلان سەر بە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام شوێنەواریی مێژویی دۆزراوەتەوە كە دەیسەلمێنێت ژیانی كشتوكاڵی و نیشتەجێبوون لەو ناوچەیە تەمەنی بۆ زیاتر لە 11 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.

حوججەت دارابی سەرپەرشتیاری تیمی شوێنەوارناسان رایگەیاندووە، دوای 45 رۆژ كنە و پشكنین لە تەپۆڵكەی چۆغاگۆلان چەند شەوێنەوارێكیان دۆزیوەتەوە كە دەریدەخەن مرۆڤەكانی ئەو ناوچەیە هەر زوو دەستیان بە چاندنی دانەوێڵە كردووە و دەستبەرداری ژیانی كۆچەریی بوون و شوێنی نیشتەجێبوونیان دروست كردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپاڵ ئەوەشدا بەپێی شوێنەوارەکە، گەچ بەکارهێنراوە و کەرستەی بینازاسی دۆزراوەتەوە، لەو بارەیەوە دارابی ئەوەی خستووەتە روو، هەوڵ دەدەن ئەو دۆزینەوە نوێیە لە ئاستی جیهانیدا تۆمار بکەن.

 

مێژووی زیاتر لە 11 هەزارەی کشتوکاڵ لە خاکی کوردستان و خەرابڕەشک - گرێ ناڤۆکێ "گۆبەکلیتەپە"

دۆزینەوەی کشتوکاڵ و تەمەنی زیاتر لە 11 هەزار ساڵەی لە خاکی کوردستاندا نوێ نییە، لە شوێنەواری مێژوویی گرێ ناڤۆکێی باکوری کوردستان کە ناوە تورکییەکەی "گۆبەکلیتەپە"یە، چەندین ئاماژەی کشتوکاڵکردن و کاری هەرەوەزی لەلایەن مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەوە دۆزراونەتەوە.

 

خاڵی سفری ژیان یان دەستپێکی مێژوو

خەرابڕەشک - گرێ ناڤۆکێ و بە تورکی گۆبەکلیتەپە، ئەو شوێنەوارەیە کە دەکەوێتە دامێنی زنجیرەچیای تۆرۆس لە شاری رحای باکووری کوردستان "ئورفا"، خەرابڕەشک مێژوویەکی 12 هەزار ساڵەی هەیە، بۆیە پێی دەوترێت "خاڵی دەستپێکی مێژوو"، بە رەحاش دەوترێت "خاڵی سفری ژیان".

ئەگەرچی خەرابڕەشک لە ساڵی 1963دا دۆزراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 1994دا دەست کراوەبە توێژینەوە و هەڵکۆڵین تیایدا، کە تەنها لەو 31 ساڵەدا، توانراوە چەندین شوێنەواری گرنگی لێ بدۆزرێتەوە کە سەرجەمیان بە کۆنترین لە مێژوودا ناودەبرێن، گرنگترینیشیان، بوونی ساڵنامە و کشتوکاڵ و پەرتسگا و سیمبولی چەندین زیندەوەر بووە.

یونسکۆ لە ساڵی 2018دا خەرابڕەشکی وەک میراتی جیهانی تۆمار کرد و ئاماژەی بەوەکرد، یەکێکە لە کۆنترین مۆنۆمێنتی هونەریی تەلارسازی لە جیهاندا.

لەبارەی گۆبەکلیتەپەوە پ. د. نەجمی کاروڵ سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی گۆبەکلیتەپە رایگەیاندووە، ماوەی جەندین ساڵە لێکۆڵینەوە لەم شوێنە مێژووییەدا بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە چەند بەشێکی شوێنەکە، پێویستە کارکردن و هەڵکۆڵینەکان بە وردی ئەنجام بدرێن، بۆیە رەنگە هەڵکۆڵینی بەشێکی شوێنەکانی زیاتر لە 100 ساڵ بخایەنێت.

دوو ساڵ بەر لە ئێستاش نووسینگەی راگەیاندنی زانکۆی ئیدینبرەی بەریتانی رایگەیاند، لە دۆزینەوەیەکی نوێدا لە شوێنەواری مێژوویی گۆبەکلیتەپەی باکوری کوردستان، ساڵنامەیەکیان دۆزیوەتەوە، کە دەتوانن بە کۆنترین ساڵنامەی مێژوو ناوی ببەن، کە تیایدا ساڵێک بە 365 رۆژ و 12 مانگ و 11 رۆژی زیادە دانراوە. لەوبارەیەشەوە مارتن سویتمانی توێژەری بەریتانی ئەوەی خستووەتە روو، لە دزۆینەوەکەدا ئەوەیان بینیوە سێ کۆمەڵە ستوون هەن، کە لە هەر کۆمەڵەیەکدا چەند ستوونێک لەشێوەی سیستمی خۆر، بە شێوەی بازنەیی بە دەوری دوو ستوونی دیکەدا دروستکراون، کە لەسەر ستوونەکانی کۆمەڵەکان هێما و سمبولی دیاریکردنی رۆژ و وەرز دەبینرێت.

Excavations at Göbekli Tepe continue to yield findings - The Jerusalem Post

لە گرنگترین ئەو هێمایانەی لە خەرابڕەشک هەن، کاری هەرەوەزی و کشتوکاڵ و هێمای تەلارسازی و وێنەی چەندین باڵندە و ئاژەڵ و پەلەوەر و خشکۆن، لە دیارترینی زیندەوەرەکانیش کۆمەڵەی شیردەرەکان و "کەو"ـە.

جگە لەوەش تۆمارکردنی رووداوی مێژوویی وەک بەرکەوتنی نەیزەک بە زەوی و گۆڕانی رەوتی ژیان لەو شوێنەوارەدا هەیە، کە لە ساڵی 2017دا توێژەران بڵاویانکردەوە، هێماکان روداوی فەلەکناسین وەک ئەوەی ئاماژە بەوە بدەن 13 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا نەیزەک بەر زەوی کەوتووە و رەوتی ژیان گۆڕاوە.

 

خاکی ئەدەن

هەندێک سەرچاوەکان گریمانەیەک باس دەکەن و بە خاکی ئەدەن ناوی دەبەن، واتە خاکی ئادەم و حەوا، بەشێکیشیان بە خاکی پێگەمبەران ناوی دەبەن، چونکە کۆنترین پەرستگای لێ دۆزراوەتەوە، کە ئەمەیان گریمانە نییە و بەڵگەییە.

Of animals and a headless man. Göbekli Tepe, Pillar 43 – Tepe Telegrams

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، کەسێکی دیکە بەهۆی پەتای تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدا.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، لە پارێزگای موسەنا کەسێکی دیکە دوای توشبوونی بە پەتای تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، هەروەها بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی توشبووانی تای خوێنبەربوون لە عیراقدا گەیشتووەتە 22 کەس.

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 22 کەس توشی پەتای تای خوێنبەربوون بوون و سێ کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەی توشبووەکان لە پارێزگای زیقارن.

تای خوێنبەربوون؛  ئێستا یەخەی چەند شارێکی عیراقی گرتووە، پەتایەکی ڤایرۆسیی درمە، بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و لەنێوان مرۆڤەکانیشدا گوازراوەیە.

ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاری بکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت، باشترین رێگای خۆپارێزیش پاکوخاوێنییە.

رێژەی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لەنێوان 15٪ بۆ 30٪دایە و پێکوتەی دیاریکراوی نییە، نیشانەکانی لەرێگای پێدانی دەرمانەوە کەمدەکرێنەوە.

هۆکاری سەرەکی توشبوون، بەرکەوتنە بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکە یان سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبوو. لەنێوان مرۆڤیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوون و بەکارهێنانی سرنج و دەرزی کەسانی توشبوو، هەروەها پەیوەندی جەستەیی و بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسی توشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.

نیشانە سەرەکییەکانی، دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە، ئازاری جومگە، سکچون، تا، هیلاکی و لاوازین، نیشانە توندەکانیشی مەترسیان لەسەر ژیان هەیە بریتین لە، بێهۆشبوون، ناڕێکی لە ئیشوکاری کۆئەندامی دەمار، پەککەوتنی جگەر، گورچیلە یان سییەکان، هەروەها خوێنبەربوونی ژێر پێست.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە سبەینێ، وەفدێكی دەم پارتی لەگەڵ وەزارەتی دادی توركیا لە ئەنكەرە كۆببێتەوە.

پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" ڕایگەیاند، وەزارەتی دادی توركیا ڕەزامەندی لەسەر داواكارییەكەیان داوە و ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ یەڵماز تونچ وەزیری دادی توركیا كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن. 

بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، وەفدەكەی دەم پارتی لە گوڵستان كلچ كوچیكت و سزای تەمەلی و ئوزتورك توركدوغان وتەبێژی لیژنەی یاسا و مافی مرۆڤ پێكدێت. 

بڕیاربوو ئەو كۆبوونەوەیە ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ڕەوشی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەرەوە دواخرا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەشی بڵاوكراونەتەوە، وەفدەكەی دەم پارتی داوای دەركردنی یاسایەك دەكات بۆ زیندانییە سیاسییە نەخۆشەكان، كە زیندانی هەیە زیاتر لە 30 ساڵە لە زینداندایە، هەروەها یاسایەك بۆ مافی هیوا بۆ ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، دووەمین دیداری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەستپێدەكات.

دووەمین دیداری گشتی یەكێتیی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی بەڕ‌ێوەدەچێت.

پێشتریش لە 15ی شوباتی رابردوو كۆنفرانسی مەڵبەند و ئۆرگانەكانی یەكێتی بە مەبەستی ئەنجامدانی دووەمین دیدار دەستی بەكارەكانی كرد.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی پەیڕ‌‌ەوی ناوخۆی پەسندكراوی كۆنگرەی پێنجەم، دیداری یەكێتی چالاكییەكی رەسمی دەورییە و بەشێكە لە وێستگەكانی خەبات، یەكەمین دیداری گشتیش لە 28ی5ی2022 لە سلێمانی بەئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێت دەستیپێكرد و رۆژی 31ی5ی2022 كۆتایی هات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆ ئەنجومەنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکەی یاریگەی نەورۆز پێکدەهێنێت، داواش لە هاندەرانی هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ دەکات بە رۆحی وەرزشی مامەڵە بکەن.

وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، ئەمشەو، لە یارییەکی گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عیراق کە لە یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی  لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچوو، بەداخەوە گرژی دروست بوو لە نیوان هاندەرانی هەردوو یانەکە و بووە هۆی وەستاندنی یارییەکە و بە سووکی برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی نەخوازراو کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران.

وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکرا و بەیانی سەردانی شوێنی روداوەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی ڕاستییەکان.

وەزارەتی ناوخۆ داواش لە هاندەرانی هەردوو یانە و هاووڵاتیان دەکات کە بە گیانی وەرزشی مامەڵە بکەن و کەناڵەکانی میدیاش هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی گیانی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ فەرامەرز ئەسەدی کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گفتوگۆ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختیکردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ئێران و بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا.

هاوڕاشبوون لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ کارئاسانیکردنی زیاتر بۆ بازرگانانی هەردوولا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
کەمێک پێش ئێستا لە ناوچەیەکی گەشتیاری لە هندستان، کەسێک تەقەی لە گەشتیاران کردووە و تا ئێستا 26 کەس کوژراون، پۆلیسی هندستانیش دەڵێت، "ژمارەی کوژراوەکان لە زیادبوندایە".
 
نوێدەکرێتەوە...
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گروپی ئیسلامی لوبنان كە هاوپەیمانی حزبوڵا و حەماسی فەلەستینیە، كوژرانی سەركردەیەكی باڵای لەلایەن ئیسرائیلەوە راگەیاند.

ئەمڕۆ گروپی ئیسلامی لوبنان رایگەیاند، سەركردەیەكی لە باڵی سەربازی فەجر لە هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلدا كوژراوە.

گروپی ئیسلامی لوبنان لقێكی ئیخوان موسلمینە و ساڵی 1964 دروستبووە، ساڵی 1982 بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشكركێشی ئیسرائیل، باڵی سەربازی فەجری دروستكرد.

دوای ئاگربەست لە لوبنان لە كۆتایی ساڵی رابردوو، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانكردنی سەركردەو پێگەكانی حزبوڵا، گروپی ئیسلامی لوبنان، هاوشانی حزبوڵا، چەندین جار هێرشی موشەكی بۆ پاڵپشتی حەماس لە دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...3536373839...751