ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە قەیرانی سوتەمەنی و بەرزی نرخەکەی گەشتوەتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە ئەمریکا و یەکەم کۆمپانیا مایەپوچبونی خۆی راگەیاند و دوای 34 ساڵ کارەکانی راگرت.

کۆمپانیای فڕۆکەوانی سپیریت، کە بە گەشتە هەرزانەکانی و فڕۆکە زەردە ناودارەکانی دەناسرایەوە دوای 34 ساڵ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە بە تەواوی کارەکانی راگرت و هەموو گەشتەکانی هەڵوەشاندەوە.

کۆمپانیاکە دەڵێت؛ ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین لە 34 ساڵی رابردودا، بە هەرزانترین نرخ گەشتەکانمان ئەنجامداوە و  هیوامان خواستبوو بۆ چەندین ساڵی داهاتوو خزمەت بە گەشتیارەکان بکەین، بەڵام بەرزونەوەی نرخی سوتەمەنی بێ هیوای کردین.

ئەم بڕیارە لەناکاوەی کۆمپانیاکە  بووەتە هۆی بێکاربونی نزیکەی 17 هەزار کارمەند و سەرگەردانبوونی هەزاران گەشتیار لە فڕۆکەخانەکاندا.

لەبەرانبەردا، وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە سندوقێکی قەرەبوو بۆ ئەو گەشتیارانە دابینکراوە کە راستەوخۆ تکتیان بڕیوە، هاوکات چەند کۆمپانیایەکی تری فڕۆکەوانی وەک یونایتد و دێڵتا ئۆفەری تایبەتیان بۆ گواستنەوەی گەشتیارە جێماوەکانی سپیریت راگەیاندوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو مانگە گەروی هورمز داخراوە و بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی لەسەرتاسەری جیهان و ئەمریکاش یەکێکە لەو وڵاتانەی جەنگەکە کاریگەری تەواوی لەسەر دروست کردوە و سەرەڕای هەوڵەکان تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بەرێککەوتن نابینرێت .